رۆژنامەی ھەولێر

کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەشێکی گرنگی زانستی دەکاتەوە

کردنەوەی بەشە نوێیەکان لە کۆلێژە تەکنیکییەکان و زانکۆکان گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی کار، بەھێزکردنی لایەنی کرداری و پراکتیکی قوتابییان و ئاراستەکردنی دەرچووان بەرەو داھاتوویەکی مسۆگەرتر، لە پێشوازی ساڵی نوێی خوێندن، کۆلێژی تەکنیکی سۆران بەشێکی نوێ زانستی بەناوی تیشک دەکاتەوە.

د.سیروان لەتیف، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: زۆر سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەم سەرەڕای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام بەردەوام بووە لە ھاوکاری و پاڵپشتیکردنی کەرتی خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی نوێی خوێندن کۆلێژەکەمان بەشێکی نوێی ئەکادیمی بەناوی بەشی تیشک دەکاتەوە، بەم ھەنگاوە ژمارەی بەشە زانستییەکان لە کۆلێژەکەمان دەبنە ھەشت بەشی زانستی، ئامانجی ئێمەش لێرەدا تەنیا زیادکردنی بەشە زانستییەکان نییە، بەڵکو دەمانەوێت لەڕێگەی ئەو بەشەوە ئەو کەلێنەی کە لە بازاڕی کاردا ھەیە لە کەرتی تەندروستی لە ئیدارەی سۆران پڕ بکەینەوە.
دەربارەی شێوازی خوێندن لەو بەشە، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، گوتیشی: خوێندن بۆ ماوەی دووساڵە و دەرچووان دەبنە خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم، یەکەمەکانی سەر بەشەکە دەتوانن درێژە بە خوێندنی خۆیان لە کۆلێژی پزیکشی ھەولێر بدەن، بۆ بەدەستھێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس.
د.سیروان لەتیف، ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، دەشڵێ: بەشەکە توانای وەرگرتنی ٥٠ قوتابی ھەیە و ئامادەکاری پێویست کراوە لەڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و مامۆستای پسپۆڕ بۆ ئەم بەشە، دەرفەتی خوێندن لەو بەشە بەیانیان و ئێواران دەبێت.
ڕاگری کۆلێژی تەکنیکی سۆران، ئەوەشی گوت، ساڵی ڕابردوو وەکو پێویستییەکی ناوچەکە توانیومان بەشی ڕاگەیاندن و بازاڕگەری بکەینەوە، بۆ ئەمساڵیش بڕیارمان داوە ٦ کورسی تایبەت تەرخان بکەین بۆ ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکاران بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەی زانستی و ئەکادیمی پەڕە بە تواناکانی خۆیان بدەن.
لەلایەکی دیکەوە د.کامەران مەلائەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، کردنەوەی بەشی تیشک پێویستییەکی ناوچەکەیە، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەو ڕووەوە کێشەیەکی زۆرمان ھەیە، لە ئێستادا ئەگەر حکوومەتی ھەرێم دەرگای دامەزراندن بکاتەوە، دەرچوومان لەو بەشانە نییە کە بتوانن کاریان پێ بکەین، لە نەخۆشخانەکان لە بەشی تیشک کار بە بەشی فیزیاییەکان دەکەین، ڕاستە دەتوانین کاریان پێ بکەین، بەڵام پسپۆری تیشک یەکێکە لە پسپۆرییە ھەرە گرنگەکان لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان، ھیوادارین لە کردنەوەی بەشەکانی دیکە کە لە بەشە تەندروستییەکانن زیاتر ھەماھەنگی بکرێت بەپێی پێویستییەکانی نەخۆشخانە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە قوتابی وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بتوانین ھەم دەرفەتی کاریان بۆ برەخسێنین، ھەمیش ئەوەی حکوومەت پێویستی پێیەتی دەرفەتی خوێندنیان پێ بدرێت.