خوسرهو جاف
ئەوی دەبینرێت و دەخوێندرێتەوە لە ڕۆژنامە و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندندا، بەتایبەت لە بواری سیاسی و ڕەخنەگرتندا، هەر یەکجار لام سەیرن! بەڵێ، جاران وەک ئێستا بەم بەربڵاوییەی ئەمڕۆ، نە ڕۆژنامە، نە گۆڤار و نە ئامێری ڕاگەیاندن بەم شێوەیە بەدەستەوە نەبوون. لەو توانا کەمەدا کەوا لەبەر دەستدا بوو، (نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساو) پارێزراو بوو.
بەبیرمە کتاوێک دەردەچوو، بە دەستی هەمووان نەدەکەوت؛ ئەگەر بەلای ناسیاوێکەوە بوایە، ناومان دەنووسی تا بە نۆرە بیخوێنینەوە. ئێستا لە مانگێکدا هەر نەبێت پەنجا کتاوی جۆراوجۆر لەژێر چاپ وەدەر دێن و سەرجەم دە خوێنەریان نابێت!
بەندە زۆربەی زۆری نووسەران و ئەدیبانی ئەوسا و ئێستا دەناسم و پەیوەندیشم لەگەڵ زۆربەیاندا هەیە و باش یەکتر دەناسین؛ بەداخەوە زۆربەی زۆریان لە ساڵێکدا یەک کتێب ناخوێننەوە! ئەم نەخوێندنەوەیە گرفتێکی نەتەوایەتییە ئێمەی کوردی تیاداین. ڕاستە ئەم ئامێرە تازەباوانە جێگەیان لە خو و خەسڵەتماندا خۆش کردووە و بوونەتە خەو و خۆراکمان؛ پیر و گەنج، ژن و پیاو، وەک یەک خوویان پێوە گرتووە و ناتوانن بۆ ماوەیەکی کورتیش دەستبەرداری بن، وا پێیانەوە چەسپاون ترسیان لەوەیە بەدەستیانەوە بفڕێت.
بەندە، هەرچی بیری لێ دەکەمەوە ناگەمە وەڵامێکی ڕازیکەر؛ ئەم ئامێرانە لە وڵاتانی ترەوە گەیشتوونەتە ئێمە، لە وڵاتی ئەوان زۆربەی خەڵک لە باخچە و پارکەکاندا کتاویان بەدەستەوەیە و دەخوێننەوە، یان ئەگەر بنواڕینە ناو پاس و ترام و قیتاری ژێر زەوی، ژمارەیەکی زۆر کتاویان بەدەستەوەیە و دەخوێننەوە. زۆرینەی خەڵکانی لای خۆمان، ئەوەندەی پەنجەی شایەتمانیان هەڵدەدەنە سەر مۆبایلەکانیان، ئەوەندە لە فکری خودادا بوونایە، دنیایەکمان وەک ئەمڕۆ نەدەبوو!
با بگەڕێمەوە سەر سەرەتای ئەم باسەم؛ کابرا دەڵێت: «باشە خوسرەو جاف، ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بوویت و ساڵی ١٩٦٣ بوویتە پێشمەرگە، بوویت بە سەرلقی هێزەکەی لای خۆتان، بوویتە ئەندامی یەکەمین پەرلەمانی عێراق دوای ڕووخانی سەدام، لە نووسینەکانی ڕۆژنامەکاندا هەمووی هەیە؛ بۆچی پارێز دەکەی لە دونیای سیاسەت بدوێیت و بنووسیت؟»
برادەر! ئەم پرسیارەم زۆر لێ کراوە، فەرموو گوێ هەڵخە بۆ وەڵامەکەم: ئەوانەی لە نزیکەوە من دەناسن دەزانن کابرایەکی وەک من، نە لە ئێستا و نە لە ڕابردوودا، نە لە برسان و نە لە ترسان نەمنووسیوە! ئەوانەی نووسینەکانی هەشتاکان و نەوەدەکانی خوسرەو جافیان خوێندبێتەوە، پڕی پڕ بووە لە پەلار و ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، چەندان جار مەجالیسی تەحقیقیان لەسەر گرتووم دەربارەی تەشبیهاتی ناو ڕۆمانەکانم؛ ئەوانەی ئەهلی سەوادی ئەو سی ساڵەی ڕابردوون، شایەتی دەدەن.
ئێستاش تەمەنم لە هەشتا بەسەرە، نە بە تەمای وەزیری و گزیری و مزیریشم تا بکەومە شانهەڵتەکاندن، تازە کاتی ئەوەم بۆ نەماوەتەوە. ئەوە چوار ساڵە، هەموو ساڵێک دە کتاوم لەژێر چاپ وەدەر دەچن، هەر بەوانە ڕادەگەم. لەو لاشەوە هێندە قەڵەمبەدەستی بواری سیاسی – ناشوکری نەبێت – هێندە زۆرن دەڵێی لەشکری مەغۆلن، پەیڕەوی باوەڕی «لێدە و بڕۆ» دەکەن؛ چاک بێت یان خراپ بێت قەیناکە، ئەوە چاکە کە ئەو نووسیویەتی!
هەمیشە شەوان لای پەروەردگار، پێش نووستن دوعا دەکەم و لەگەڵ پەروەردگارم دەدوێم و دەڵێم:
خودایا! ئەم میللەتە مەحرووم و بێ پشتوپەنایە بپارێزە لە ژیان، لە نەخوێندەواری، لە بێدەوڵەتی. ئەوە ٢٥٠٠ ساڵە ئێمەی کورد دوچاری گرفتی خۆمانین، کارێکی وا بکە بە خۆماندا بچینەوە. بۆ تۆ چییە؟ با ئاڵای ئێمەی کوردیش بە بای ئۆقیانووسی ئەتڵەس، لە بن دەستی باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بشەکێتەوە؟ بە خۆت قەسەم «کون فەیەکون»ـێکە!
ئیدی بەسە ئەی پەروەردگاری ڕەحمەت و بەخشین، ناڵێی ئێمە چین؟ تاکەی گیرۆدەی ململانێی نەزۆکی ناوخۆ بین؟ ئایا بەلاتەوە شایستە نین؟ ئەی خوای ئەرحەموڕاحیمین، تا ئێرە با بەس بێت. ڕەحمەتێ، هیمەتێ؛ لە میللەتانی دەوروبەرمان باشتر نەبین، خراپتر نیەین! هاوارەکانمان بێ فریادڕەسە! هەروەها بوونمان، ئیدی با بەس بێت!
پەروەردگارە، یا مەرگ یا تاقەت! ئێمەش وەک گەلانی ئازادی جیهان بەندەی جەلالی تۆین، ئازادیمان پێ ببەخشە تا ڕۆحی شەهیدانمان لە کفنە ڕازاوەکانیاندا ئاسوودە بکەیت.

