ئیسماعیل بەرزنجی
لە سەردانێکیدا بۆ ھەولێر، خاتوو مەرزیە فەریقی بەشداری لە ساڵڕۆژی جیهانی منداڵاندا کرد، چەند گۆرانیەکی جوانی بۆ چڕین، بەڵام یەک لەو گۆرانیانە منی ڕاچڵەکاند، بە تایبەت لەو بڕگەیەی کە دەڵێت (ئەی ڕۆڵە سەردڵخڕ بی بابمردوو بی)، ڕۆژی دوایی لە گۆشەکەی خۆم لە ڕۆژنامەی خەبات سووکەگلەییەکم لە خانم مەرزیە کرد و نوسیبووم (خانمێکی وا میهرەبان چۆن دڵی ھات ئەم وشانە بە گوێی منداڵاندا بدات)؛ بیستم مەرزیە خان دڵگیر بووە، دوای دوو ڕۆژ لەگەڵ دکتۆر کوردستان موکریانی سەردانی بارەگای نووسەرانیان کرد، ھەر کە میرزا ھاشم بەزازی خەزوورمی بینی و، زانیی پێشمەرگەی دێرینی کۆماری کوردستان بووە، باوەشیان بە یەکتردا کرد؛ مام ھاشم گوتی بیستوومە لەو نووسینەی سمایل دڵگیر بوویتە؟ مەرزیە خانم بزەیەکی ھاتێ و گوتی مادام کەلەپوورێکی کۆماری جوانەمەرگم بینی ھیچم لە دڵدا نەما؛ پاشان لەگەڵ مەرزیە خانم ھەندێک دوام و، ئەویش گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە ھەندێک سروود و گۆرانی دوورن لە جیهانی منداڵان، پاشان ئەم وێنەیەمان گرت و یادی مام ھاشم و مەرزیە بەخێر.

