رۆژنامەی ھەولێر

هەمووتان بەرپرسن و هەمووشتان بەرپرسیارن لە ژێردەستەکانتان

عومەر چنگیانی
ئەوناونیشانەی كردوومەتە سەردێڕ، گوتاری هەینی دەستنیشانكراوی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی ڕابردوومان بوو 10ی4ی2026 لەسەردوانگەی مزگەوتی خەدیجە كوبرا، كە سەرەتا بە ئایەتی 22 و ٢٣ و ٢٤ـی سوورەتی (صافات)ـەوە دەستمان پێ كرد كە لە باسی دیمەنێكی گۆڕەپانی ڕۆژی سەڵادا باس لەوە دەكات كە چ فەرمانێكی خودا بۆ فریشتەكانی ئەركی لێپێچانەوە پێسپێردراو ڕووبەڕووی ستەمكاران دەردەچێت و دەفەرمێت:
(ئەوانە كۆبكەنەوە و لێیان بخوڕن و لێپێچانەوەیان لەگەڵ بكەن كە ستەمكاربوون، خۆیان و هاوتەریب و هاوسەرو خانەوادەكانیان لەگەڵ ئەو پەرستراوانەیشیان كە بەدەر لەخوا دەیانپەرستن، بەرەو دۆزەخیان ببەن، تۆڵەی خۆبەگەورەزانین و خۆکردنەخوا لە خەڵك و یاساپێشێلكردنەكانیشیان لێ بكەنەوە و ڕایانگرن لەبەر گەرمای تیشكی خۆری لە زەوی نزیكخراوەی ڕۆژیی دوایی چونكە ئەوانە بەرپرسیارن.)
وەك هەمووان دەزانین، وڵاتەکەمان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، کە تێیدا ململانێ و ئالنگاری گەورە بوونە و ئەو بەڵا و تاقیکردنەوانە زیادیان کردووە کە هەڕەشە لە گیان و نامووس و ماڵ دەکەن، ئەمەش پێویستی بە بێدارییەکی ڕاستەقینەی ئیمانی و هەستی قووڵ بەرپرسیارێتی هەیە.
خودای گەورە هەواڵی پێ داوین کە تاقیکردنەوە سوننەتێکی بەردەوامە، وەک لە ئایەتی 155ی سوورەتی بەقەرەدا دەفەرمێت:
(بەڕاستی ئێمە تووشی هەندیك تاقیكردنەوەی سەختتان دەكەین بە ترس وەبەرنان و برسێتی پێچەشتن و كەمكردنەوەی هەندێك لە داهات و ماڵ و سامان و بگرە كەسوكاریشتان، وەلێ مزگێنی بدە بەو كەسانەی دانی ئارام بەخۆدا دەگرن). بێگومان فەرموودەکەی پێغەمبەری خودا، دروود و سەلامی خوای لەسەر: (هەمووتان شوانن و هەموویشتان بەرپرسیارن لای خوا لە ژێردەسەكانتان)؛ تەنها چەند وشەیەک نین بخوێنرێنەوە، بەڵکو بەرنامەی ژیان و دەستووری نەتەوەیەکە، ویژدان بێدار دەکاتەوە و بەرپرسیارێتی هەر یەکێکمان لە بەردەم خودای گەورە دەخاتە سەر شان.
بەرپرسیارێتی پێوەری پیاوەتی و ئیمانە:
بەرپرسیارێتی لە ئیسلامدا ئامانەتێکی گەورەیە و، ڕەفتارێکە لە کاتی قەیرانەکاندا دەردەکەوێت و ڕاستگۆیی پیاوانی پێ دەناسرێتەوە، هەروەها ئیمانی بەندە و نرخی پێ دەپێورێت.
