كاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی شەممە ڕێککەوتی 20/6/2026 لە هۆڵی نالی لە هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی (دووەمین دیداری هەردەم)ساز كرا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و، چەندین بەرپرسانی حزبی و حکومی، هەروەها چەندین ڕوناکبیر، هونەرمەند، نووسەر و چالاکوان. لە دیدارەكەدا، وتاری شیلان زەنگەنە سەرنووسەری گۆڤاری هەردەم، پاشان وتاری پارێزگاری سلێمانی و، دواتریش وتاری بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، پێشکەشکران، لە درێژەی بڕگەکانی دیدارەکە، دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی کار و کارنامەی گۆڤاری (هەردەم) بۆ ئامادەبووان نمایشکرا، دواتریش چەپکێک گۆرانی ڕەسەنی کوردی پێشکەشکران. پاشان سێ پانێڵ پێشكەش كرا بەم شێوەیە:
پانێلی یەكەم : هێزی نەرم، پێویستی و کارگەرییەکانی. لە لایەن بەڕێزان:
1- د . ماجید خەلیل (هێزی نەرم و نەتەوەی بێ دەوڵەت).
2- د . یەعقوب مەهدی بەرزنجی (میدیا و دیبلۆماسییەتی دیجیتاڵی).
3- د . عادل حەمە كەریم (كورد و هونەر وەكو هیزی نەرم).
پانێڵی دووەم : ڕەخنە وجڤاكی كوردی. لە لایەن بەڕێزان:
1- د . نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد (فەرهەنگی ڕەخنە لە كۆمەڵگەی كوردیدا).
2- د . لانە ئاراس (پەروەردە و ئەقڵی ڕەخنەیی).
3- د . ئیبراهیم سەعید ( ڕەخنە و سۆشیال میدیا).
پانێڵی سێیەم : ژیان ئەتەكێت و پرۆتۆكۆڵ. لە لایەن بەڕێزان:
1- د . عومەر عەلی ئەحمەد (دابونەریتی كوردی و پرۆتۆكۆڵ).
2- تانیا تاهیر ( ڕۆڵی پرۆتۆكۆل بۆ هەرێمە فیدراڵییەكان).
3- د . دلاوەر عوسمان مەجید (ئەتەكێت و ژیان)
لە کۆتاییدا سوپاسنامە و ڕێزلێنان پێشکەش بە پانێڵیستەکان و بەڕێوەبەری پانێڵەکان کران. لە دوماهیدا وێنەی یادگاری گیرا و دوا ژمارەی گۆڤاری (هەردەم) پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. پاش كۆتایی هێنان بەسەرجەم بڕگەو بابەتەكانی دیدارەكە لیژنەی ڕاسپاردە لەم بەڕێزانە پێكهێنرا بۆ ئەوەی ڕاسپاردەكان پۆلێن بكات.
لیژنەی ڕاسپاردەكان بریتی بوون لە:
1- د. نیاز لەتیف
2- ئاوات حسامەدین
3- دارا محەمەد عوسمان
4- د. هۆگر محمود
5- فوئاد حەمە ئەمین سەراج
لەكۆتایی دیدارەکەدا، لیژنەکە ئەم خاڵانەی خوارەوەی وەك ڕاسپاردە خویندەوە و دوای گفتوگۆکردن پەسەندکران، بۆ ئەوەی لە دیداری سێیەمدا بە پێی توانا سوودی لێ وەربگێریت:
ڕاسپاردەکان
تەوەرەی یەکەم: هێزی نەرم
١. بایەخدانی زیاتر بە بوارەکانی هونەر و کولتوور وەک ئامرازێکی کاریگەری “هێزی نەرم” بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی
٢.بەکارهێنانی هێزی نەرم بۆ زیندۆکردنەوەی چەمکی “گرنگی دەوڵەت بۆ گەلی کورد” لە ناوەڕۆکی گۆڤارەکەدا.
٣.گرنگیدان بەو بابەتانەی دیپلۆماسییەتی کورد بەهێز دەکەن، بەتایبەت “دیپلۆماسییەتی دیجیتاڵی”.
٤.برەودان بە سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیای فەرمی و بێلایەن بۆ گەیاندنی پەیامی نەتەوەی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
تەوەرەی دووەم: ڕەخنە و جڤاکی کوردی
١. پەرەپێدانی فەرهەنگی ڕەخنە لە هەموو کایە جیاوازەکاندا (جڤاکی، هونەری، ئەدەبی،ڕامیاری، کولتووری و ئابووری
٢. تەرخانکردنی توێژینەوەی زانستی بۆ لایەنی پەروەردە و گۆشکردنی “ئەقڵی ڕەخنەیی” لە پرۆسەی پەروەردەدا.
٣. بەکارهێنانی سۆشیال میدیا وەک مینبەرێکی ڕەخنەیی زانستی بۆ خزمەتی کۆمەڵگەی کوردی.
٤.گرنگیدان بە پەروەردە و زانست لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی قووڵ و بڵاوکردنەوەی ئەنجامە زانستییەکان.
تەوەرەی سێیەم: ئەتەکێت و پرۆتۆکۆڵ
١. کارکردن لەسەر زیندووکردنەوە و پاراستنی دابونەریتە ڕەسەنەکانی کوردەواری کە بەرەو لاواز دەچن.
٢.بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر “ئەتەکێت” لە هەموو بوارەکاندا بۆ ئەوەی ببێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە لە ژیانی تاک و خێزاندا.
٣. پێناسەکردنی زانستییانەی چەمکی “پرۆتۆکۆڵ” و ڕوونکردنەوەی ئەرک و ئامانجەکانی لە بواری سیاسی و
کۆمەڵایەتیدا.
٤.کۆکردنەوە و پاراستنی فۆلکلۆر، کەلەپوور و یارییە کوردەوارییەکان لە فەوتان.
٥. بایەخدان بە کلتوور و فۆلکلۆری هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان.
تەوەرەی چوارەم: ئاڕاستەی کارکردنی گۆڤارەکە
١. چاپکردنی سەرجەم بابەت و پانێڵەکانی دیداری دووەم لە دووتوێی کتێبێک یان ژمارەیەکی تایبەتدا.
٢. دروستکردنی ڕایەڵەیەکی بەهێز لە نێوان گۆڤاری هەردەم و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان.
٢.هەنگاونان بەرەو “دیجیتاڵکردن” و ئەلیکترۆنیکردنی تەواوی بابەتەکانی گۆڤارەکە بۆ دەستگەیشتنی خێراتری خوێنەران.
٣. فراوانکردنی مەودای دیدارەکە و ئەنجامدانی “دیداری سێیەم” لە پارێزگایەکی تری کوردستان.
٤. کارکردن لەسەر یەکگرتوویی زمانی کوردی و هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ستانداردێکی زمانەوانی لە گۆڤارەکەدا.
٥. تەرخانکردنی بەشێک بۆ هۆشیاری ژینگەیی و ژینگەپارێزی وەک بابەتێکی گرنگی سەردەم.
٦. کۆکردنەوە و دۆکیۆمێنتکردنی هەرچییەکی پەیوەستە بە کەلەپووری نەتەوەیی بۆ ئەوەی لە بزربوون بپارێزرێن.
لە كۆتایی ئەم دیدارەدا هیوادارین گۆڤاری هەردەم بە پێی بەرنامە و ستراتیژی خۆی، بە پێی گونجاندن و توانای گۆڤارەكە كار لەسەر جێبەجێكردنی ڕاسپاردەكان بكات. هەروەها هیوادارین (سێیەمین دیداری هەردەم) گۆڕانكاریی چەندێتی و چۆنێتی گۆڤاری هەردەم بێت. مانەوەی ئەم گۆڤارە و پەرەپیدانی ئەركی هەمووانە، چونكە لە ئێستادا بۆتە چەترێكی ئەدەبی و هونەری و ئیستاتیكی و فیكری بۆ بیروڕا جیاوازەكان.
سلێمانی
٢٧/٦/٢٠٢٦

