رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی دارایی ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی 2027ـی عێراق دەکات

لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ چەسپاندنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی حکوومەتی فیدراڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، کۆبوونەوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی وەزیرانی پلاندانان و کارەبا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئەنجام درا. تێیدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی مافەکانی هەرێم کرا لەسەر بنەمای دەستوور، یاسا و دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، تاوەکو بتوانرێت خواست و پێداویستییەکانی هەرێم بۆ ساڵی داهاتوو بە شێوەیەکی زانستی لە بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێن.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاشکرای کرد، کە ماوەی چەند مانگێکە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ خەمڵاندنی بودجەی پێویست بۆ مووچە، خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان. هەروەها کار دەکرێت بۆ داواکردنی دامەزراندنی میلاکی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵ و گەڕانەوەی ئەو شایستە داراییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانەکانەوە بۆ مووچەخۆران خەرج نەکراون