وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، ڕایگەیاند کە بۆ یەکەمجار لەمساڵدا دوو حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) لە شاری هەولێر دەستنیشانکراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تووشبووەکان باوک و کوڕێکی تەمەن 71 و 39 ساڵانن و ئەندامی یەک خێزانن. هۆکاری تووشبوونیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێش 2 هەفتە لەناو ماڵەکەیاندا ئاژەڵیان سەربڕیوە و بەرکەوتنیان لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو و پاشماوەکانیدا هەبووە.
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو نەخۆشەکە لە ئێستادا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان و چارەسەر وەردەگرن، بەڵام باری تەندروستی یەکێکیان بە ناجێگیر وەسف کراوە و ئەوەی تریان تا ڕادەیەک جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و جەخت لەم خاڵانە دەکاتەوە:-:
دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ و شوێنە گشتییەکان.
لە کاتی هەبوونی هەر نیشانەیەکی گومانلێکراو لە ئاژەڵ، تیمەکانی ڤێتێرنەری ئاگاداربکەنەوە.
ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشتدا هەیە، لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی ناتەندروست بە خێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.
وەزارەت ڕوونیشی کردووەتەوە کە دوای پشکنین بۆ چەندین حاڵەتی گومانلێکراو، تا ئێستا تەنها ئەم 2 حاڵەتە لە ناو هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراونەتەوە. جگە لەمەش 2 حاڵەتی دیکە کە دانیشتووی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانی هەرێمیان کردووە.

