ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆک بارزانی ھەمیشە بەڕژدی داکۆکی لە مافی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە و وەکو سیمبۆلی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی لە ھەرێمی کوردستان ناسراوە، ئەو ھەمیشە جەخت لەسەر قووڵکردنەوەی برایەتی و پاراستنی قەوارەی پێکھاتەکان لە تورکمان، کلدان، ئاشووری، سریان، ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە دەکاتەوە. پێکھاتەکانیش، دەڵێن، پێویستە وڵاتان لە ھەرێمی کوردستانەوە فێری پێکەوەژیان ببن. ئاماژە بەوەش دەکەن، لە سایەی سیاسەتی حەکیمانە و ڕێبەرایەتی سەرۆک بارزانی، ھەرێمی کوردستان بووەتە مێرگی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی تەواوی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان، بۆیە لە ئاستی قەداسەتی پاپای ڤاتیکانەوە خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشرێتێ.
ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان کرد، لە دیدارەکەدا کاردیناڵ لویس ساکۆ پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە قووڵکردنەوەی بەھا بەرزەکانی پێکەوەژیان و مرۆڤدۆستی و بەھێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە ھەبوو، ھەروەھا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە ڕۆڵی لە پاراستنی پێکھاتەی مەسیحی و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تری کوردستان و عێراق ھەبووە.
کاردیناڵ لویس ساکۆ، ئەوەیشی ڕاگەیاند، لەبەر ئەو ڕۆڵە بەرزەی سەرۆک بارزانی بۆ ئاشتی و بەھا مرۆییەکان گێڕاویەتی داوای لە پاپای ڤاتیکان کرد نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پاپا بە سەرۆک بارزانی ببەخشرێت.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاپای ڤاتیکان و کاردینال لویس ساکۆ جەختی لەوە کردەوە بۆ گەلی کوردستان شانازییەکی گەورەیە کە فەرھەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتیخوازیی بۆ بە میرات ماوەتەوە.
ھەروەھا جەختی لە پاراستنی بەھای برایەتی و تەبایی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان کردەوە و ئەوەشی خستەڕوو کە ڕەفتار و کردەوە، جۆری ھەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان دیاری دەکەن، نەک بیر و ئینتیمای ئایینی.
لە ڕێوڕەسمێکدا، سەرۆک بارزانی لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە مەدالیایەکی باڵای پاپایی پێ بەخشرا کە لە ڕێگەی کاتێدرائی و باوکی کاردیناڵی کلدانی لە عێراق و جیھان، مار لویس ڕوفائیل ساکۆوە ڕادەستی کرا.
ئەم ڕێزلێنانە وەک ھێمایەکی ئەخلاقی و پێزانین بۆ ڕۆڵی بارزانی لە پاراستنی ئاشتی، برەودان بە پێکەوەژیانی پێکھاتەکان و پاراستنی مافی مرۆڤ لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە لێکدرایەوە.
لە وتار و کاردانەوەکان سەبارەت بەم ڕێزلێنانە، تیشک خراوەتە سەر قۆناغە ھەستیارەکانی مێژووی ناوچەکە، بەتایبەت لە کاتی پەلامارەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێک دەیان ھەزار خێزانی مەسیحی و ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکە لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، لەو سەردەمەدا، ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری ھەولێر و شارۆچکەی عەنکاوە، بوونە پەناگەیەکی سەرەکی و ئارام بۆ لێقەوماوان.
سەرۆک بارزانی لەو قۆناغەدا جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکھاتە ڕەسەنەکان میوان نین، بەڵکو ھاوبەشی سەرەکیی نیشتمان و چارەنووسی ھاوبەشن، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە کردەوە و ڕەفتار پێوەری ڕاستەقینەی ھەڵسەنگاندنی مرۆڤن، نەک بیروباوەڕ و ئایین.
لە دروستبوونی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆک بارزانی ڕژدبوو لەسەر پاراستنی مافی پێکھاتەکان لە پەرلەمان و حکوومەت بە یاساش ئەم مافە لە پەرلەمانی کوردستان پارێزراوە، جگە لەوەی لە سێکتەرە جیاوازەکان دەرفەتی زیاتریان بۆ ڕەخسێندراوە کە گوزارشت لە مافەکانیان بکەن، پێکھاتەکان، دەڵێن، سەرۆک بارزانی سیمبولی پارێزگاری بووە لە ھەموو قۆناغەکان لە مافی پێکھاتەکان، کابینەی نۆیەمیش ئەو دەرفەتەی زیاتر کردووە.
