سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی ڕۆژی دیموکراسیی و یەکێتیی نیشتمانیی و کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمووز لە تورکیا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیادا پەرەپێدەدات.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی: “لە دەیەمین ساڵیادی ڕۆژی دیموکراسی و یەکێتیی نیشتمانیی 15ـی تەمووزدا، بەڕێزەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە گیانی خۆیان لە پێناو بەرگریکردن لە دیموکراسی و سیستمی دەستووریی تورکیادا بەخت کرد. لەم ڕۆژە یادکردنەوەیەدا، هاوسۆزیی خۆمان بۆ گەلی تورکیا ڕادەگەیەنین”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: “لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، تورکیا لەژێر سەرکردایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆڵی خۆی وەک هێزێکی پێشەنگی ناوچەیی بەهێزتر کردووە، هەروەها گەشەپێدانی ئابووری، ژێرخان و کاریگەریی نێودەوڵەتیی خۆی بەرەوپێش بردووە”.
جەختی لەوەش کردووەتەوە، ھەرێمی کوردستان هاوبەشیی بەهێزی خۆی لەگەڵ تورکیادا بەرز دەنرخێنێت و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیادا پەرەپێدەدات و پابەندە بە زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و ھاوکارییەکانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و کۆماری تورکیا، لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هاوبەش لە ناوچەکەدا.

