رۆژنامەی ھەولێر

تمەن نزمترین بەهای لە مێژوودا تۆمار کرد

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بەهای دراوی ئێرانی ماوەیەک بوو نرخەکەی جێگیر ببوو و لە ژێر کاریگەریی دانوستانەکان و ئەگەری رێککەوتن کەمێک لە بەهاکەی بۆ گەڕابوویەوە بەڵام چەند رۆژێکە جارێکی دیکە رووی لە دابەزین کردووەتەوە و دوێنێ یەکشەممە ژمارەی پێوانەیی لە مێژوودا شکاند و بۆ نزمترین ئاست دابەزی. هەر سەد دۆلاری ئەمریکی نرخەکەی نزیک کەوتووەتەوە لە بیست ملیۆن تومەن

سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بڕیارە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هەبێت سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو سزا توندانەی قەرارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دژی ئێران جێبەجێیان بکات. هەفتەی رابردوو ترەمپ گوتبووی سزاکان لە دژی ئێران ئەوەندە توند دەکات لە مێژوودا وێنەیان نەبێت.
ئابووریی ئێران خۆی لاوازە و هەر جۆرە گوشارێکی زیاتر بەهای دراوی وڵاتەکە دادەبەزێنێت و دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە شپرزەتر دەکات. ئێستا کە هورمز لەسەر ئێران داخراوە و ناتوانیت هیچ شتێک هەناردە و هاوردە بکات چاوەڕوان دەکرێت لە سنوورە وشکانییەکانیش بەربەستی بازرگانی بۆ ئێران بهێنرێتە کایەوە و ئەو وڵاتە لە رووی ئابوورییەوە هێندەی دیکە پەراوێز بخرێت.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک بەهای تومەن بەرزتر بووە لە بازاڕەکانی تاران و خەڵکێکی زۆر لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی مامەڵە بە تمەن دەکەن و کەمترین کەس لەو بازاڕە خێری بینیوە. داواکاریی زۆر بۆ تمەن هۆکار بووە لەوەی بەهاکەی لە چاو بەهای هەمان دراو لە تاران بەرزتر بێت.
ماوەی رابردوو خەڵکێکی زۆر بە نیازی ئەوەی بەهای تومەن بەرز دەبێتەوە ئەو دراوەیان کڕی بەڵام هەموو جارێک زۆرترین کاسبکار لە بازاڕی تمەن زیان و کەمترینیان قازانج دەکەن.
چ لە سەردەمی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەگەڵ ئێران و چ دوای جەنگ و ئاگربەست بە لێشاو پارەی چاپکراوی ئێران هێنراوەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە نرخێکی بەرزتر ساغ کراوەتەوە و دۆلارەکەی گوازراوەتەوە ئێران ئەمە لە لایەک بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق زیانبارە و لە لایەکی دیکە هەموو ئەو کاسبکارانەی بە مەبەستی قازانج تمەن دەکڕن ئەگەری زۆرە زیانیان بەرکەوێت.
خەڵکێک بژێوی خۆی لە ڕێی کڕین و فرۆشتن بە دۆلار و دراوەکانی دیکەی وەک یۆرۆ، پاوەند، لیرە و تمەن هەڵدەسووڕێنێت بەڵام کڕینی ئەو دراوانەی بەهایان ڕووی لە لێژییە هیچ کەسێک خێری لێ ناکات. ساڵ و نیوێک لەمەوبەر بەهای هەر دۆلارێک لە نێوان شەست تا حەفتا هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەکرا بەڵام دەبینین دوای ئەو ماوەیە نرخەکە زیاتر لە سێ هێندە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
ئێران بە تایبەتی لە دوای ئەو گەمارۆ سەختە دەریاییەی لە لایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپاوە نە دەتوانێت هیچ شتێک هەناردە بکات و نە دەتوانێت هیچ شتێک هاوردە بکات.
عەبدولناسر هیممەتی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران هەفتەی رابردوو دانی بەوە نا کە ئێستا وڵاتەکەی هیچ نەوتێک نافرۆشێت.
بەهۆی سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان بەرهەمهێنانی ئێران لە سەرجەم کەرتەکان دابەزیوە و بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە هانای بۆ چاپکردنی زیاتری تمەن و گەورەکردنی قەبارەی نەختینەیی بردووە، هەنگاوێک کە هەڵاوسان و دابەزینی زیاتری بەهای تمەنی لێ کەوتوۆتەوە بە شێوەیەک رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا لە ئێران گەیشتە لەسەدا حەفتا و هەشت.

هەموو ئاماژەکان ئەو راستییە پێشان دەدەن کە بەهای تمەن رووی لە لێژییە و بەمزووانە دابەزینی زیاتر تۆمار دەکات و بۆیەش زۆر گرنگە کاسبکاران لە هەرێمی کوردستان چیتر سەرمایەکانیان نەخەنە ئاوەوە و لە مامەڵەکردن بەم دراوە دوور بکەونەوە.