حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکان بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ دەستپێدەکات و بڕیارە لەو چوارچێوەیەدا شاندێکی باڵا سەردانی بەغدا بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە، لە دیوانی وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتییان کرد.
کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی ڕێکارەکانی هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق، ئەوەش لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا دەرچووە، کە دوای لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی شەهیدان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق هاتووەتە ئاراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، سەردانی شاری بەغدا بکات بە مەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێکارە کۆتاییەکان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان و هاوتاکردنی مووچەکانیان.

