رۆژنامەی ھەولێر

گوتەبێژی پارتی: دەرگامان واڵایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جەخت لە پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یەکڕیزی دەکەینەوە

ئەمڕۆ شەممە، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی پارتەکەی کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، مەحموود محەمەد ڕایگەیاند: دەرگای پارتی دیموکراتی کوردستان واڵایە و شاندی ئێمە سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە. هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و گەیشتن بە ڕێککەوتنی پێویست، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرینە بەر تاوەکو کێشەکان چارەسەر بکرێن.”

سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی، گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کرد: “پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، داوای لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد کە بەرژەوەندییە باڵاکان بخەنە سەرووی هەموو ئامانجەکان و کۆتایی بە لێکدوورکەوتنی سیاسی بهێنن. جەختیشیکردەوە کە پێویستە دوای جەژن هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ پێکهێنانی سەرۆکایەتی پەرلەمان.”

هەروەها مەحموود محەمەد باسی لەوەش کرد کە تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام جەختی کردەوە کە پارتی پاڵپشتی لە هەر هەنگاوێکی تەوافوقی دەکات کە ببێتە هۆی بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پڕۆسەی سیاسیدا.

لە تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی پارتی تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕایگەیاند: “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بەرەو باشتربوون دەچن. پێویستە حکوومەتی فیدراڵ دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی بۆ بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دروستکراون و پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناتەباکان.”

ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتێکدایە، کە سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز داوای لە لایەنە سیاسییەکان کردبوو بە گیانێکی نیشتمانییەوە کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان.