رۆژنامەی ھەولێر

نــــەخشەسازیی زمــــــــــان لــــــــــــــــــە ئیرۆسی جەستەوە بۆ لۆگۆسی ئامێر

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
لە کایەی فیکری هاوچەرخدا، پرسی زمان تەنها وەک ئامرازێکی گەیاندن نابینرێت، بەڵکو وەک (ماڵی بوون) و شوناسی مرۆیی دەناسرێتەوە. نووسەری ئیتاڵی (فرانکو بێفۆ بیراردی-1949) لە کتێبی ( الأبطال: القتل الجماعي والانتحار- 2015)دا پەنجە دەخاتە سەر وەرچەرخانێکی مەترسیدار کە تێیدا مرۆڤ لە (زمانی دایكی) کە ڕیشەیی لەناو هەست و جەستەدایە، هەنگاو بەرەو (زمانی ئامێری) کە لەسەر بنەمای کۆد و داتا داڕێژراوە، دەنێت. ئەو گۆڕانکارییە تەنها گۆڕینی سەرچاوەی فێربوون نییە، بەڵکو گۆڕینی شوناسی مرۆڤە لە (بکەرێکی مەعریفی) کە خاوەنی مانا و تێڕامانە، بۆ (پێكهاتەیەكی بایۆلۆژی) کە تەنها زانیاریی تێدا کۆدەکرێتەوە.
ئەگەر فەلسەفەی مۆدێرنە لەسەر گوتەزای دیكارتی (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم)، مرۆڤی وەک ناوەندی جیهان و بەرهەمهێنەری زانین دەستنیشان کردبێت، ئەوا لە سەردەمی باڵادەستیی دیجیتاڵیدا، ئەم (خود)ە لەناو زەریایەک لە ئاژاوەی زانیاریی و خێرایی پەیوەندیکردن و زڕەوێنەدا (Simulacra) گیری خواردووە. بیراردی لە كتێبەكەیدا بۆ ئەو قەیرانانە ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتی و دەروونی توندوتیژیی دەخاتەڕوو، لەوێشەوە بە هەرەسهێنانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەبەستێتەوە. وەك چۆن هەموو ئەوانەش لە جیاوازیی نێوان (وشەی دایک) و (وشەی ئامێر)، (مانا) و (زانیاری) بەرجەستە دەكات. كۆی ئاماژەكانیش بۆ (سۆسیۆلۆژیای خەمۆکی) تەرجەمە دەكات، کە تێیدا توندوتیژی بەرانبەر ئەویتر (کۆمەڵکوژی) و توندوتیژی بەرانبەر خود (خۆکوشتن)، وەک دوو ڕووی یەک دراو دەبینێ کە سەرچاوەکەیان لە جیهانی ماددیی و دیجیتاڵی پەڕگیردا خۆی لە لەدەستدانی مانا و تێکچوونی بەها مرۆییەکاندا دەبینێتەوە.
هەڵبەتە زمانی دایک لە ڕێگەی لەرەی دەنگ، گەرمی هەست و کاتی زیندووەوە مانا بەرهەم دەهێنێت. بەڵام زمانی ئامێر تەنها (زانیاری) و کۆدێکی ساردە کە بۆ (جێبەجێکردن)ە، نەک بۆ (تێگەیشتن). جەستە هێمایە بۆ گەرمی مانا و گەرمی ژیان، بەڵام ئامێر هێمایە بۆ ساردی ئامێری جێبەجێکردن و دەستکرد. کاتێک دەڵێین زمانی جەستە، مەبەست ئەو زمانەیە کە پڕە لە مانا و ئارەزوو، بەڵام زمانی ئامێر ئاماژەیە بۆ زانیاریی ڕووت. دەمەوێ بڵێم ئەگەر مانا پرۆسەیەکی مرۆیی، خاو و قووڵ بێ کە پێویستی بە جەستە و هەست و کات هەیە؛ ئەوا زانیاری کۆدێکی خێرا و ئامێرییە کە تەنها بۆ جێبەجێکردنی دروست کراوە.
