رۆژنامەی ھەولێر

لە سلێمانی شەشەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت

عەبدولغەفار عەبدوڵا

 

خولی شەشەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی، بەبەشداری بەرهەمە سینەماییە ناوخۆیی و جیهانییەکان، بڕیارە ٩ـی ئەیلوولی 2026، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

رۆزا شێخانی، گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە گوتی: ئەمساڵ خولی شەشەمی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی پێشتر پێنج خولی دیکەمان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد. ساڵانە فیلمەکان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان و ناوچەکەوە بۆ فێستیڤاڵ دەنێردرێن و ژمارەیەک لە سینەماکاران و میوانانی تایبەتیش بانگهێشتی فێستیڤاڵ دەکرێن.

گوتیشی: ئامانجی فێستیڤاڵەکە تەنیا پیشاندانی فیلم نییە، بەڵکو دەمانەوێ بە دروستکردنی بوارێک بۆ تێکەڵبوونی کولتووری، سینەمایی و فەرهەنگی، پەیوەندییەکی زیاتر لەنێوان سینەماکارانی کوردستان و هاوپیشەکانیان لە جیهاندا دروست بکەین و بەرەوپێشبردنی هونەر و کولتوور لە سلێمانی یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵ، بە تایبەتی لە بوارێکی وەک سینەما کە دەکرێت ببێتە پردێک بۆ ناساندنی تواناکانی هونەری و چیرۆکە کوردییەکان بە جیهان.

گوتەبێژی فێستیڤاڵەکە باس لە خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ دەکات و دەڵێت: جیاوازییەکی گرنگی خولی ئەمساڵ، ژمارەی خەڵاتەکانە؛ 30 خەڵات بۆ باشترین بەرهەم و هونەرمەند و بەشە جیاوازەکانی فێستیڤاڵ تەرخان کراوە. خەڵاتەکان لەلایەن لێژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەوە دیاری دەکرێن و لە گرنگترین خەڵاتەکاندا وەکو، خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین دەرهێنان، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەری. لەگەڵ ئەمانەشدا، چەندین خەڵاتی دیکەی تایبەت هەیە کە بڕیاری کۆتایی لەلایەن لێژنەی دادوەرییەوە لە کۆتایی فێستیڤاڵەکە دەدرێت.

دەربارەی فیلمە وەرگیراوەکانی فێستیڤاڵ، رۆزا شێخانی دەڵێت: فێستیڤاڵەکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکان لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە وەردەگرێت. فیلمە نێردراوەکان سەرەتا لەلایەن لێژنەیەکی تایبەتی فێستیڤاڵەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و بە پێی ئاست و ناوەڕۆک و تایبەتمەندییە سینەمایییەکانیان هەڵدەبژێردرێن. بۆ خولی ئەمساڵ، زیاتر لە 100 فیلم هەڵبژێردراوە بۆ بەشە جیاوازەکانی فێستیڤاڵ، بەڵام لێژنەی دادوەری لە نێوان ئەو بەرهەمانەدا بڕیار دەدات کە کام فیلمەکان دەچنە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی و شانسی بەدەستهێنانی خەڵاتیان دەبێت.