رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە یەكێتی ئەوروپا سەردانی پەرلەمانی بەلجیکای كرد

د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی پەرلەمانی بەلجیکایان کرد و لەلایەن لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانەوە پێشوازی لێ کرا.

له‌ کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، د. دلاوەر ئاژگەیی تیشکی خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

له‌ دیدارەکەدا نوێنەری حكوومەتی هەرێم بە وردی باسی لەو تەحەددییاتانە کرد کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمەوە.

تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە بریتی بوون لە:

هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرەرای راگەیاندنی ئاگربەست و کاریگەرییەکانی لەسەر بارودۆخی کوردستان و ژیانی هاووڵاتییان.

پشتیوانیی سیاسی و دەستووری: داواکاری لە پەرلەمانی بەلجیکا بۆ پشتگیریکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا.

پەیوەندییە ئابوورییەکان: هاندانی کۆمپانیا بەلجیکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک مەڵبەندێکی ئارام و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی ئاشتیخوازانەی خۆی وەکو فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكە.

بۆیە گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددیانە دۆستانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت یەکێتیی ئەوروپا و بەلجیکا هەیە پشتگیری زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا نوێنەری حکوومەت وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە.

لای خۆیانەوە، سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیکا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان کرد لەو رۆڵەی لە ناوچەکە دەبینیت و پاڵپشتی و هاوسۆزی خۆیان بۆ حکوومەت و گەلی کوردستان دووپات کردەوە و جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان برۆکسل و هەولێر کردەوە و بەڵێنیان دا کە داواکاری و سەرنجەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی داهاتووی پەرلەماندا ڕەنگدانەوەی هەبێت.