رۆژنامەی ھەولێر

لە قاهیرە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بەرز ڕاگیرا

بەبۆنەی ٨٠ سالەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورستان و یادی لە دایکبوونی رابەر و مەرجەع سەرۆک بارزانی، مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە بەو دوو بۆنە پیرۆزەوە ئێوارە ئاهەنگێکی ساز کرد بە ئامادە بوونی باڵوێزی عێراقی فیدراڵ لە قاهیرە باڵوێز قەحتان تەها، و چەندین کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی و رۆشنبیر و راگەیاندکار و رۆژنامەنووس و پەرلەمانتار کۆمەڵێک قوتابی کورد.

د. قەحتان تەها، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە میسر ڕایگەیاند، بەشداریکردنی بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، و پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە، لە پێزانینێکەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ خەباتی ئەو حیزبە کە هەشت دەیە درێژەی کێشاوە، بە بەربەست و تەحەدا و بەشدارییەکانی لە ژیانی سیاسی و نەتەوەیی عێراق، و ئەوەی حیزب بەشداریی کردووە لە چەسپاندنی فرەیی و بەشداری سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، و بەهێزکردنی ڕێبازی دیموکراسی.
د.قەحتان لە درێژەی گوتارەکەیدا گوتی ” لەم ڕوانگەیەوە، یادکردنەوەی ئەم یادە دەبێت بۆنەیەک بێت بۆ نوێکردنەوەی پابەندبوون بە کردەوەی نیشتمانی هاوبەش، بەرزکردنەوەی پەیوەندی و گفتوگۆ، و دانانی بەرژەوەندی عێراق لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکەوە، لە پێناو پاراستنی پێگە و یەکڕیزی و سەروەرییەکەی، هەروەها بەرزکردنەوەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گەیشتن بە خواستەکانی گەلەکەی”.
باڵیۆزی عێراق ڕۆڵی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە و بەرپرسی نووسینگە شێرکۆ حەبیبی بەرز نرخاند لە خزمەتکردنی پێکهاتەی عێراق و پاڵپشتیکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و کورد و میسر لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە سەرۆکی پارتی سەرۆک بارزانی کرد، بە بۆنەی هەشتا ساڵەی لەدایکبوونیدا، هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرۆک کرد لە پشتیوانیکردنی دیموکراسی، برایەتی و لێبوردەیی و دیالۆگ لە عێراقدا.
شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە وێرای بەخێرهێنان و سوپاسی ئامادەبووانی کرد، گوتی لە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی مۆمێکی دیکەی ژیان هەڵگیرساند کە ڕێگای بەرەو گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکان ڕۆشن دەکاتەوە. ڕێکەوتێکی مێژوویی جوانە کە دامەزراندنی هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایک بوونی سەرۆک بارزانی، کە نوێنەرایەتی درێژکراوەی رێبازی بارزانیی نەمر دەکات، هەروەها کەسایەتییەکی دیاری بزاڤی بزووتنەوەی نەتەوەیی عێراقی و کوردستانە.
بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە جەختی لەوە کردەوە کە دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ عێراق لەسەر بنەمای باڵادەستی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای شەراکەت، نەک لەسەر نەهێشتنی ئەویتر، بەڵکو لەسەر ڕێزگرتن لە هەمەجۆریی؛ و نەک لەسەر ململانێی نێوان پێکهاتەکان، بەڵکو لەسەر هاوکاری بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر و دیموکراسی.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ و بەرژەوەندی هاوبەش و هەروەها ڕێزگرتن لە سنوور و سەروەری عێراق و کوردستان پەیوەندیی دراوسێیەتی دروست دەکات. هەرچەشنە بەئامانجگرتنی خاک و هاووڵاتیان و دامەزراوەکانی ڕەتکردەوە، هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بە پێشێلکردنی ئاشکرای پەیوەندی و نۆرمەکانی دیپلۆماتی و دراوسێیەتی باش و سەروەری عێراق بەسەر خاکەکەیدا شەرمەزار کرد.
لە میانەی ئەو ئاهەنگە دوو فلمی دۆکیۆمێنتتاری لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و پارتی نمایشکران.