رۆژنامەی ھەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ناوەندی شوشتنی گورچیلە لە قامشلۆ دابین کرد

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە قامشلۆ، بە مەبەستی پشتگیریکردن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان 46 کارتۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ ناوەندی شوشتنی گورچیلە دابین کرد.

دوێنێ، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڵاوی کردەوە، نووسینگەی دەزگاکەیان لە قامشلۆ، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە کەرتی تەندروستی و یارمەتیدانی نەخۆشان، 46 کارتۆن دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی بۆ ناوەندی “عەلایەی پزیشکی بۆ شوشتنی گورچیلە” لە قامشلۆ دابین کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم هاوکارییە بە مەبەستی پشتگیریکردن لە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و یارمەتیدانی ناوەندەکە بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەو نەخۆشانە ئەنجام درا کە پێویستیان بە شوشتنی گورچیلە هەیە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی کردەوە کە بەردەوامە لە پشتیوانیکردن لە کەرتی تەندروستی و دابینکردنی یارمەتی و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ ناوەند و دامەزراوە تەندروستییەکان، بە مەبەستی بەهێزکردنی خزمەتگوزارییە مرۆیی و تەندروستییەکان و خزمەتکردنی کەسانی نیازمەند.