یاسین قادر بەرزنجی
خاتوو دیمەن عەبدوڵڵا، ناوێکی دیارو توێژەرێکی خاوەن بەخششە، بەتایبەت لە هەردوو توێژینەوەکەیدا سەبارەت دوو ڕۆمانی ڕۆماننووسی هەڵکەوتووی کورد بەختیار عەلی.
دیمەن عەبدوڵڵا ساڵح، کچی شەهیدی قارەمان عەبدوڵڵا بۆرە، ساڵی ٢٠١١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا لە زانکۆی سلێمانی و ساڵی ٢٠٢٢ لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی ماستەری بە پلەی (زۆر باش) بەدەستهێناوە.
ئەم خانمە خاوەن قەڵەمە بەتواناو ڕۆشنبیرە چالاک و دیارە، لە ئێستادا خاوەنی دوو کتێبەو هاوکات چەندین وتارو لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی لە گۆڤارو ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، ئەمانە وێڕای دەیان چالاکیی ئەدەبی و ڕوناکبیریی بەردەوامی دیکەی.
ناونیشانی توێژینەوەی یەکەمی، کە لە دووتوێی کتێبێکدا لە چاپی داوە، بریتییە لە (شێوازەکانی گێڕانەوە لە ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی دا)، کە بەشێک بووە لە مەرجەکانی وەرگرتنی ماستەرنامەکەی و ساڵی ٢٠٢٣ لە چاپی داوە، لە پێشەکیی چاپی توێژینەوەکەیدا لەم تەوەرانە دوواوە :
-شێوازی گێڕانەوە لە ڕووی تیۆرییەوە.
-پێوەندیی گێڕانەوە بە ڕەگەزە هونەرییەکانی دیکەوە لە ڕۆمانەکەدا.
سەبارەت نووسەری ڕۆمانەکەش دەڵێت:
*بەختیار عەلی یەکێکە لە ڕۆماننووسە دیارەکانی نێو ئەدەبیات، لە جیهاندا بە گشتی و لە کوردستاندا بە تایبەتی، بووەتە ناوێکی پرشنگدارو وەک باڵیۆزی ئەدەبەکەمانە لە جیهاندا.
کتێبی دووەمیشی بریتییە لە توێژینەوەی
(تۆنە جیاوازەکان لە ڕۆمانی بەندەر فەیلی بەختیار عەلی دا) و ساڵی ٢٠٢٤ لەچاپدراوە، لە پێشەکییەکدا لە بایەخی هەڵبژاردنی (تۆن) دوواوە :
*لەبەر گرنگی و ناساندنی تۆن لە ناو ڕۆماندا، هەروەها ئەو هێزەی کە درووستی دەکات لە نێو دەقەکەدا … تۆن لە ڕۆماندا ئەرک و گرنگیی خۆی هەیە لە نێو دەقدا، چونکە یەکێکە لە تەکنیکە هونەرییەکانی بواری نووسین و ڕۆمان، بەتایبەت کە شێوازی گێڕانەوەمان بۆ سەرنج ڕاکێش دەکات.
د. مەریوان عومەر دەوڵەت، کە سەرپەرشتیاری ماستەرنامەکەی دیمەن عەبدوڵڵا بووە، دەڵێت :
دیمەن خان پێی باش بوو کە من وەک سەرپەرشتیکار ئەرکی سەرپەرشتیی ماستەرنامەکەی بگرمە ئەستۆ، هەر زوو پێشوازیم لە خواستەکەی کردو ئەوە بوو بە پلەی (زۆر باشی باڵا) وەرگیرا، مامۆستا دیمەن ئێستا یەکێکە لە نووسەرە چالاکەکانی بواری ئەدەبیاتی ڕۆمان.
ئەم بەڕێزە، نووسەری ڕاوێژکاری گۆڤاری گوڵچن و سکرتێری نووسینی گۆڤاری کاروان و بەڕێوەبەری بەشی چالاکی وێژەیی بەڕێوەبەرێتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەرە لە سلێمانی و ڕێکخەری دەیان چالاکیی هەمەڕەنگی ئەدەبی و ڕوناکبیری بووە لە شارەکەیداو بەشدار بووە لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیدا، لەوانە کۆنفرانسی عەزیز گەردی لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە لێکۆڵینەوەیەک بە ناوی ( ڕۆڵی عەزیز گەردی لە وەرگێڕانی ئەفسانەی میللەتان بۆ سەر زمانی کوردی).
هیوای سەرفرازی و بەردەوامی و بەرهەمی نوێ بۆ ئەم خانمە سەنگینەی دنیای ئەدەبیات و ڕوناکبیریی کوردی دەخوازم.