ھەرێمی کوردستان وەڵاتێکی فڕەئایین و فڕەنەتەوە و ئایین و ئایینزایە و بەوەش ناسراوە کە بووەتە مەڵبەندی پێکەوەژیانی تەواوی پێکھاتە و ئایین و ئایینزاکان و ھەر لەبەر ئەوەش، لە دنیای دەرەوەدا ھەرێمی کوردستان بە شوێنێکی ئارام بۆ پێکەوەژیانی ئایین و پێکھاتەکان ناوی دەرکردووە، ھەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین لە حکوومەتدا توانیویەتی دەسەڵاتێکی یاسایی بە پێکھاتەکان بدات کە نوێنەراتییان ھەبێت و ٨ ئایین لە دەسەڵاتی یاسادانان و حکوومەتدا مافی بەشداری ڕاستەقینەیان ھەبێت، جگە لە ئایینی ئیسلام، ٧ پێکھاتەی تر نوێنەرایەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف ھەیە، وەک مەسیحی، ئێزدی، بەھائی، سابیئەی مەندائی، زەردەشتی، کاکەیی، یارسان و جوو.
ئەو میوانانەی ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، سەرسامی خۆیان نیشان دەدەن بەوەی کە لە ھەرێمی کوردستان ڕێز لە بیروبووچوونی جیاواز دەگرن و یەکدی قەبوول دەکەن، ھیوادارن ئەو پێکەوەژیانە لە عێراقیش ڕەنگ بداتەوە.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، سەرۆک بارزانی، لە ھەموو کات زیاتر پاڵپشت و سیمبۆلی پێکەوەژیان بووە و ھەمیشە ھەوڵی زیاتر بەھێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقی داوە و پاڵپشتی ماف و داواکارییەکانیان بوونە، سەرۆک بارزانی، لەبەر ئەو ڕۆڵە بەرزەی بۆ ئاشتی و بەھا مرۆییەکان گێڕاویەتی، لەلایەن پاپای ڤاتیکانەوە نیشانی ئاستبەرزی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێم، گوتیشی، لە ھەرێمی کوردستان ڕەوشی پێکھاتەکان زۆر باشە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام پشتگیری لە پێکھاتەکان دەکات، لە کابینەی نۆیەمیش ڕەنگی داوەتەوە، وەزارەتێک ھەیە بەناوی کاروباری پێکھاتەکان، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە لە بەھێزکردنی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئەدیانەکان، لە ھەمان کاتدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دیار و بەرچاوە، ھەموو کات پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان کردووە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان.
کلارا یەعقووب عۆدیشو، کەسایەتیی کریستیان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: پێکەوەژیان لە کوردستان لە ئاستێکی زۆر بەرز و بەھێزدایە و لە جیھانیش ئێستا نموونەی دەھێنرێت، چونکە لە ڕابردوودا بەھۆی توندوتیژیی دژی ئایین و پێکھاتەکانەوە سەدان ھەزار و بگرە ملیۆنان کەس لە پەیڕەوی ئایینە جۆراوجۆرەکان، بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی لە ناوچەکانی دیکەوە ھاتوونەتە کوردستان و لێرە دەژین، ئەمەش لە سێبەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانییە کە پارێزگاری لەم پێکەوەژیانە دەکات، خەڵاتی قەداسەتی پاپای ڤاتیکانیش ھەر لەم ڕوانگەوەیە کە سەرۆک لای دەوڵەتی ڤاتیکان ڕێزلێگیراوە و خۆشەویستی و ڕێزێکی تایبەت ھەیە.
ڕوونیشی کردەوە: سەرۆک بارزانی پاڵپشتێکی بەھێزی پێکەوەژیانە لە کوردستان، ھەر بەھۆی پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانییە کە دەبینین پیاوانی ئایینی موسڵمانی سوننە و شیعە، کریستیان، ئێزدی، سابیئەی مەندایی و ھەموو پێکھاتە ئایینییەکانی کوردستان ستایشی ئەو پێکەوەژیانەی کوردستان دەکەن و پاپاش ئەم ھەموو ئاستە پێشکەوتنە پێکەوەژیانەی بینیوە، بۆیە ئەو ڕێزەی لە سەرۆک ناوە و مەدالیای پێ بەخشیوە.
لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە، ئەگەر سەرۆک بارزانی نەبوایە ئێستا یەک کریسیتان لە عێراق و کوردستان نەدەما، سەرۆک بارزانی ھەمیشە ھەڵوێستی بەرامبەر بە پێکھاتەکان ئەوە بووە کە ھەموومان پێکەوە دەژین، یان پێکەوە دەمرین، ئەمەش تەنیا درووشم نییە، بەڵکو بەکردار سەلماندوویەتی، ئەمە یەکەم جار نییە لەلایەن پاپاوە پێشوازی و ڕێزلێنان دەبەخشرێتە سەرۆک بارزانی، سەرۆک ھەمیشە پێگەیەکی بەھێز و ڕێزلێگیراوی لەلایەن ڤاتیکانەوە ھەبووە، ئەم ڕێزلێنانە دوای دیراسەیەکی ورد و ھەمەلایەن بڕیاری لێ دراوە، ئەم ڕێزلێنانە پێشینەی ھەبووە، چونکە ئەمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا حساباتی بۆ دەکرێت.

