دەزگای خێرخوازیی بارزانی، یادی 21 ساڵەی دامەزراندنی و دەستپێکردنی کاروانە مرۆییەکەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بۆ لێقەوماوان و ئاوارەکان کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەم بۆنەیەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم 21 ساڵە پڕ بووە لە تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و دەستگیرۆیی بۆ سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. دەزگاکە جەختی کردەوە کە ئەرکەکانیان بە بێ جیاوازی بۆ هاوڵاتیانی خۆجێی، ئاوارە و پەنابەران ئەنجام داوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پەیامەکەیدا، وتەیەکی ناوداری مستەفا بارزانی (بارزانیی نەمر)ی کردووەتە هەوێنی کارەکانی کە دەڵێت: “شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت.” لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم چەمکە مرۆییە هێز و ورەی بێپایانی پێ بەخشیوون تاوەکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شایستەتر خزمەتی گەلەکەیان بکەن و تەمەنی خۆیان بۆ ئاوەدانی و خێخوازی تەرخان بکەن.

