ڕائیب جادر – هەولێر
تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەم دەرفەتی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبادا ماوە، زۆرینەی ھاوبەشان لە دھۆک ھەوڵ دەدەن قەرزە کۆنەکانیان لە کۆڵ بکەنەوە. بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، دەڵێت، لە کۆی ٣٧٥ ھەزار ھاوبەشی کارەبا لە سنوورەکە تا ئێستا ٢٨٥ ھاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان گەڕاندووەتەوە و لەم ھەڵمەتە سوودمەندبوونە. دەشڵێ: داشکاندنی قەرزە کۆنەکان تا ١٠ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دوای ئەو وادەیە درێژ ناکرێتەوە، بۆیە پێویستە ھاوبەشان بە زووترین کات کارتی ئەلیکترۆنی بۆ دانەوەی قەرزەکانیان بەکاربێنن.
حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەم دەرفەتی لێخۆشبوونەکەدا ماوە و بڕیاری داشکاندنی قەرزە کۆنەکان تاوەکو ١٠ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دوای ئەو بەروارە ماوەکەی درێژ ناکرێتەوە، ھەربۆیە داوا لە ھاوبەشان دەکەم کە تاوەکو ئێستا قەرزەکانیان پاکتاو نەکردووە، بە خێرایی لەم دەرفەتە سوودمەند بن.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: لە کۆی ٣٧٥ ھەزار ھاوبەشی کارەبا لە سنوورەکە تا ئێستا ٢٨٥ ھاوبەش قەرزی کۆنی کارەبایان گەڕاندووەتەوە و لەم ھەڵمەتە سوودمەند بوونە، ئەمەش دەکاتە نزیکەی ٧٥%ی کۆی گشتیی ھاوبەشانی کارەبا لە سنووری پارێزگاکەدا.
حازم محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای پارێزگای دھۆک، ئاماژەی بەوەشکرد، بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ھاووڵاتییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر فەرمانگەکان، ھاوبەشان دەتوانن لە ڕێگەی بەکارھێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ڕاستەوخۆ قەرزەکانیان بدەنەوە بەبێ ئەوەی پێویست بکات لە نۆرەدا بوەستن.