یەکەم: بەرپرسیارێتی پاراستنی ئامانەتەکان:
پاراستنی ئامانەت بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی ئیمان و تەواویەکەی و، بەفیڕۆدانیشی نیشانەی تێکچوونی دڵ و زەنگی ئاگادارکردنەوەی گەندەڵییە لە کۆمەڵگەدا. بڕواداری ڕاستگۆ هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات لە پاراستنی ئامانەت، پاراستنی مافەکان و، پاراستنی خێزان و کۆمەڵگە لە پشێوی و دەستدرێژی.
دووەم: بەرپرسیارێتی نیشانەی بەهێزی کەسایەتییە:
کەسایەتی ڕاستەقینەی پیاوان لە کاتی تەنگانەدا دەردەکەوێت. کاتێک قەیرانەکان سەخت دەبن، بڕواداری ڕاستگۆ دەردەکەوێت کە دەستپێشخەری دەکات بۆ کاری چاکە و هانا بۆ لێقەوماوان دەبات.
سێیەم: بەرپرسیارێتی ناونیشانی ڕاستگۆیی برایەتییە:
پێغەمبەر، دروود و سەلامی خوای لەسەر دەفەرمێت: (بڕوای هیچ كەسێك لە ئێوە بەتەواوەتی دانامەزرێت تا نەگاتە ئەو پلە و پایەیەی كە ئەوەی پێ خۆش بێت بۆ براكەی كە بۆ خۆی پێی خۆشە.) بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە هەستکردنێکی زیندووە بە ئازاری ئەوانی تر و هەوڵدانە بۆ سووککردنی ئەو ئازارانە.
بوارەکانی بەرپرسیارێتی لە واقیعی ئێستادا:
بەرپرسیارێتی هەمووان دەگرێتەوە، هەرکەسە و بەپێی پێگە و توانای خۆی و، بەپێی ئەو پلە و نیعمەتەی خودا پێی بەخشیوە.
یەکەم: بەرپرسیارێتی فەرمانڕەواکان و سەرکردەکان:
فەرمانڕەواکان ئامانەتی گەلەکەیان لەئەستۆدایە. ئەرکی سەرشانیانە دادپەروەری بەرپا بکەن، ئاسایش بپارێزن، ڕێگە لە پشێوی بگرن و، خوێن و نامووسی خەڵک بپارێزن. نابێت کەمتەرخەمی بکرێت لە ئاسایشی خەڵک و، نابێت لە ئاست ستەمدا بێدەنگ بن.
دووەم: بەرپرسیارەتیی بازرگانان و خاوەن سەرمایەکان:
ماڵ و سامان ئامانەتە و هۆکار نییە بۆ چەوساندنەوە. بازرگانی ڕاستگۆ بازرگانی بە ئازاری خەڵکەوە ناکات و، خەمەکانیان دووقات ناکاتەوە لەپێناو قازانجێکی کاتی. لە کاتی قەیرانەکاندا، بەرامبەر خەڵک بەڕەحم دەبێت، باریان سووک دەکات نەک قورسی بکات. لێرەدا مەبەستمان لە بازرگان هەرکەسێکە کە کڕین و فرۆشتن بکات، چ کەم بێت یان زۆر.
سێیەم: بەرپرسیارێتی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران:
ڕاگەیاندن ئامانەتێکی گەورەیە، وشە دەکرێت ئاوا بکات یان وێران بکات. پێویستە لەسەر ڕاگەیێنەوان و ڕۆشنبیران ڕاستگۆیی بپارێزن، هۆشیاری بڵاو بکەنەوە و، دوور بکەونەوە لەو دەنگۆیانەی خەڵک دەترسێنن و ڕیزەکان پەرت دەکەن و متمانەی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگە لاواز دەکەن.
چوارەم: بەرپرسیارەتیی خەڵک بە گشتی:
هەر تاکێکی ناو کۆمەڵگە بەپێی توانایی و وزەی خۆی بەرپرسیارە. وشەی چاک سەدەقەیە، لادانی ئازار لە ڕێگەی خەڵك سەدەقەیە، یارمەتیدانی پێویستمان سەدەقەیە و، دوعا کردنیش چەکی بڕوادارە کە هیچ هێزێک نایبەزێنێت.