له كۆبوونهوهی ئهمڕۆی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان جهخت له ماف و سایشته دارایی و یاساییهكان و خهرجی حاكیمهی ههرێمی كوردستان كرایهوه، ههر له كۆبوونهوهكهدا پێداگریی كرا لهسهر وهرگرتنی شایسته داراییهكانی جوتیارانی ههرێمی كوردستان له كاتی خۆیدا لهلایهن حكوومهتی فیدڕاڵ.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەمبارەیەوە جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بە شێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاوتوێ کرد.
لەمبارەیەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵ .
دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زانیاری و وردەکاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.
دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستاندان.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمانکاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاوتوێ کرا.
ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بە پێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دروست.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجیانەی لە بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسووڵەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکیی مانگانە.
ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاسایی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بە شێوەیەک کە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد پشتبەستوو بە داتا و زانیاری دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن.
هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.