لە گۆشەنیگای مارکسییەوە، دەتوانین بڵێین تەکنەلۆژیا تەنها ئامرازی بەرهەمهێنان نییە، بەڵكو (کات)یشی بە کاڵا کردووە. کاتێک کات دەبێتە ئامرازی کۆکردنەوەی (زێدە-مەعریفە)، مرۆڤ دەرفەتی تێڕامان و پرسیارکردنی نامێنێت. هەڵبەتە مارکس لە ئابووریی ماددیدا باسی لە (زێدە-بایی) دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لە (ئابووریی هێمایی)دا، مرۆڤ ڕووبەڕووی زێدەییەكان و کەڵەکەبوونی نیشانەکان دەبێتەوە؛ نیشانەی زۆر و مانای کەم..
كەواتە ئەگەرچی شۆڕشی دیجیتاڵی بە ئامانجی (ئاسانکاری) هات، بەڵام ئەو ئاسانکارییە و خێراییە سەرسامکەرەی شۆڕشی دیجیتاڵی، تێڕامانی لە مرۆڤ سەندووەتەوە و (تەمەڵی مێشک)ی وەک دەرەنجامێکی حەتمی بەرهەم هێناوە.
لێرەوە ئەو ململانێیەی نێوان نیشانە سیمیۆلۆژییەکان و فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان، ئایندەی مرۆڤ دەخاتە بەردەم مەترسی گەورەی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکانی سەردەم؛ چونكە کاتێک زمان لە (ئارەزوو) و (جەستە) جیا دەبێتەوە، پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ جیهان دەبێتە پەیوەندییەکی میکانیکیی بێ ڕۆح. دواجار تەكنۆلۆژیای دیجیتاڵی پەڕگیر تەنها برەو بە زێدەییەكان و کەڵەکەبوونی نیشانەکان نادات، بەڵکو ڕاستییەکمان پێ نیشان دەدات تاوەکو وامان لێ بکات باوەڕ بە زڕەوێنەكان بکەین. ئەوە جیاوازی نێوان زمانی جەستە و زمانی تەكنۆلۆژیایە.
ئەم كورتە نووسینە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن کار و مانا لەناو خێرایی تەکنەلۆژیادا دەبنە قوربانی.. بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا مرۆڤ دەتوانێت جارێکی تر کلیلەکانی زمان بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لە (کۆیلەی زانیاری)یەوە وەك (بکەری مەعریفی) دەركەوێتەوە؟

تەرمە زیندووەکان
لە دوای هەرەسی مانا گەورەکان و پارچەپارچەبوونی ئەڵتەرناتیڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، مرۆڤی هاوچەرخ کەوتووەتە ناو دۆخێکی نوێ لە بوون کە بیراردی ناوی دەنێت (تەرمە زیندووەکان)، كە یەکێکە لە چەمکە هەرە ترسناکەکان. چەمکی (تەرمە زیندووەکان) ئەو بکەرە (بەرکارانەن) کە بە تەواوی ڕادەستی لۆژیکی ئامێر بوون و لەناو سیستەمە تەکنەلۆژییەکاندا هەرس کراون. هەڵبەتە (فرانكۆ بێفۆ بیراردی) بۆ زێتر وێناکردنی ئەم دۆخە، چەمکی (زۆمبییەکان) و ئاڵوودەبووانی یارییە ڤیدیۆییەکان بەکاردێنێت؛ مرۆڤگەلێک کە چیتر بە مانا و بەها ناجووڵێنەوە، بەڵکو تەنها لەژێر فەرمانی (هۆرمۆنەکانی پاداشت) لە مێشکیاندا کار دەکەن و فەرمانی خوارزمەکاندا (Algorithms) بەجێدەهێنن. ئەوە سەرەتای جۆرێکە لە پووچگەراییە کە تێیدا جەستە هەیە، بەڵام ئیرادە و مانا ئامادەییان نییە.
