رۆژنامەی ھەولێر

پرۆسەی بە عەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک بە ئاستێکی مەترسیدار بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تا دێت ژمارەی عەرەب لە کەرکووک لە زیادبووندایە، بەپێی ئامارەکانی دواین سەرژمێری عێراق ئێستا لە کەرکووک ٦٠٠ ھەزار ھاووڵاتی عەرەبی ھاوردە لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتوون و لە پارێزگاکە نیشتەجێبوونە و زیاتر لە دە گەڕەکی تازەش بەشێوەی زێدەڕۆ بۆیان دروست کراوە، ئەمەش نزیکە لە ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک، بەم ھەنگاوەش تەعریب لەم شارە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.

پرۆسەی بەعەرەبکردن لە کەرکووک سیاسەتێکی مێژوویی و بەردەوامی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیای کەرکووک، ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ھێنانی عەرەبی ھاوردە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق و گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکە بۆ کەمکردنەوەی پێگەی کورد جێبەجێ دەکرێت.
سەردەمی ڕژێمی بەعس ١٩٧٩ – ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ڕێگەی گۆڕینی ناوی پارێزگاکە بۆ “تەئمیم” دەرکردنی خێزانی کورد و نیشتەجێکردنی ھاووڵاتییانی عەرەب لە شارەکە ئەنجامدرا، ھەروەھا سیاسەتی ڕاستکردنەوەی ڕەگەزنامە پەیڕەوکرا کە ناچاریان دەکردن ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بگۆڕن بۆ عەرەب.
پرۆسەی بەعەرەبکردن پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراقە کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانە لە ڕێگەی قەرەبووکردنەوەی ھاوردەکان و گەڕانەوەی خەڵکی ڕەسەن، لە کاتێکدا کورد ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو دەدات، پێکھاتەکانی تری کەرکووک نیگەرانن لە ھەوڵە سیاسییە بەردەوامەکان بۆ گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز لە شارەکەدا.
لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی گەڕەک و خانووی عەرەبی ھاوردە لە کەرکووک زیادیان کردووە و وەک ھەنگاوێکی نوێی بە عەرەبکردنی ناوچەکە و پرۆسەکەش بەردەوامی ھەیە، بەپێی یاسای ئیداری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەم خانووانە دوورن لە بڕیاری یاسایی و بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق.
بەگوێرەی بەڵگەکان ئەو تەعریبەی لە چەند ساڵی ڕابردوو لە کەرکووک کراوە، زیاترە لەو تەعریبەی ڕژێمی پێشووی عێراق لە شارەکە کردوویەتی، گواستنەوەی ناسنامە و فۆڕمی خۆراک و پشتگیری نیشتەجێبوون، دامەزراندن و دابەشکردنی زەوی، باوترین ڕێگەکانی تەعریبن لە کەرکووک، ئێستاش بە ھەمان نەفەس شارەکە تەعریب دەکرێت.
ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکانیش ڕوودەدات ھەموو ھۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی ماددەکانی دەستوورە، ئەو تەعریبەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکان ھەیە بە درێژای مێژوو نەبووە، خەڵک دێنە ناوچە کوردستانییەکان، خەڵکی دەربەدەر نیشتەجێ دەکەن ناگەڕێنەوە، دەست بەسەر زەوی و زاری کورددا دەگرن، ئەو زولم و زۆرەی لە جووتیاران و خەڵکی کورد دەکرێت، تا ئێستاش نەبووە، ڕێگە نادەن جووتیارانی کورد گەنمەکەی خۆیان دروێنە بکەن، ئەوانە ھەموو کێشەن بۆ خەڵکی شارەکە و دەوروبەری، بەرپرسانی شارەکەش، دەڵێن، پێویستە حکوومەتی عێراق بگەرێتەوە بۆ دەستوور و ماددەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکات، ئەو کاتە ھەمووان ملکەچی بەندەکانی دەستوور دەبن.
