دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
د. سامان ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ لە بەشی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین، دکتۆرا لە بواری دەروونناسی و توێژەر لە بواری کاریگەرییەکانی ژینگە لەسەر ڕەفتار و تەندروستیی کۆمەڵایەتی، لە دیمانەیەکی رۆژنامەی “هەولێر”ـدا، تیشکی خستە سەر دەروونناسیی ژینگەیی و کاریگەری لەسەر ڕەفتار و تەندروستیی دەروونی تاکەکان.
دەروونناسیی ژینگەیی چییە و چۆن کاریگەری لەسەر ڕەفتار و تەندروستیی دەروونی تاکەکان دەبێت؟
دەروونناسیی ژینگەیی، زانستێکە لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان مرۆڤ و ژینگە دەکۆڵێتەوە و، تەنها باس لە سروشت ناکات، بەڵکو له ژینگەی دهستكردى وەک (شار، گەڕەک، قوتابخانە و هتد)یش دهكۆڵێتهوه. کاریگەریی ژینگە لەسەر ئێمە لە ڕێگەی هەستەوەرەکانەوە ڕوو دەدات. له ڕەنگەکان، ڕووناکی و، تەنانەت بەرزیی بنمیچی ژوورەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ههست و مەزاج، ئاستی داهێنان و، بڕیاردانی مرۆڤ هەیە. ژینگەیەکی ڕێکخراو و ئارام هۆكارێكه بۆ سەقامگیریی دەروونی، لە بهرامبهردا ژینگەیەکی شێواو دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕەفتار و زیادبوونی گرژی و نائارامی.
تا چەند ژینگەی شارستانی و قەرەباڵغیی شارەکان دەکرێت ببێتە هۆکاری زیادبوونی سترێس و نیگەرانی؟
شارە گەورەکان مرۆڤ تووشی حاڵەتێک دەکەن کە پێی دەوترێت (بارگرانیی هەستەکی)! کاتێک تاک لەناو جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاتووچۆ و بینای بەرزدا دەژیت، مێشکی ناتوانێت هەموو ئەو زانیاری و دەنگە زۆرانە فلتەر بکات. ئەمەش هۆرمۆنی سترێس (کۆرتیزۆڵ) بەرز دەکاتەوە. ههروهها قەرەباڵغی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پانتایی تایبەتی مرۆڤ، ئەمەش ڕێژەی تووڕەیی، كهمی ئارامی و دڵەڕاوکێی درێژخایەن لەناو هاووڵاتیانی شاردا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بۆیه دهبینین زۆر كات تاك پهنا دهبات بۆ شوێنیك كه سهوزایی زۆر بێت بۆ هیوركردنهوه و كهمكردنهوهی فشار لهسهر دهروونی.
بەپێی توێژینەوەکان، شوێنە سەوزەکان و پارکەکان چۆن یارمەتی دەدەن بە کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکان؟
بەپێی (تیۆری چاکبوونەوەی سەرنج) سروشت و شوێنە سەوزەکان پێویستییان بە سەرنجدانی چالاک و ماندووکەرانە نییە، بەڵکو مێشک دەخەنە دۆخێکی حەوانەوە و ئارامی سروشتی. بینینی ڕەنگی سەوز و درەختەکان دەبێتە هۆی دابەزینی لێدانی دڵ و پەستانی خوێن. پارکەکان وەک (سیپەلاکی دەروونی) بۆ ههناسهدان و نوێبوونهوه کار دەکەن؛ تەنها بەسەربردنی ٢٠ خولەک لە شوێنێکی سەوزدا دەتوانێت ئاستی سترێسی دەروونی بە شێوەیەکی زانستی کەم بکاتەوە و وزەی فکری تازه و نوێ بکاتەوە.
کاریگەریی ژینگەی پڕ دەنگەدەنگ لەسەر توانای سەرنجدان، خەو و تەندروستیی دەروونی چییە؟
دەنگەدەنگ و ژاوەژاو (وەک دەنگی ئۆتۆمبێل، مۆلیدە و کارگەکان..) یەکێکە لە مەترسیدارترین (بکوژە بێدەنگەکان)ـەکەی تەندروستیی دەروونی دادهنرێت، كه زیانی ڕاستهوخۆ به تهندروستی دهروونی و جهستهییی مرۆڤ دهگهیهنیت لە ڕووی بایۆلۆژییەوە دەنگی بەرز سیستەمی دەماریی مرۆڤ دەخاتە دۆخی بەرگری یان ڕاکردن ئەمەش دەبێتە هۆی:
– تێکچوونی خەو: خهو پرۆسهیهكی گرنگی خۆ نویكردنهوهی مێشك و جهستهیه دەنگەکان قۆناغەکانی خەوی قووڵ تێک دەدەن و وادهكهن كوالیتی خهو تیك بچێت و مرۆڤ لهكاتی ههڵسانی له بهیانیان ههست به ماندووێتی زۆر بكات یا ههندێك جار به هۆی دهنگی هۆڕنی ئۆتۆمبیل یا سهگەوە ببێته هۆی بهئاگاهاتنهوهی كوتوپڕ و تێكچوونی خهوی سروشتی.
