عەبدولقەهار هەولێری/ هۆڵەندا
لە چوارچێوەی کۆنسێرت و فێستیڤاڵی (VEF 2026) لە پۆڵەندا، کوردستان بە پێشکەشکردنی بەشێک لە هونەر، کەلتوور و کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردی، بەشدارییەکی جیاواز و سەرنجڕاکێشی لە پرۆگرامە هونەرییەکەدا کرد.
لە بەشی کوردستانی ئەم بۆنە هونەرییەدا، تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێر بە پێشکەشکردنی ژمارەیەک لە هەڵپەڕکێ و گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان، بە شێوەیەکی هونەری و ڕەنگاڵە، بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کولتووری کوردی، بە تایبەتی ژیانی گوند و نەریتی کۆن، بۆ ئامادەبووانی بۆنەکە خستە ڕوو.
لە خشتەی فەرمیی پرۆگرامەکەدا، بەشی کوردستان بە ناوی «ŻYCIE NA WSI»، بە واتای «ژیان لە گوند»، تۆمار کراوە و بۆ پێشکەشکردنی ئەم پرۆگرامە هونەرییە ماوەیەکی پێوانەیی دیاریکرابوو.
پێشکەشکردنی هەڵپەڕکێ و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان لەلایەن تیپی هونەرە میللییەکانی هەولێرەوە، تەنها نمایشێکی هونەری نەبوو، بەڵکوو وێنەیەکی زیندوو بوو لە کەلەپوور، نەریت، ژیانی گوند و ناسنامەی کوردی؛ بە شێوەیەک کە هونەر بووە زمانێکی هاوبەش بۆ پەیوەندیکردنی کەلتوورەکان بە یەکەوە.
ئەم بەشدارییە، لە چوارچێوەی بۆنەیەکی نێودەوڵەتی لە پۆڵەندا، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ناساندن و بەرجەستەکردنی هونەر، کەلەپوور و ناسنامەی کوردی لە دەرەوەی سنوورەکان و، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هونەرمەندان و تیپە هونەرییە کوردییەکان بە بەشداری لە بۆنە نێودەوڵەتییەکانەوە، دەنگ و ڕەنگی کەلتووری کوردستان بگەیەننە جەماوەرێکی فراوانتر.

