پرۆژەکان تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان گرتووەتەوە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی، بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن و بنبڕکردنی کێشەی کەمئاوی، زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیجی و گەورەی لە سەرتاسەری هەرێم خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم پڕۆژانە، کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکی تریان لە قۆناغی کۆتایی و دەستپێکردندان، بە گوژمەی تریلیۆنان دینار و بە مەبەستی دابینکردنی سەدان هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بۆ چەندین دەیەی داهاتوو ئەنجام دەدرێن.
پڕۆژە تەواوبووەکانی ئاو
لە سەرووی پڕۆژە تەواوبووەکاندا، پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر دێت، کە گەورەترین پڕۆژەی تەواوبووە بە گوژمەی 720 ملیار دینار؛ ئەم پڕۆژەیە ڕۆژانە 480،000 مەتر سێجا ئاو دابین دەکات و کێشەی کەمئاویی هەولێر بۆ دەیان ساڵ چارەسەر دەکات.
هەروەها پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە، بە گوژمەی 222 ملیار دینار و توانای 72،000 مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا و پڕۆژەی ئاوی فایدە لە دهۆک، بە گوژمەی 50 ملیار دینار و توانای 72،000 مەتر سێجا، خزمەتگوزاریی ئاو دابین دەکەن.
هاوکات پڕۆژەی ئاوی پیرمام و دەوروبەری، بە گوژمەی 34.7 ملیار دینار کۆتایی هاتووە و ڕۆژانە 9،600 مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت.
ئەو پرۆژانەی نزیكن لە تەواو بوون
چەندین پڕۆژەی تری ئاو لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردندان، لەوانەش:
– پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان: بە ڕێژەی 98% تەواو بووە، بە گوژمەی 30.1 ملیار دینار و توانای 24،000 مەتر سێجا ئاو.
– تۆڕی ئاوی هەولێر (411 کم): بە درێژیی 411 کیلۆمەتر و گوژمەی 25 ملیار دینار، کارەکانی گەیشتووەتە 95%.
– پڕۆژەی ئاوی ڕانیە – چوارقوڕنە – حاجیاوا: بە گوژمەی 36.7 ملیار دینار ڕێژەی 70%ی کارەکانی تەواو بووە، توانای دابینكردنی 72،000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.
– پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ: بە گوژمەی 41.1 ملیار دینار، کارەکانی 67%ی بڕیوە و توانای دابینكردنی 72،000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.
– پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان: بە گوژمەی 25 ملیار دینار و ڕێژەی جێبەجێکردنی 65% بەردەوامە و توانای دابینكردنی 24،000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.
پڕۆژە ستراتیجییە نوێیەکان
لە قۆناغی دەستپێک و کارکردنی بەردەوامدا، چەندین پڕۆژەی تری گەورە هەن، وەک:
– پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ: بە گوژمەی 101 ملیار دینار، کارەکانی گەیشتووەتە 37%، توانای دابینكردنی 60،000 مەتر سێجا ئاوی هەیە.
– پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش: بە گوژمەی 428 ملیار دینار، کارکردن تێیدا دەستی پێ کردووە و گەیشتووەتە 10%، بە تەواو بوونی دەتوانێت 72،000 مەتر سێجا ئاو دابین بكات.
– پڕۆژەی ئاوی دوکان – سلێمانی 3: پڕۆژەیەکی ستراتیجییە بە گوژمەی 551 ملیار دینار و توانای 240،000 مەتر سێجا ئاو، کە ئێستا لە قۆناغی دەستپێکدایە.
هەنگاوێکی گرنگ و نوێ
جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، حکوومەت گرنگییەکی تایبەتی بە ژینگە و چارەسەری ئاوەڕۆ داوە. لەم چوارچێوەیەدا دوو پڕۆژەی گەورە لە قۆناغی جێبەجێکردندان:
– بەشی یەکەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورس: بە گوژمەی 200 ملیۆن دۆلار و توانای چارەسەرکردنی 52،500 مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێکدا هەیە.
– بەشی دووەمی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورس: بە گوژمەی 579 ملیۆن دۆلار و توانای چارەسەر- كردنی 210،000 مەتر سێجا ئاوی قورسی لە ڕۆژێكدا هەیە، کە ئێستا 4%ی کارەکانی جێبەجێ کراوە.
ئەم پڕۆژانە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە کەرتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان دروست دەکەن و ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو مسۆگەر دەکەن.