– کەمبوونی سەرنج: مێشكی مرۆڤ توانایهكی دیاریكراوی ههیه بۆ پڕۆسێسكردنی زانیارییهكان كاتێك دهنگی زۆر ههبێت مێشك ناچار دهبێت بهشێك له وزهكهی بهكار بهینێت بۆ پاڵفتەكردنی ئهو دهنگه نهخوازراوانه، منداڵان و گەنجان لە ژینگەی دەنگەدەنگدا توانای فێربوون و سەرنجدانیان لاواز دەبێت. تهنانهت توێژینهوهكان دهریانخستووه ئهو قوتابی و فهرمانبهرانهی له ژینگهی ژاوهژاون ڕێژهی ههڵهكردنیان زیاتره و توانای داهێنانیان كهم دهبێتهوه.
– تەندروستی دەروونی: دروستبوونی خەمۆکی و زوو تووڕەبوون ئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەم پیسداگەڕانەن چونكه مێشك بهردهوام له ههوڵدا دهبێت بۆ فلتهركردنی دهنگهكان و زێتر تووشی ماندووێتی دهبێت ئهمهش هۆكارێكی راستهوخۆیه بۆ كهمبوونهوهی ئارامی.
گۆڕانی کەشوهەوا و قەیرانە ژینگەییەکان چ جۆرە کاریگەرییەکی دەروونییان لەسەر خەڵک دروست کردووە؟
کاریگەرییە دەروونییەکانی قەیرانی کەشوهەوا دەکرێت بەسەر دوو جۆری سەرەکیدا دابەش بکرێن: کاریگەریی (ڕاستهوخۆ( کوتوپڕ و کاریگەریی (ناڕاستەوخۆ( درێژخایەن:
* . كاریگەرییە ڕاستەوخۆکان (پاش کارەساتە سروشتییەکان):
کاتێک خەڵک ڕووبەڕووی کارەساتی کوتوپڕ دەبنەوە وەک لافاو، وشکەساڵی، گەردەلول، یان ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، تووشی شۆکی دەروونی توند دەبن له تێکچوونی دەروونی پاش زەبر بۆ ئەو کەسانەی ماڵ و حاڵ یان ئازیزانیان لەدەستدەدەن لە کارەساتە ژینگەییەکاندا، بۆ ماوەیەکی درێژ تووشی ترس و دڵەڕاوکێی توند دەبن بههۆی مۆنتاژی ڕووداوەکە لە مێشکیاندا، یا ئهوانهی سەرچاوەی بژێوییان لهدهست دهدهن (وەک جوتیارێک کە زەوییەکەی بەهۆی وشکەساڵییەوە لەناو دەچێت) دەبێتە هۆی بێهیوایی و خەمۆکی قووڵ.
*. کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان (ترس لە داهاتوو)
ئەم جۆرە کاریگەرییە پێویستی بەوە نییە تۆ ڕاستەوخۆ قوربانیی کارەساتێک بیت، بەڵکو تەنها بیرکردنەوە لە داهاتووی زەوی مرۆڤ تووش دەکات، كه باوترین جۆری تێکچوونی دەروونی نوێ بریتیه له (دڵەڕاوکێی ژینگەیی). كه بریتییە لە ترسێکی درێژخایەن و بەردەوام لە تیاچوونی ژینگە و داهاتووی مرۆڤایەتی. گەنجان زیاتر تووشی ئەمە دەبن و بەردەوام هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن کە (زەوی بەرەو لەناوچوون دەچیت) و تەنانەت دهگاته ئهو ڕاددهیهی منداڵ نەخەنەوە بەهۆی ئەم ترسەوە. ههروهها زاراوهیهكی تر (سۆلاجالستای دهروونی) واته غەریبیکردن لە نیشتمانی خۆتدا، ئهمهش کاتێک مرۆڤ دەبینێت ئەو ژینگەیەی تێیدا گەورە بووە بەهۆی وشکەساڵی، بڕینەوەی دار، یان پیشەسازییەوە بە تەواوی شێواوە و چیتر وەک پێشتر نییە، تووشی جۆرێک لە خەمباری و نامۆبوون دەبێت لە ناوچەکەی خۆیدا. تهنانهت ههندی كهس هەستی تاوانباریی ژینگەیییان لا دروست دهبێت بهوهی هەست بە شەرمەزاری یان تاوانبار بوون دهكهن بهوهی کە پێی وایە شێوازی ژیانی ئەو (وەک بەکارهێنانی پلاستیک، ئۆتۆمبێل، یان بەفیڕۆدانی ئاو) بەشدارە لە تێکدانی ژینگه، ئەمەش فشارێکی دەروونی بەردەوامی لا دروست دەکات.
