رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی سینەمایی “جیران” لە شارە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی “جیران”، کە لە دەرهێنانی مانۆ خەلیلە، دەستی بە خولی نمایشە گشتییەکانی خۆی لە شارە کوردییەکانی رۆژاوای کوردستان دەکات و ئەم فیلمە دوای بەشداری و سەرکەوتن لە ژمارەیەک فێستیڤاڵ و چالاکیی سینەمایی نێودەوڵەتی، ئێستا بەرەو بینەری کورد دێت و لە ژمارەیەک شار و ناوچەی رۆژئاوای کوردستان، لە ڕۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026 نمایش دەکرێت.

مانۆ خەلیل، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بۆ (هەولێر) گوتی: فیلمی سینەمایی “جیران”، لە شارەکانی قامیشلو، عاموودە، دێریک، رومێلان، تەربەسپی، دەربەسیە و هەروەها لە چەندین شار و شارۆچکەی تردا نمایش دەکرێت. هەروەها ئەم نمایشانە دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی جەماوەری رۆژئاوای کوردستان لە نزیکەوە ئاشنا ببن بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە سینەمایییە کوردییەکان.
گوتیشی: فیلمەکە باس لە چیڕۆکی منداڵێکی کوردی 6 ساڵان دەکات، کە لە گوندێکی نزیک سنووری باکوور و رۆژاوای کوردستان لە شاری قامشلۆ دەژی و بنەماڵەکەی لەنێوان دوو دەوڵەتی تورکیا و سووریا دابەش کراون، هەروەها فیلمەکە باس لە 50 ساڵ ستەمی رژێمی بەعس دەکات، فیلمەکە بۆ هەر کوردێک پڕە لە ئێش و بیرەوەریی ناخۆش، وەکو ئەو منداڵەی کە لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی لێدانی دەخوارد، لە قوتابخانە بە عەرەبی و لە ماڵەوە بە زمانی کوردی قسەی دەکرد، ئەو سنوورەی کە زەوی، ماڵ، فەرهەنگ، هەست و مرۆڤایەتی دابەش دەکرد.
مانۆ خەلیل باس سوپاس و پێزانین ئاراستەی ئەو کەسانە دەکات کە هاوکاربوونە لە نمایشکردنی ئەو فیلمە لە رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: سوپاس و پێزانین ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە بە جۆراوجۆر لە رێکخستن و ئامادەکردنی ئەم نمایشانەدا بەشدارییان کردووە. ئەم سەرکەوتنە بەبێ هاوکاری و ماندووبوونی تیمی کار، دامەزراوە کولتوورییەکان و دڵسۆزیی ئەو کەسانەی باوەڕیان بە گرنگی سینەما و هونەری کوردی هەیە، بەدەست نەدەهات. هەروەها سوپاسی تایبەت بۆ بینەرانی خۆشەویست کە بە هاتن و پشتیوانییان لەو نمایشانە، پشتگیری لە هونەر و سینەمای کوردی دەکەن و دەبنە بەشێک لە گەیاندنی ئەم پەیامە مرۆیی و مێژووییە بە نەوەکانی داهاتوو.