رۆژنامەی ھەولێر

بەمزووانە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ڕادەستی پەرلەمانی عێراق دەکرێت

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

حکوومەتی عێراق هەموو هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی کۆتایی بە نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو بهێنێت و ڕادەستی پەرلەمانی بکات بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کارەوە. تەواوکاری ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە، ئەو ڕاپۆرتەیە کە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی هەفتەی ڕابردوو ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقی کرد.

عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەشتەمین خولی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گفتوگۆی بەغدا ئاشکرای کرد کە بەمزووانە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ڕادەستی پەرلەمان دەکەن.
رەشنووسەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بەشی هەرێمی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت و هەرچەندە هێشتا ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا نەکراوە بەڵام دوای ئەوەی کۆی پڕۆژەکە لە لایەن کابینەی زەیدی پەسند دەکرێت، ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت.
عەلی زەیدی کە سەد ڕۆژ بەسەر کابینەکەیدا تێدەپەڕێت ڕوونی کردەوە کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەنگژە و قەیرانە ئابوورییەکان کۆمەڵێک پلانی چاکسازی جێبەجێ دەکەن و ئامانجیان ئەوەیە سەقامگیری بۆ دۆخی ئابووریی عێراق بگەڕێننەوە. یەکێک لەو بابەتانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەی لەبارەیەوە کرد پرسی مووچەی فەرمانبەران بوو و گوتی بە دۆزینەوەی ڕێڕەوەی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت مووچەی فەرانبەرانیان گەرەنتی کردووە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق کەمێک لە ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بودجەی ئاشکرا کرد و گوتی لە بەکاربردنی سووتەمەنی لە ناوخۆ هەندێک چاکسازییان کردووە و پشتیان بە پێوەرێکی پێشکەوتووی ئابووری بەستووە و بە جێبەجێکردنی لە ماوەی ساڵێکدا ڕێگری لە بەفیڕۆدانی نزیکەی هەژدە ترلیۆن دینار دەکەن.
جێی باسە ئەو هەواڵە لەکاتێکدایە کە ڕۆژێک پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند و بڵاوی کردەوە کە پڕۆژەکە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە بەغدا کراوە و تێیدا سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون.
لە ڕاپۆرتەکەی هەرێمی کوردستان باس لە دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان. کراوە و لە لایەکی دیکەوە دابینکردنی مووچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان لەگەڵ بەغا و دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان بەشێکی دیکە لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی دیکە کە لە پڕۆژەکەدا هەرێمی کوردستان کاری بۆی کردووە جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو. جگەلەمە لە خاڵێکی دیکەدا باس لە هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشوویانە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا تیشک خراوەتە سەر خاڵێکی گرنگ کە ئەگەر لە پەرلەمان پەسند بکرێت ئەوا دوای چەندین ساڵ لە بڕینی پشکی بودجەی وەبەرهێنان جارێکی دیکە بودجە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێتەوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەشتا و شەش هەزار فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست هەن کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای کردووە هەموو ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانە بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.
دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بڕوانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان لە ئامادەکردنی بودجە تیشکی خراوەتە سەر.
ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی ڕێز لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و شایستە داراییەکانی وەک خۆی پەسند بکات کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری و بژێوی لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە عێراق لە بەرزکردنەونەی داهات یان دانانی هەر پلانێک بۆ پێشخستنی ئابوورییەکەی چاوی لە نەوتە و هەر بۆیەش پلان هەیە لە ماوەی شەش ساڵی داهاتوو قەبارەی هەناردەی نەوت بگەیەنێتە هەشت تا دە ملیۆن بەرمیل نەوت.
حکوومەتی عێراق پێی وایە ئەو پشکەی ئۆپێک بۆ هەناردەکردنینەوتی عێراق دیاری کردووە کەمە و لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە و زۆریی سەرچاوەکانی نەوت هاوسەنگ نییە. ڕێکارێکی دیکە ئەوەیە کەرتی تایبەتی بەهێز بکات و هێزی کار لە کەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەتی بگوازرێتەوە .