دەروونناسیی ژینگەیی چ پێشنیارێک بۆ دیزاینکردنی قوتابخانە و شوێنی کار پێشکەش دەکات بۆ باشترکردنی بەرهەمهێنان؟
دیزاینکردنی ژیرانە دەتوانێت داهێنان و بەرهەمهێنان بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرز بکاتەوە. كه ههندی پێشنیار دهخهمه ڕوو:
1. ڕووناکی سروشتی: پێویستە قهبارهی پەنجەرەکان گەورە بن، چونكه هاتنی ڕووناکی خۆر هۆرمۆنی دڵخۆشی (سێلۆتۆنین) ڕێکدەخات. و كاریگهری ئهرینی زیتری دەبێت بۆ دڵخۆش بوون.
2. تیۆری بیۆفیلیا: هێنانی سروشت بۆ ناوەوە، وەک دانانی ڕووەکی سروشتی لەناو پۆلەکان و شوینی کارکردن چهند بتوانری ڕێژهی زیاتر بیت بارگاوی دڵخۆشی و ئارامی زیاتر دهبێت.
3. ڕەنگ و دیزاین: توێژینهوهكان ئهوهیان دهرخستووه كه بەکارهێنانی ڕەنگە هێورکەرەوەکان (وەک شین و سەوز لە شوێنی کار و، زەردی کاڵ لە قوتابخانەکان كاریگهریی زیاتره بۆ هاندان و چالاک بوونی مێشک.
ئایا پەیوەندیی نزیک لەگەڵ سروشت دەتوانێت ئاستی دڵتەنگی و خەمۆکی کەم بکاتەوە؟ ئەگەر وابێت، چۆن؟
بەڵێ، بە دڵنیاییەوە! مرۆڤ لە ڕووی پەرەسەندنەوە بەستراوەتەوە بە سروشتەوە. کاتێک لە سروشتداین، مێشکمان لە دۆخی (بیرکردنەوەی نەرێنی دووبارە) دێتە دەرەوە، کە بنەمای خەمۆکییە. سروشت هەستی گەورەیی و پەیوەستبوون بە جیهانێک لە خۆمان گەورەترمان پێ دەبەخشێت، ئەمەش دڵتەنگی کەم دەکاتەوە و ئاستی دەردانی هۆرمۆنی “دۆپامین” زیاد دەکات کە بەرپرسی هەستی خۆشی و ئاسوودهییە.
لە کاتی ڕووداوی گەورەی سروشتیدا، وەک لافاو، بوومەلەرزە یان وشکەساڵی، گرنگترین کاریگەرییە دەروونییەکان کامانەن؟
ئەم ڕووداوانە دەبنە هۆی تێکدانی “ئاسایشی بنەڕەتی” مرۆڤ. گرنگترین کاریگەرییەکان بریتین لە:
شۆکی دەروونی دوای کارەسات: ترس لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکە، خەوزڕان و توندوتیژی.
خەمۆکی کۆچبەری: لەدەستدانی ماڵ و حاڵ و گۆڕینی ناچاریی ژینگە، مرۆڤ تووشی نامۆبوون و خەمێکی قووڵ دەکات.
پەیدایشتی ناڕێکی دەروونی: بەهۆی لەدەستدانی کەسە نزیکەکان یان سەرچاوەی بژێوی لە کاتی وشکەساڵیدا.
شارسازی و پلاندانانی شارەکان چۆن دەتوانن سوود لە بنەماکانی دەروونناسیی ژینگەیی وەربگرن بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروستتر؟
پێویستە ئەندازیاران و پلاندانهرانی شارەکان تەنها بیر لە کۆنکریت و شەقام نەکەنەوە، بەڵکو مرۆڤ بخەنە چەقی دیزاینەکانیانەوە، به دروستکردنی (شاری پیادەڕەوی)، کە هانی ڕۆیشتن بدات و مەودای نێوان تاكهكان کەم بکاتەوە بۆ زیادبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتیهكان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی (پانتاییە سەوزەکان) له گشت گهڕهكێکدا و دروستكرنی زیتری پاركی گشتی بۆ هاووڵاتیان.
چ ڕاهێنان یان هەنگاوێکی سادە هەیە کە بتوانن لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاری بهێنن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی نەرێنی ژینگە لەسەر دەروونیان؟
هاووڵاتیان دەتوانن بە چەند هەنگاوێکی ساده پارێزگاری لە تەندروستیی دەروونی خۆیان بکەن؛ تا بتوانێت گوێگر بیت لە دەنگی سروشتی و سەوزکردنی ماڵ و شوینی كار تەنانەت به دانانی چەند ئینجانەیەکی ڕووەکی سروشتی بۆ ژووری دانیشتن کاریگەریی ئەرێنی دهبێت، ههروهها (پیاسەی هۆشیارانە) هەفتانە لانی کەم جارێک چوونە دەرەوە بۆ سروشت بەبێ مۆبایل، بۆ ئەوەی هەستەوەرەکان پشوو بدەن و، ڕێکخستن و کەمکردنەوەی کەلوپەلی زیادە، لە ماڵ و شوێنی کاردا، چونکە شێواوی شوێن دەبێتە هۆی شێواوی مێشک و جهنجاڵكردنی.

