یاسین ئەحمەد خدر – هەولێر
ئاوی قورس بریتییە لە ئاوی زێراب و ئاوەڕۆی پیس و پاشماوەی ئاوی پیشەسازی و کشتوکاڵی کارگەکان کە بەکەڵکی خواردنەوە و ئاودێری نایەت، زیانی زۆری هەیە بۆ تەندروستیی گشتی و پیسکردنی ئاوی چەم و ڕووبارەکان، لە وڵاتان سوود لەم ئاوە وەردەگیرێت بۆ چەند بوارێك پاش چارەسەرکردنی و گۆڕینی پێکهاتەکەی، لە هەرێمی کوردستانیش چەند پرۆژەیەك کراوە بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئاوی قورس.
لە ڕووی زانستییەوە ئاوی ئاوەڕۆ ئەگەر پرۆسەی بە فیلتەر کردنی بۆ بکرێت و پاکبکرێتەوە، دەتوانرێت بۆ ئاودێری کشتوکاڵی بەکار بهێنرێت، بەڵام تێچووی زۆری پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ بۆ مەبەستی ئاودێری لە توانای جوتیارانی ئێمەدا نییە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری ئاوی ئاوەڕۆی ماڵان بکات لە هەموو شار و شارۆچکەکان.
ساڵی (٢٠٢٤) دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە (٢)ی دەرکرد بۆ سنوردارکردنی ئاوی چارەسەرکراوی ئاوەڕۆکان و دووبارە بەکارهێنانەوەی، کە ئامانج لێی پاراستنی تەندروستی لە کاریگەرە زیانۆکەکانی پیسداگەڕان بە ئاوی ئاوەڕۆکان و سوود وەرگرتن لە ئاوی چارەسەرکراو وەك یەکێك لە سەرچاوە نوێیەکانی ئاو بوو، بەپێی ماددە و خاڵەکانی ئەم ڕێنماییە دەتوانرێت سوود لە ئاوی قورس و ئاوەڕۆ وەربگیرێت بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت چاودێرییەکی وردی پرۆژە و وێستگەکانی چارەسەرکردنی ئاو بکەن بە مەبەستی پاراستنی تەندروستیی گشتی، بەهیچ شێوەیەك نابێت لەناو کێڵگەکاندا بۆرییەکانی ئاوی چارەسەرکراوی ئاوەڕۆ بە بۆرییەکانی تۆڕی بیرەکانەوە بەیەك بگەیەنرێن و ببەسترێنەوە هەروەك لە خاڵی پێنجەمی ماددەی سێهەمدا هاتووە.
ساڵی (٢٠٢٥) پرۆژەی چارەسەرکردن و بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆ لە قەزای بازیان جێبەجێ کرا؛ ئەم پرۆژەیە لەسەر بنەمای ڕێگەچارەی سروشتی کراوە، یەکەم پرۆژەی لەو شێوەیە لە هەرێمی کوردستان کە لەسەر داوای قایمقامی ئەوکاتی بازیان ئیسماعیل ئەحمەد لەلایەن بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە هاوکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە پاڵپشتی دەزگای هاوکاری و گەشەپێدانە نێودەوڵەتییەکەی سوید و بە سەرپەرشتی و چاودێریی زانستیی زانکۆی سلێمانی جێبەجێ کراوە.
سوودی ئەم پرۆژەیە بۆ قەزای بازیان جگە لەوەی هەوڵێکە بۆ پاراستنی ژینگە و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان، ڕێگریش دەبێت لە تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی ماڵان بە سەرچاوەکانی ئاو و چەمەکان و پیسکردنیان، هەروەها دەتوانرێت پاش چارەسەرکردنی ئاوەڕۆکە سوودی لێ وەربگیرێت لە چەند بوارێکی دیکەی وەك: فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی و ئاودانی باخچە و ئاودێری زەوی کشتوکاڵی و بواری دیکە.