بۆ تێگەیشتن لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردن، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چەمکەکانی میشێل فوکۆ- فوکۆ نیشانی دا کە دەسەڵات لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا تەنها بە زەبروزەنگی ڕووت کار ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی (دیسپلینکردنی جەستە)ەوە دزە دەکاتە ناو وردەکارییەکانی ژیان. دامەزراوەکانی وەک قوتابخانە، کارگە و سوپا.. جەستەی مرۆڤیان وەک ئامێرێکی بەرهەمهێنەر ڕاهێناوە. فوکۆ لە ڕێگەی چەمکی (بایۆ-پۆلەتیک) ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن دەوڵەت و سیستەمەکان، ژیانی بایۆلۆژیی تاکەکان (تەندروستی، وەچەخستنەوە، وەرزش) ڕێکدەخەن بۆ ئەوەی جەستەیەکی گوێڕایەڵ و بەرهەمهێنەر دروست بکەن. بەڵام لە سەردەمی پۆست-مۆدێرن و دیجیتاڵیدا، ئەم دیسپلینە بۆ جۆرێکی نوێ لە (کۆمەڵایەتیبوونی جەستەیی) گۆڕاوە. ئەگەر جاران کارگە جەستەی ڕێکدەخست، ئێستا سۆشیاڵ میدیا و شاشەکان جەستەمان (دیزاین) دەکەن. (وێنەی جەستە) لە ژێر گوشاری فلتەرەکان و ستانداردە جیهانییەکانی جوانیدا وەك (پڕۆژەیەکی بەردەوام) كاری لەسەر دەكرێت. مرۆڤ چیتر لەناو جەستەی خۆیدا ناژیت، بەڵکو هەمیشە (لە ڕێگەی نەشتەرگەری جوانی یان ڕێجیمە توندەکان) سەرقاڵی چاککردن و نۆژەنکردنەوەیەتی تاوەکو لەگەڵ داخوازییە بەردەوامەکانی (بازاڕی وێنەکان)دا بگونجێت. لێرەوەیە مرۆڤ لە جەستەی خۆی نامۆ دەبێت و دەبێتە کۆیلەیەکی گوێڕایەڵی سیستەم.
كاتێك جەستە دەبێتە ئاوێنەی کۆمەڵگە، نەک ماڵی تایبەتی خود. كاتێك ئازادیی ڕاستەقینە لە ساتەوەختی (هۆشیاریی جەستەیی)یەوە دەست پێدەکات؛ ئیتر مرۆڤ دەتوانێت لە نێوان ئەوەی کە چەندێک لە ڕەفتارە جەستەییەکانی هی خودی خۆین و چەندێکیان (بەرهەمی سیستەمن) جیاکاری بدۆزێتەوە. لەو دۆزینەوەیەوە بیراردی وەک نیشانەشکێنێک، کشانەوەی خۆی لەو سیستەمە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەكان ڕادەگەیەنێت، چونکە پێیوایە چارەسەر لە (نەخۆشخانەکان)دا نییە، بەڵکو لە گۆڕینی ڕیشەیی ئەو فاکتەرە کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیانەدایە کە جەستەیان کردووەتە (کۆیلەیەکی زیندوو).

فاشیزمی تەکنۆلۆژی
پرسی زمان و فاشیزمی تەکنۆلۆژی، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو مەترسیدارترین قەیرانی (بوون)ی مرۆڤی هاوچەرخی لەخۆ گرتووە. لێرەدا دەسەڵاتی فاشیزمی نوێ چیتر وەک هێزێکی دەرەکی کار ناکات، چیتر پێویستی بە زیندانی فیزیکی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکەی بریتییە لە (داگیرکردنی ناوەوە)؛ واتە دەستبەسەرداگرتنی (زمان) وەک ناوەکیترین ڕەهەندی مرۆڤبوون. لە سایەی ئەم فاشیزمە نوێیەدا، ئێمە شایەتی وەرچەرخانێکی ئۆنتۆلۆژین: گواستنەوە لە (بکەری تێگەیشتن)ەوە بۆ (بەرکاری زانیاری).
