بە گوێرەی روونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی، دامەزراندن بۆ سێکتەری تەندروستی بە گوێرەی زۆرترین ژمارەی دامەزراندن، پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی لە پلەی یەکەم و دووەمی دێن، دواتر هەولێر و دهۆک.
وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2026، لەگەڵ روونکردەوەکە، کۆپی نووسراوەکانی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانەکانی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجوومەنی راژەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە “سەبارەت بە دامەزراندنی ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی بۆ نەخۆشخانەکانی شاری دهۆک، بە پێویستمانزانی روونکردنەوە لەسەر هەواڵێکی چەواشەکارانەی کەناڵ 8 بدەین، گوایە دامەزراندن بۆ شاری هەڵەبجەی خۆشەویست نەکراوە، لە کاتێکدا هەڵەبجەی شەهید پێشەنگ و یەکەم قۆناغ و زۆرترین رێژە و ژمارەی دامەزراندنی هەبووە و بەردەوامیش دەبێت”.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەیداوە “هەربۆیە بۆ رای گشتی و بەرچاوڕوونی رایدەگەیەنین، نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە یەکەمین پارێزگا بوو، دامەزراندنی بۆ کرا و بە سێ قۆناغی جیا جیا تەنیا بۆ دامودەزگاکانی تەندروستی 151 کارمەند دامەزراوە ئەمەش زۆرترین رێژە و ژمارە بووە بەراورد بە دامەزراندن بۆ شارەکانی دیکەی سلێمانی، هەولێر و دواهەمینیان دهۆک بووە”.
هەروا رایگەیاندووە، “لە هەر دامەزراندنێک رەچاوی زانکۆکانی متمانەپێدراوی حکوومی و تایبەت بەبێ جیاوازی کراوە هەرچەندە لەو هەواڵەدا باسی زانکۆی ئەهلی دەکرێت کە لێرەوە رایدەگەیەنین ئەم زانکۆیە ئەهلی نیە و متامانەپێدراوی نێودەوڵەتییە، بۆیە سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و دڵنیاین بە شاردنەوەی راستییەکان هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەڵەبجەی شەهید هەڵناخەڵەتێن و نابنە بەکارهێنەری مەرامی سیاسی هیچ لایەنێک، بەڵکو هەمیشە هەڵەبجەی شەهید جێگەی گرنگی و پێگەی بەرزی ئەرکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و وەزارەتی تەندروستیە”.

