رۆژنامەی ھەولێر

تایبەتترین و باشترین بەرهەمی هەنجیر لە ئاکرێ یە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەنجیری ئاکرێ تام و بۆن و شێوەی لەگەڵ ھەنجیری شوێنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، ھەر ئەمەش وای کردووە دانیشتووانی عێراق و گەشتیارانی بیانی ھەنجیری ئاکرێ لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە، ئەمساڵ خواستی کڕیاران و گەشتیاران لەسەر ھەنجیری ئاکرێ زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە بازاڕی فرۆشتنی ئەم بەرھەمە خۆماڵییە گەرمتر بێت.

ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە ڕەش، تەفسک زەرد و ڕەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، ناوی ئەوجۆرە ھەنجیرانەن کە ساڵانە ڕەوانەی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێن، بۆ بە بازاڕکردن و پاراستنی بەرھەمی جووتیاران وەزارەتی کشتوکاڵ بەیەکجاری ھاوردەکرنی ھەنجیر و بەرھەمەکانی دیکە بۆ کاتێکی نادیار قەدەخە دەکات، ئامانجیش لە بڕیاری قەدەخەی ھاوردەی ھەنجیر و بەرھەمەکانی دیکە بۆ بە بازاڕکردن و گەشەپێدانی بەرھەمی ناوخۆییە تاوەکو ئاستی خۆبژێوی.
ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت و لە خێزانی تووەکانە، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لەڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی پێ نەگات ناخورێت، خوای گەورە سوورەتێکی بە ناوی ھەنجیر دابەزاندووە، سوێند خواردنی خوای گەورە بەم میوەیە، گرنگیدانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە و لەبارەی بەشێک لە سوودەکانی ھەنجیریش، کانزای مەگنسیۆم و کالیسیۆم و چەندین کانزای دیکەی تێدایە، ئەگەر ھەنجیرێک بخەیتە ناو ئاو و بەیانییەکەی ئاوەکەی بخۆیتەوە کاریگەری باشی بۆ نەخۆشی شەکرە و چەندین نەخۆشی دیکە ھەیە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاندنی ئاکرێ، لە سنووری قەزاکەدا ٢٧٠ ھەزار بنەداری ھەنجیر ھەن، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرھەمەکەیان بگاتە سەرووی شەش ھەزار تۆن، نرخی ھەر کیلۆیەک ھەنجیریش لە بازاڕەکاندا لە نێوان سێ ھەزار بۆ حەوت ھەزار دینارە.
ھەنجیری ئاکرێ بە ڕەنگ و قەبارە و تامە خۆشەکەی، سەرنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بووەتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ھەر گەشتیارێک کە سەردانی ئاکرێ دەکات، حەز بکات بێتە ناو بازاڕی شارەکە و لە نزیکەوە تامی ھەنجیری ئاکرێ بکات و لەگەڵ خۆی بباتەوە.
ئەحمەد ئیسماعیل، خاوەن باخی ھەنجیرە، سەبەتەیەکی لە دار دروستکراو و گۆچانێکی داری بۆ لێکردنەوەی ھەنجیر بە دەستەوەیە و لە ھەر دارێک چەند ھەنجیرێک دەخاتە ناو سەبەتەکەوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەنجیری زۆربەی باخەکانی ئاکرێ لە جۆری شاکرین ئەگەر باش خزمەت بکرێن لە دۆنمێک ٤ تاوەکو ٦ تۆن بەرھەم دەدەن، ھەنجیر لە سەرەتای مانگی ئاب پێ دەگات و تا مانگی تشرینی یەکەم وەرزی پێگەیشتنی ھەنجیرە و بە درێژایی ئەم ماوەیە خەریکی لێکردنەوەی ھەنجیر دەبین، ھەموو ڕۆژ کاتژمێر پێنجی بەیانی ھەنجیرەکان دەڕنین و ڕووبەری باخەکەش سێ دۆنمە و چەندین دار ھەنجیری لەناودایە و دارەکانیش لە چەندین جۆری ھەنجیر پێکدێن و لەبارەی جۆرەکانی ھەنجیریشەوە دەڵێت، ھەنجیر چەند جۆرێکی ھەیە لەوانە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە ڕەش، تەفسک زەرد و ڕەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ و چەند جۆرێکی دیکە، ھەنجیر لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بەڵام باوترین جۆریان ئەحیا بەگە کە تام و بۆنێکی تایبەتی ھەیە، ھەروەھا پەلکی ھەنجیرەکە تەنکترە.
ھەنجیر بۆ دروستکردنی موڕەبا و سەوک و لەتکە ھەنجیر سوودی لێ وەردەگیرێت و لەبارەی کڕیارەکانی ھەنجیری باخەکەی، ئەو باخەوانە، زیاتر دەڵێ: ساڵانە چەندین کەس دێن ھەنجیرەکەمان لێ دەکڕن و دەینێرن بۆ ھەولێر، دھۆک، بەغدا و ئەورووپا، تەنانەت بۆ ئەمریکاش دەچێت.
چاندنی ھەنجیر پێویستی بە خاکێکی تێکەڵ و کەشوھەوایەکی مامناوەند ھەیە، ئەم کەشوھەوایە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا ھەیە، بەڵام ھەنجیری ھەندێ ناوچە بەھۆی جیاوازی کەشوھەوا و خاکەکەی، تامی لە ھەنجیری ناوچەکانی دیکە خۆشترە، ئێستا زیاتر لە ٣٠ جۆری ھەنجیر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەشێکیان بە ناوی تایبەت ناسراون بەشێکی دیکەشیان ناوی ئەو ناوچەی ھەڵگرتووە، کە ھەنجیرەکەی لێ ڕوێندراوە.
ئەمانە بەشێکن لە ھەنجیرە بەناوبانگەکانی کوردستان ھەنجیری شۆشی، ڕیحانی، شینکە، زەردە، میرانی، ئەزمیری، گونجی دۆشاوی، یەحیا بەگ، شاکری، پایزە، ئاکرێ، تەقتەق، بێناتی، بجیل، شەنگال، تەوسکەی کیوی، بەرۆنە، ھەڵشۆ و مەرگە، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ھەنجیری ئاکرێ ناوبانگێکی باشی ھەیە، بەھۆی زیادبوونی ڕووبەری باخەکانیش بەردەوام بەرھەمی ئەم قەزایە لە زیادبوونە.
ڕزگار حوسێن، ئەندازیاری کشتوکاڵی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: کەشوھەوا و خاکی ھەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی دار ھەنجیر، بەرھەمەکەش لە بازاڕ خواستێکی باشی لە سەرە و بەراورد بە میوەکانی دیکەش داری ھەنجیر کەمتر تووشی نەخۆشی دەبێت، لەڕێگەی قەڵەمیشەوە بە ئاسانی زیاد دەکرێت، بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ھەموو ناوچەکانی کوردستان جووتیارێکی زۆر ڕووی لە چاندنی ھەنجیر کردووە، بەم ھۆیەشەوە بەرھەمی ھەنجیر بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بۆیە دەتوانین بڵێین لە ھەنجیر گەیشتووینەتە ئاستی خۆبژێوی و ڕەوانەی دەرەوەش دەکرێت.