رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ی عێراق

لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی حکوومەتی فیدراڵ، کۆبوونەوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و کارەبا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئەنجام درا. تێیدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی مافەکانی هەرێم کرا لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، تاوەکو بتوانرێت خواست و پێداویستییەکانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو بە شێوەیەکی زانستی لە بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکرای کرد، کە ماوەی چەند مانگێکە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ مووچە، خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان. هەروەها کار دەکرێت بۆ داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵ و گەڕانەوەی ئەو شایستە داراییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانەکانەوە بۆ مووچەخۆران خەرج نەکراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دواین کۆبوونەوەی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختی لە مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بەشی شایستەی خۆی لە هەر قەرز، بەخشین و هاوکارییەکی نێودەوڵەتی کردەوە کە حکوومەتی فیدڕاڵ بەدەستی دەهێنێت. بەتایبەتیش کە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای وەرگرتنی هەموو ئەو قەرزە نێودەوڵەتیيانە، بەشدار بووە لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان و ئەو سوودانەی هاتووەتە سەری، بۆیە نابێت لە کاتی دابەشکردنی قەرز و بەخشین و هاوکارییەکاندا، مافی دەستووریی هەرێم پشتگوێ بخرێت یان بە هیچ شێوەیەک سنووردار بکرێت.
وە هەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانانی ڕاسپارد کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان، تێڕوانینی یەکگرتووی حکومەت و خشتەی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 ئامادە بکەن، بە مەبەستی چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی هەرێم و لابردنی ئەو بەربەستانەی کە لە یاساکانی بودجەی ساڵانی ڕابردوودا بوونەتە هۆی سنووردارکردنی مافە داراییەکانی هەرێم.