ئەمڕۆ دووشەممە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کرد کە بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند.
ئامانجی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندارەکان بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان و ڕێگریکردن و لابردنی هەر جۆرە سەرپێچی و زێدەڕۆییەک کە بکرێتە سەر دارستان، سەرچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و ئاوی ژێر زەوی، زەوییە کشتوکاڵییەکان و پاوەن و بەنداو و پۆند و دەریاچەکان.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا وەزیری ناوخۆ باسی لە بایەخی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد بۆ پێویستی بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی و خۆشەویستی سروشت و پاراستنی سامانی دەوڵەمەندی کوردستان لە ڕووی ئاو و هەواو خاک و شوێنە گەشتیارییەکان.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تیمی وەزارەتەکەی، بە وردی داتاکانی تایبەت بە زەوی و سەرچاوەکانی ئاوی کوردستانیان بۆ کۆبوونەوە خستەڕوو، هەروەها سەرنج و پێشنیارەکانیان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد کە دەبنە هۆی باشتر پاراستنی ژینگە و سروشت و سەرچاوەکانی ئاو و هەوای پاک و دارستانەکان و ڕێگری لە زێدەڕۆکاران.
وەزیری ناوخۆ فەرمانی کرد کە ئەو خاڵانەی کۆبوونەوە لەسەری ڕێکەوتن، بکرێتە گشتاندن و پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆکان و دامەزراوەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ رابسپێردرێن بۆ جێبەجێکردنیان.
کۆبوونەوە بڕیاری دا لەپێناو ڕێگری لە ئەگەرەکانی ئاگرکەوتنەوە لە وەرزی دروێنە و دوای دروێنە، بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بکرێت کە جوتیار دوای دروێنە، قەسەڵ و کڵۆش و پەرێزی زەوییەکانیان بسوتێنن، ئەمەش لەبەر خراپی کاریگەرییەکانی لەسەر زەوی و زیندەوەران و هەروەها مەترسی پەرەسەندانی ئاگر و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی خەڵک و دارستان و پاوان.
هەروەها بڕیاردرا بە زیادکردنی نوێنەرانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێژنەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
باشترکردنی هەماهەنگی نێوان پۆلیسی دارستان و ژینگە لەگەڵ فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە بوو، بڕیاردرا هەموو لایەنەکان وەکو یەک تیم پێکەوە کار بکەن و میکانیزمی هاوبەش بۆ پاراستنی سامانی سروشتی کوردستان چالاکتر بکەن.

