رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێيه‌م نۆنا کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێيه‌م نۆنا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هاووڵاتیيانى مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی گەلی کوردستان و عێراقن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی کاتێدراڵی مار یووسفی کلدانی له‌ عه‌ينكاوه‌ کرد و لەلایەن پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، سه‌رۆكى كه‌نيسه‌ى كلدانى‌ له‌ عێراق و جيهان و ژماره‌يه‌ك له‌ پياوانى ئايينی مه‌سيحییەوە پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارێکدا، نێچیرڤان بارزانی وێڕاى به‌گه‌ر‌مى به‌خێرهێنانى بۆ هه‌ولێر، خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى پارتريارك بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و پيرۆزباييى دەستبەکاربوونى لێكرد، هه‌روه‌ها هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كى بۆ خۆيان و كه‌نيسه‌كه‌يان دووپات كرده‌وه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هاووڵاتیيانى مەسیحی پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی گەلی کوردستان و عێراقن و ڕۆڵی دیاریان لە مێژوو، ئێستا و داهاتووی وڵاتدا هەیە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی ئارامی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، لێبوردەیی و یەکترقبووڵكردن بۆ ته‌واوى پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانى دەمێنێتەوە.

لای خۆیەوە، پاتریارک سوپاس و پێزانینی بۆ سەردانی نێچيرڤان بارزانى بۆ كه‌نيسه‌كه‌يان دەربڕی و ستایشی ڕۆڵی مرۆیی و مێژوویيی هه‌رێمى كوردستانى كرد لە پێشوازیکردن و داڵدەدانی مەسیحییەکان و پێکهاتەکانی دیکە لە کاتی هێرشەکانی داعشدا، هەروەها کەشی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.

دۆخی مەسیحییەکان لە عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو كه‌ تيايدا ژماره‌يه‌ك له‌ وه‌زيران و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون.