رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و چەند پرسێکی گرنگی ناوخۆیی و هەرێمییان تاوتوێ کرد.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارێكدا، پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ کران و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی هێزە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری، ئارامی و سه‌روه‌ريى وڵاتدا کردەوە.

هه‌ردوولا دەربارەی دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان، بیروڕایان گۆڕییەوە، هەروەها به‌رده‌واميى دیالۆگ و لێکگەیشتنى هەولێرـ بەغدايان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، به‌ پێويست زانى.

دوایين پێشهاتە هەرێمییەکان و دۆخی ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو؛ تيایدا وێڕاى پێشوازى، خۆشحاڵییان بە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان ئەمه‌ریکا و ئێران دەربڕی و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیرییەکی جێگیر لە ناوچەکەدا، هەروەها جەختیان لە گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکان کردەوە.

كونسوڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى ديداره‌كه‌ بوو.