دوای ٢٠٠٥ و جێگیرکردنی ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام و ھەر جارە و بە پاساوێک نەچوونەتە ژێرباری جێبەجێکردنی ماددەکە، کە سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، قەرەبووکردنەوە و ڕاپرسی لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئامارەکانی دواین سەرژمێری عێراق ئێستا لە کەرکووک ٦٠٠ ھەزار خێزانی عەرەبی ھاوردە لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھاتوون و لە پارێزگاکە نیشتەجێبوونە، دە گەڕەکی تازە بۆ عەرەبەکانی ھاوردە دروست کراون، ئەمەش مەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە شارەکە دروست دەکات، مەترسییەکە بە جۆرێکە ئەگەر سنوورێک بۆ عەرەب دانەنرێت، لە چەند ساڵی داھاتوودا ژمارەی عەرەبەکانی کەرکووک زۆر زیاتر دەبێت. بەم ھەنگاوەش تەعریب لەم شارە چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. حزبە کوردستانییەکانی کەرکووکیش دروستبوونی ئەم گەڕەکە زێدەڕۆیانە بە گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە دەزانن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پرۆسەی بە عەرەب کردن نزیکەی سەدەیەکە درێژەی ھەیە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر گەڕەکێکی زۆری عەرەبی و نەتەوەکانی دیکە لەو شارە دروست کراون، ئەوەش لە دەرەوەی بابەتی دەستوورە، کە بەپێی ماددەی ١٤٠، کەرکووک ئەو ناوچەیە کە کێشەی لەسەرە دەکرێت لەڕووی یاساییەوە چارەسەری ئەو بابەتە بکرێت.
کاروان کەمەرخان، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە ڕێکخراوی شاڵاوی بەعەرەب کردن لە کەرکووک بەردەوامە، بۆ نموونە لە یەکەم ھەفتەی دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر خانەوادەی عەرەب لە ناوچەکانی دیکە ھێنراوە و لە ناو کەرکووک نیشتەجێکراوە، جیا لەمانە گواستنەوە ناسنامەی باری شارستانی و فۆڕمی خۆراک، کارتی نیشتەجێبوون بە بڕە پارەیەکی زۆر کەم بۆیان دەرکراوە و ئەمەش تەعریبێکی زۆر مەترسیدارە.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: کاری ئێمە لە ناوچە کوردستانییەکان چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە، ھەروەھا بە دیکۆمێنتکردنی بابەتێکی نایاسایی و تەعریب و داگیرکاری و ئەو شتانەیە، ھەر شتێکیش ھەبێت سەرووی خۆمان لێ ئاگادار دەکەینەوە و ئەوانیش ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئەوە کاری ئێمەیە و ئەوەی پێمان کراوە کردوومانە، بۆ نموونە لە کەرکووک داگیرکاری، تەعریب و ھاتنی خەڵکێکی زۆر بۆ ناو کەرکووک و دامەزراندنی خەڵکێکی دیکە لە جیاتی خەڵکی کەرکووک ھەیە ھەموو ئەمانە بە دیکۆمێنت کراون و سەرووی خۆمان لێ ئاگادار کردوونەتەوە، ھەندێک بابەت ھەیە شوێنی خۆی گرتووە و ھەندێک بابەتی دیکەش ھەیە بە ئامانج نەگەیشتووە.
کاروان عادل کەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووک لە دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، زیاتر گوتی: ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان وەکو پێویست نییە، چەندین ساڵە کورد کە خاوەن ماڵە دەرکراوە، تا ئێستاش تەعریب بەردەوامە، سەرەڕای دەرکردنی یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە لە ئەنجوومەنی نوێنەران کەچی تا ئێستا یاساکە نەچووتە بواری جێبەجێ کردنەوە، سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەکی بۆ پێکھێنراوە بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە ئیدارییەکان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە یاسا پەیڕەو ناکرێت، ئێستاش عەقلیەتی تەعریب و شۆڤێنی و داگیرکاری لە کەرکووک پووچەڵ نەکراوەتەوە و ھەر ماوە.