سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان، وڵاتانی (میسر، ئوردن، فەڵەستین، ئیمارات، کوەیت، سعوودیە و قەتەر) کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی حکوومەتی هەرێمی ئاراستەی ئەو وڵاتانە کرد بۆ هەڵوێستە بەرپرسانەکانیان لە ئیدانەکردنی ئەو هێرشانەی کرانە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەفین دزەیی ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ ئەو هێرشانەی ئەم دواییە تەنیا بۆ تێکدانی ئاسایش نەبوون، بەڵکو ئامانجی سیاسییان لەپشت بووە، چونکە بارەگاکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتیان کردبووە ئامانج.”
ئەوەشی دووپات کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە ئیدانەی هەر هێرش و دەستدرێژییەک دەکات کە بکرێتە سەر وڵاتانی کەنداو و ناوچە عەرەبییەکان، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی سەروەری و خاکی ئەو وڵاتانە وەک بەشێک لە ئاسایشی ناوچەکە کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەر هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرقەراربوونی ئاشتی.
سەفین دزەیی هیوای خواست بەزووترین کات تەواوی ستافی کونسوڵخانەکان بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: ” بوونتان لێرە هۆکارە بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیریەکان و ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە قووڵ و مێژووییە دەبێت کە لەگەڵ ئێوە هەمانە.
هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە ڕەوشی هەنووکەیی ناوچەکەو هەڵسەنگاندن بۆ پێشهاتەکان و میکانیزمی پتەوکردنی پەیوەندییە دوولایەنەکان کرا.
دواتر نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی عەرەبی جەختیان کردەوە و هەڵوێستی خۆیان دووپات کردەوە بەرامبەر هەر ئامانجگرتنێک کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی دەبێتەوە، ئاماژەیان بەوەش کرد کە بە بایەخەوە دەڕواننە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق، جەختیان کردەوە کە پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن و زمانی دیالۆگ بکرێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکان.
لە هەمان کاتدا سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد بۆ ئەو دەسپێشخەریە و جەختیان لە ڕۆڵی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کردەوە بۆ ڕەخساندنی هەموو ئاسانکارییەک بە مەبەستی خزمەتکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان.

