د. وەسـام باسـندوە
بڕیاری سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، بە یەکێک لە بوێرانەترین و داهێنەرانەترین بڕیارە ستراتیژییەکان لە بەڕێوەبردنی ململانێی جیۆپۆلیتیکی و ئابووریدا لەم جەنگەدا دادەنرێت. ئەم بڕیارە تەنها لە چوارچێوەی ئامرازە نەریتییەکانی سزای ئابووریدا نییە، بەڵکوو بۆ ئاستێکی کاریگەرتر تێ دەپەڕێنێت؛ چونکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ شادەماری ئابووریی ئێران دەکاتە ئامانج و هاوسەنگییەکانی هێز سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە، بێ ئەوەی بچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی هەمەلایەنەوە. لێرەدا بە وردی تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەم بڕیارە:
یەکەم: ڕەهەندە گەورەکەی ئەم بڕیارە بۆ خنکاندنی ئابووریی ئێران بە خێراییەکی بێپێشینە دەردەکەوێت . لەبری سزا باوەکان کە کاتێکی زۆریان دەوێت تا ئەنجامیان هەبێت، گەمارۆی دەریایی ڕاستەوخۆ لە قووڵایی هەناردە و هاوردە دەدات. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ئێران ڕۆژانە نزیکەی ٢٧٦ ملیۆن دۆلار لە هەناردەکردن زیان بکات، وێڕای پەککەوتنی هاوردە بە بڕی ١٥٩ ملیۆن دۆلار؛ ئەمەش واتە زیانێکی گشتی کە دەگاتە نزیکەی ٤٣٥ ملیۆن دۆلار لە ڕۆژێکدا (نزیکەی ١٣ ملیار دۆلار لە مانگێکدا). ئەم ئامارانە نیشانەی پشتبەستنی گەورەی ئێرانن بە ڕێڕەوە دەریایییەکان، چونکە زیاتر لە ٩٠٪ی بازرگانییەکەی بە ناو کەنداودا تێپەڕ دەبێت.
دووەم: ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین کارتە ستراتیژییەکان لە دەستی ئێران دەردەهێنێت، کە ئەویش کارتی فشارە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە. تاران هەمیشە ئەم گەرووەی وەک ئامرازێکی هەڕەشە دژی جیهان بەکار هێناوە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری. بەڵام گەمارۆی دەریایی هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە؛ ئێران لە ڕۆڵی «پۆلیس»ی ناو گەرووەکە بێبەش دەکات و دەیکات بە لایەنە گەمارۆدراوەکە، ئەمەش توانای باجسەندن و کۆنترۆڵکردنی جوڵەی بازرگانیی جیهانیی لێ زەوت دەکات.
سێیەم: ئەم ڕێکارە ئێران دەخاتە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەڵام بە شێوازێک کە لە ڕووی سیاسییەوە پاساودارە. ئەگەر ئەم گەمارۆیە وەک هەنگاوێکی پێشوەختە لەلایەن ئەمریکاوە بسەپێنرایە، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی نێودەوڵەتی فراوان دەبووەوە؛ بەڵام ئێستا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڕەشەکانی سەر دەریاوانیی نێودەوڵەتی دێت، ئەمەش دەیکاتە کارێکی ڕەوا و پەسەندکراو.
ئەزموونەکان دەریانخستووە کە گەمارۆ ئەگەر بە جدی بسەپێنرێت، کاریگەریی خێرا و قووڵی دەبێت. کاتێک چاودێریی دەریایی توند دەکرێت و ڕێگری لە قاچاخچێتی دەکرێت، سەرچاوە دارایییەکان دەخنکێن و توانای کارکردنی لایەنە ئامانجگیراوەکان لاواز دەبێت. پێشبینی دەکرێت هەمان شت بۆ ئێرانیش ڕوو بدات، کە خۆی لە بنەڕەتدا بەدەست دۆخێکی ئابووریی فشەڵ و فشارە ناوخۆیییەکانەوە دەناڵێنێت. ڕژێمی ئێران دەزانێت مەترسیدارترین شت بۆ ئەو، ئەگەری تەقینەوەی بارودۆخی ناوخۆیییە بەهۆی داڕمانی ئابوورییەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، کاریگەرییەکە لە کەرتی وزەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی ئەو وڵاتەیە؛ نەوت و گاز نزیکەی ٨٠٪ی داهاتی هەناردەکردنی حکومەت پێکدەهێنن. لەگەڵ گەمارۆکەدا، هەناردەکردنی نزیکەی ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا ڕادەگیرێت. هەروەها هەناردەی پترۆکیمیاوی و هەناردە نانەوتییەکانیش تووشی زیانی گەورە دەبن. ئەوەی دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات، نەبوونی جێگرەوەی گونجاوە؛ چونکە ئەو بەندەرانەی دەکەونە دەرەوەی گەرووی هورمز (وەک جاسک و چابەهار)، توانای پێویستیان نییە و ناتوانن زیاتر لە ١٠٪ی قەبارەی بازرگانییەکە دابین بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، نەمانی لێشاوی دراوی بیانی دەبێتە هۆی خێراکردنی داڕمانی ڕیاڵی ئێرانی و دروستبوونی «هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر»، ئەمەش ئەگەری ئاڵۆزیی ناوخۆیی زۆرتر دەکات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، هاوپەیمانەکانی ئێران (وەک چین) زەرەرمەندی یەکەم دەبن، بەڵام دوورە لەوەی ئەو وڵاتانە لە پێناو ئێراندا بچنە ناو جەنگێکی سەربازییەوە. بۆیە ئەو زیانەی بەر هاوپەیمانەکان دەکەوێت، دەبێتە فشارێکی زیاتر لەسەر خودی ئێران.
دەرئەنجام
گەمارۆی دەریایی ئامرازێکی فشاری ئاوێتەیە کە کاریگەریی ئابووریی خێرا، باڵادەستیی ستراتیژی و چەتری سیاسیی نێودەوڵەتی کۆدەکاتەوە. ئەمە نموونەیەکی ڕوونی بیرکردنەوەی «دەرەوەی چوارچێوە باوەکان»ە، کە ئێران دەخاتە بەردەم تەحەدایەکی ئابووریی بێپێشینە و ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕینی ڕەفتارەکانی یان تێکدانی تەواوەتیی ئەو سەقامگیرییە ناوخۆییە فشەڵەی کە هەیەتی.