دەمەوێ بڵێم (ژیریی- زیرەكیی دەستکرد- (AI لە ئامرازێکی یارمەتیدەرەوە دەبێتە (بکەرێکی باڵادەست) کە زمانی تێگەیشتنی مرۆیی پەراوێز دەخات. لێرەدا لۆژیکی (زانیاری) جێگەی لۆژیکی (تێگەیشتن) دەگرێتەوە. ئەگەر مانا پرۆسەیەکی زیندووی گواستنەوەی ئەزموون و هەستە مرۆییەکان بێت، ئەوا زانیاری تەنها داتایەکی ڕووت و ساردە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە تەکنیکییەکان کۆد کراوە. ئەوە بەو مانایەیە کە زمان لە (ماڵی بوون)ەوە دەبێتە (کارگەی بەرهەمهێنان).
فاشیزمی تەکنۆلۆژی زمان لە ڕەگەزە بایۆلۆژی و هەستییەکانی دادەماڵێت. زمانی مرۆیی کە پێشتر بە لەرەی دەنگ، گەرمی جەستە و نیگای چاوەوە بەند بوو، ئێستا بووەتە زمانێکی دیجیتاڵیی سارد. کاتێک زمان لە جەستە جیا دەبێتەوە، (هاوسۆزی) وەک بەهایەکی ئەخلاقی لەناو دەچێت. مرۆڤەکان دەبنە (تەرمی زیندوو) کە لە پشتی شاشەکانەوە تەنها (کۆد) ئاڵوگۆڕ دەکەن، بێ ئەوەی توانای درککردنی ئازار و بوونی ئەوی تریان هەبێت.
پرۆسەی (ئۆتۆماتیککردنی زمانی مرۆڤ) لەم چەند دەیەی ڕابردوودا بەڕێوە چووە. بێگومان زمانی دایک کە ڕەگی لەناو مێژوو و ئەزموونی جەستەدایە، بەڵام کاتێک زمان ئۆتۆماتیک دەبێت، بیرکردنەوەش دەبێتە میکانیکی. بەمجۆرە زمانی دایك لەبەردەم زمانی ئامێردا پاشەکشە دەکات. بە مانایەكی دیكە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا و خوارزمەکانەوە، مرۆڤ چیتر ڕستە و مانا گەڵاڵە ناکات، بەڵکو تەنها ئەو (قاڵبە ئامادانە) دووبارە دەکاتەوە کە سیستەمەکە پێشنیاری دەکات. کاتێک زمان دەبێتە ئۆتۆماتیک، بیرکردنەوەش دەبێتە ئۆتۆماتیک؛ ئەمەش ژینگەیەکی نموونەییە بۆ فاشیزم، چونکە بکەرێک کە توانای داهێنانی زمانی نەمێنێت، بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
هەڵبەتە فاشیزمی تەکنۆلۆژی پێویستی بە دیوار و زیندانی فیزیکی نییە؛ ئەو (دەروون-زمان)ی مرۆڤی لەناو سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا کۆد کردووە. ئەوە جۆرێکی نوێیە لە کۆیلایەتی کە تێیدا مرۆڤ لەناو (زیندانێکی مەعریفیدا) دەژی، بەڵام وا هەست دەکات ئازادە! چونکە دەتوانێت قسە بکات. لە ڕاستیدا ئەم ئازادییە وەهمێکە؛ چونکە مرۆڤ تەنها ئەو شتانە دەڵێت کە سەکۆکە ڕێگەی پێ دەدات و بەو شێوەیە بیر دەکاتەوە کە خوارزمەکە ئاراستەی دەکەن.
دواجار کرۆکی دەسەڵاتی هاوچەرخ، چیتر لە زەبروزەنگی فیزیکیدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە (کۆنترۆڵکردنی زمان) و داگیرکردنی فەزای ماناوە سەرچاوە دەگرێت. زمانێک کە کاتی خۆی ئامرازی ڕزگاری بوو، ئێستا بووەتە کەرەستەیەکی پۆڵایینی سیستەم؛ هەموو وشەیەک پێشوەختە کۆد کراوە تا لە خزمەت مانەوەی (ئامێرە گەورەکە)دا بێت. كەواتە ئەرکی فیکریی ئێستا، گەڕانەوەیە بۆ زمانی جەستە و ئارەزوو بۆ تێکشکاندنی ئەم زیندانە کۆدکراوە.