رۆژنامەی ھەولێر

داوا دەكرێت دەمیرتاش ئازاد بكرێت

كارزان گلی – هە‌ولێر

 

كۆمیتەی وەزیرانی كۆنسەی ئەورووپا، هۆشداری دەداتە توركیا، كە دەستبەجێ سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە ئازاد بكەن. ئەمەش لە كاتێكدایە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە، سێ جار داوای لە توركیا كردووە ئەو دوو كەسایەتییە ئازاد بكات و توركیا رەتیكردووەتەوە.

لە ١٥_١٦ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، كۆمیتەی وەزیرانی كۆنسەی ئەورووپا كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و چەند بڕیارێكی دەركرد، یەكێك لە بڕیارەكان پەیوەندی بە بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بوو، كە پێویستە لەسەر هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەو دادگایە رێز لە بڕیارەكانی ئەو دادگایە بگرن و ناوی توركیایان هێناوە، كە پێشێلی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپای كردووە و تاوەكوو ئێستا هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە، دەمیرتاش و یۆكسەكداغیان ئازاد نەكردووە.
كۆنسەی ئەورووپا، باس لە مادەی ٤٦ی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەكات، كە ئەو مادەیە هەموو وڵاتانی ئەندامی ناچار كردووە رێز لە بڕیارەكان بگرن و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا چی بریارێك بدات، تەنانەت ئەگەر دژی بڕیارەكانی دادگای توركیاش بێت، دەبێت جێبەجێی بكات، بۆیە هۆشداری دەدەنە توركیا، دەستبەجێ دەمیرتاش و یوكسەكداغ ئازاد بكەن.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێ جار داوای لە توركیا كردووە دەمیرتاش و یوكسەكداغ ئازاد بكات، بەڵام وەزیری دادی توركیا گوتویەتی ئێمە دادگای خۆمانمان هەیە و كەس بۆی نییە دەستوەردان لە دادگای توركیا بكات.
دەمیرتاش و یوكسەكداغ، لە ٦ی١١ی٢٠١٦، بەتۆمەتی ئەوەی ویستویانە توركیا دابەش بكەن و ئاژاوە لە توركیا بنێنەوە دەستگیر كران و بەزیاتر لە ٤٣ ساڵ سزای زیندانیان بۆ بڕایەوە.
زۆربەی چاودێریانی سیاسی و یاسایی لە توركیا و دەرەوەی توركیا، دەڵێن دۆسییەی دەمیرتاش و یوكسەكداغ، سیاسییە و یاسایی نییە، هەروەها دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش بەهەمان شێوە دەڵێت دۆسیەی ئەو دوو كەسایەتییە سیاسییە و یاسایی نییە.