رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەیاسایەک بۆ زامنکردنی مووچە دەنێردرێتە پەرلەمانی عێراق

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پاراستنی مووچە لە قەیرانی دارایی دەیانەوێت لەنێو پڕۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ سندووقێک دابمەزرێنن بۆ کۆکردنەوەی ئەو داھاتانەی کە بە قەزانج بە دەست دێن، لە داھاتوودا ئەگەر جارێکی دیکە قەیرانی دارایی سەری ھەڵدایەوە ئەو داھاتە بۆ مووچە خەرج بکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی ٩ـی ئەمساڵ ڕەشنووسی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ بگاتە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی لیژنەی دارایی چەندین جۆر بیرۆکەیان بۆ زامنکردنی مووچەی فەرمانبەران ئامادە کردووە، کە لە نێو یاسای بودجە جێگیر بکەن، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق لە ھەموو دۆخێکی نەخوازراودا بپارێزن.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: بیرۆکەیەکی دیکە ھەیە کە بە شێوەیەکی دیکە مووچە کۆبکرێتەوە، بەڵام وەکو پێشوونا، بەڵکو ئەو وەزارەتانەی کە خۆیان بۆ خۆیان مووچە دابین دەکەن و ئەو مووچانەی بۆ پلە باڵاکان خەرج دەکرێت و ھەندێک مووچەی دیکە ھەیە شەفاف نییە، ھەموو دەبێت بخرێتە یەک خانە و سەرچاوەکانی داھاتی مووچە ھەموو کۆبکرێتەوە لە یەک سندووق و ئەو کات دادپەروەرانە دابەشبکرێت.
یەکێک لە پێشنیازەکان بۆ پاراستنی مووچە لە قەیرانی دارایی دامەزراندنی سندووقی سەقامگیری مووچەیە کە دەبێت وەکو خانەیەک لەناو یاسای بودجە دیاری بکرێت، سەرچاوە داراییەکانیشی لەو بڕگانە پێکدێن ١٠%ی زیادەی داھاتی نەوت، ئەو داھاتەی کە لەسەرووی نرخی دیاریکراو بەدەست دێت، قازانجی وەبەرھێنانی پارەی ناو سندووقەکە، ھەروەھا زیادکردنی باج و کەمکردنەوەی بەخشین و چەندین داھاتی تر. ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێران، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، عێراق مانگانە پێویستی بە ٨ تڕلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینارە، بۆ خەرجی مووچە، ئێستا بیرۆکەی کردنەوەی سندووقێک ھەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرچاوەی داھاتی نوێ، ئەمە ھەنگاوێکی باشە، بەڵام ھیوادارین دوور بێت لە دەستی گەندەڵکاران و لێ بڕینی مووچەشی تێ نەکەوێت، وەکو ئەوەی کە کرا بەرامبەر بە سندووقی خانەنشینی و مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی کە بە ناحەق پارەیان لەو خەڵکە دەبڕی.
بە داخستنی گەرووی ھورمز گەورەترین زیان بە ئابووری عێراق گەیشتووە، چونکە ڕۆژانە ٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیان لە داھاتی نەوتی پێ دەگات و بەو ھۆیەوە وەزارەتی دارایی عێراق ماوەی سێ مانگە بە ئەستەم مووچەی مووچەخۆرانی پێ دابین دەکرێت. ھەر ئەوەش وای کردووە ماوەی چەند ڕۆژێکە ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاران بیر لەوە دەکەنەوە قەڵغانێک بۆ مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دروست بکەن، چونکە ھەر دۆخێکی نامۆ و ھەستیار دێتە پێش عێراق پارەی مووچەی پێ نامێنێت، بۆیە بیریان لەوە کردۆتەوە کە سندووقێک دروست بکەن ئەو سندووقە تەنیا ئەو داھاتانەی تێ بکەن کە عێراق لێی زیادە، بۆیە لەو ڕێگەیەوە وا بیر دەکەنەوە کە مووچەی مووچەخۆران پارێزراو دەبێت.