شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەندی گۆرانیبێژ “ڕۆژیار دیار” لە وێستگەیەکی نوێی کارە هونەرییەکانی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتیی دەکات بە هەوێنی بەرهەمە نوێیەکەی، کە گۆرانییەکە بە ناونیشانی “کەسم نەما”.
ئەو بەرهەمە باس لە چیرۆکی لەدەستدان و تەنیایی کەسایەتییەک دەکات، کە خێزان و منداڵ و خۆشەویستانی لەدەستداوە.
گۆران بەختیار شەعبی، ئەکتەری سەرەکی نێو ئەم ڤیدیۆ کلیپەی “ڕۆژیار”ـە و لە ساڵی ٢٠١٧ بە ڕووداوێکی هاتووچۆ و خێزان و منداڵە چاوگەشەکەی لەدەستدا و لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر”یش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە گۆرانییەکە گێڕانەوەی ئازاری ژیانی منه، کاتێک لە پڕ ماڵ و منداڵە نازدارەکەم لەدەستدا و تەنیا مامەوە لە ژیانێک، کە هەرگیز نەمدەویست دوای ئەوان بژیم.
گۆران دەشڵێت: بیرۆکەی لەدایکبوونی ئەو بەرهەمە من پێشکەشی ڕۆژیارم کرد، کە ئامۆزامە و گۆرانییەکەش هەستێکی غەمگین و دڵشکانی تێدایە و بە هەستێکی جوانیی هونەرییەوە کاری بۆ کراوە.
جێگەی باسە، ئادەم ئەیام ئەکرەم کاری دەرهێنان و ڕوناکی و کارە هونەرییەکانی ئەو بەرهەمەی جێبەجێ کردووه و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشێوەیەکی فراوان لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوببێتەوە.

