رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی: جەژنی “دھوا رەبا” لە سابیئەی مەندائی پیرۆز بێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هاتنی جەژنی “دھوا رەبا” (جەژنی گەورە)، پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی پێکهاتەی سابیئەی مەندائی لە کوردستان، عێراق و جیهان کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی “X” بڵاویکردووەتەوە، هیوای خواست ئەم جەژنە پڕ بێت لە خێر، خۆشی و ئاشتی بۆ ئەم پێکهاتە ڕەسەنە. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە جۆراوجۆریی ئایینی و کولتووری لە وڵاتدا، نەک هەر بارگرانی نییە، بەڵکو “سەرچاوەی دەوڵەمەندی و هێزە” و بنەمایەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی لە نێوان هەموو چین و توێژەکاندا.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ڕێزی دوولایەنە لە نێوان پێکهاتەکان کرد و وەک پارێزەری ئەو فرەئایینییەی هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت کە تێیدا هەمووان وەک یەک جەستە دەژین. ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتی هەرێم لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵی داوە ژینگەیەکی ئارام بۆ کەمینە ئایینییەکان دابین بکات تاوەکو بە ئازادی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە یەکتری تاقە ڕێگەیە بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی گەشاوە بۆ عێراق و ناوچەکە.