ڕائیب جادر – هەولێر
نوێنەری وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانی کوردستان لە دۆسیەی ئەنفالەکان، دەڵێت: وەکو کورد بە ١٦ دۆسیە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بەشدارین، گەڕان و ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی عێراق لە پرۆسەی ھێناوەی ڕووفاتەکان زۆر خاوە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەرێکی ناسراو و نوێنەری وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانی کوردستان لە دۆسیەی ئەنفالەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: وەکو کورد بە ١٦ دۆسیە لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بەشدارین، لەوانە دۆسیەکانی ئەنفال، بارزانییەکان، ھەڵەبجە، فەیلی، کۆچڕەو و ڕاپەڕین، ساڵی ڕابردوو دوو دۆسیەمان لە بەغدا ھەبوو، دۆسیەی شاکر تەھا یەحیا کە بارزانییەکانی ئەنفال کردووە، لە ٢٨ی ١٢ی ساڵی ڕابردوو حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، دۆسیەی دووەمان بریتی بوو لە دادگەکردنی عەجاج، ئەویش لە ١٤/٥/ ٢٠٢٦ بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بڕیارەکە ئێستا لە سەرۆکایەتی کۆمارە و ئومێد دەکەین سەرۆککۆمار پەلە بکات لە مەرسوومی کۆماری و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی داد، ئەوانیش ڕۆژێک دەستنیشان دەکەن بۆ لە سێدارەدانی.
نوێنەری وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانی کوردستان لە دۆسیەی ئەنفالەکان، دەشڵێ: دۆسیەی بارزانییەکان بە ھەر دوو ماددەی جینۆساید و تاوانی دژە مرۆڤایەتی تۆمەتباران دادگەی کران، دادگە لە ٢٠١١ کۆتایی بە دانیشتنەکانی دۆسیەی بارزانییەکان ھێنا، بەڵام ساڵی ڕابردوو خۆشبەختانە توانیومان تاوانبارێکی دیکە دەستگیر بکەین ئەویش بەناوی شاکر تەھا یەحیا کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دانی بەوەدانا چۆن دەستی ھەبووە لە جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لە ئەنبار بەتایبەتی لە بیابانەکانی سەقلاوییە، کەچی پێشتر وامان دەزانی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ئێمە بەتایبەتی بارزانییەکان تەنیا لە خوارووی عێراقن، بەڵام لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە بۆمان دەرکەوت گۆڕی بە کۆمەڵ لە سەقلاوییەی ئەنباریش ھەیە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەرێکی ناسراو و نوێنەری وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانی کوردستان لە دۆسیەی ئەنفالەکان، ئەوەشی گوت: عەجاج لە قۆناغی لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەی ناوە و گوتی، ڕۆژانە تەنیا یەک سەموونم بەو خەڵکە دەدا کە لە زیندانی نوگرە سەلمان بوون، لەگەڵ ئاوێک کە شیاوی خواردنەوە نەبێت، لەگەڵ ئەوەی لە خەڵکەکەم داوە و بە دەیان منداڵ و پیاو و ئافرەتم کوشتوونە، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ھەموو ئامانجی ئێمە ئەوە بوو ئەو خەڵکەی زیندانی کرابوون بە زیندوویی نەگەڕێنەوە.
نوێنەری وەزارەتی شەھید و ئەنفالکراوانی کوردستان لە دۆسیەی ئەنفالەکان، ئاشکراشی کرد: خۆشبەختانە ئێستا گەڕان بەدوای ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی عێراق لە پرۆسەی ھێناوەی ڕووفاتەکان زۆر خاوە، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی کەسوکاری ئەنفالکراوان کە دەڵێن، پرۆسەی ھێناوەی ڕووفاتەکان بەخاوی بەڕێوەدەچێت، پێویستە ھەرچی زووە کار بکرێت بۆ ھێنانەوەی سەرجەم ڕووفاتەکان بۆ باوەشی نیشتمان.

