رۆژنامەی ھەولێر

حیکمەتی حکومڕانی و ئەجێندای دەستبەتاڵی

‎هاودەنگ فارووق
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، وەک ئەرکی یاسایی خۆی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر کێشە هەنووکەیییەکانی ئەمڕۆی کوردستان و پلانی وردی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستەڕوو.
ئەمڕۆ ناوچەکە بەناو کێشەی زۆر چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. وڵاتانی ناوچەکە کەوتوونەتە بەردەم قەیرانی گەورەوە؛ ئەو وڵاتە سەربەخۆیانەی، کە خاوەنی دەیان ساڵ ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن، ئابووری و سەروەریی خۆیانن، بەرگەی ئەو کێشانەی ئەمڕۆیان نەگرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە هیلاک بوون.
ئەگەر کێشەکان وڵاتانی ناوچەکەیان گرتووەتەوە، کوردستانیش لێی بەدەر نییە. حکوومەتی کوردستان شانی داوەتە بەر ئەرکی سەختی وڵاتێکی سەربەخۆ کە چەندین ساڵە لەژێر گەمارۆی داراییدایە؛ لە ساڵی 201٤وە بەغدا گەمارۆی بەسەردا سەپاندووە و خەزێنەکەی خاڵی کراوەتەوە. ئێستا بەناچاری خراوەتە ناو کوانووی جەنگێکی هەرێمایەتیی گەورەتر؛ ڕۆژانە کێشەی ئابووریی لەناکاو، قەیرانی تاقەتپڕووکێن، شەڕی دەروونی، درۆن و مووشەک و لەسەرووی هەموویشیانەوە ناتەباییی هێزە سیاسییەکانی کوردستان وای کردووە باری سەرشانی حکوومەت قورستر بێت.
لەم پێگەیەوە، مەسرور بارزانی وەکوو کێوێک شانی داوەتە بەر ئەرکە قورسەکانی ئەم قۆناغە و وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، پلان و پڕۆژەی واقیعی پێشکەش دەکات. زمانی حاڵی مەسرور بارزانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا دەیگوت: «خۆ ئەگەر جەنگە گەورەکەی ناوچەکە بەدەستی ئێمە نەبێت، خۆ کۆکردنەوەی ماڵی کورد، ڕێگریکردن لە زەرەری گەورەتر و چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکی کوردستان —تائەوەندەی پێمان بکرێت— لەدەستی خۆماندایە.
بارزانی بە حیکمەتی خۆی، بۆ ڕێگریکردن لە قەیرانی گەورەتر پلانی وردی پێشکەش کرد و دڵنیاییشی دا بە خەڵکی کوردستان کە کێشەکان چارەسەر دەبن. ئەو دڵنیایییەش پشتئەستوور بوو بە ٤ خاڵی گرنگ کە هەر حکوومەتێکی دیکەی ناوچەکەش بگریت، لەو خاڵانە زیاتریان لەدەست نایەت؛ چونکە ناوچەکە لێوانلێوە لە نائارامی و حکوومەتەکانی ناوچەکە —بەوانەشەوە کە دەوڵەتی سەربەخۆن— ناتوانن لە کەشێکی ئاساییدا بڕیار بدەن و سەرجەم بڕیارەکانیان بڕیاری دۆخی نائاسایین.
مەسرور بارزانی لەم گۆشەنیگایەوە بڕیار دەدات و لە خەمی چارەسەرکردن و گەورەترنەبوونی کێشەکاندا بێت لەسەر کوردستان، بۆیە بڕیارەکانی کردەیی، زانستی و ژیرانەن؛ بە ڕەچاوکردنی دۆخی دەڤەرەکە داڕێژراون و بە قەبارەی واقعیش چاوەڕوانی ئەنجام دەکات. هەنگاوەکانی سیاسەتمەدارێکی ژیر و ماندوونه‌ناسی وەک بارزانی لەو پێگەیەدا، وابەستەن بە چوارچێوەی یاسایی، سیاسی، دۆخی بابەتی، ڕەچاوکردنی پێوەرە زانستییەکان و… هتد. هەربۆیە بە متمانەیەکی تەواوەوە گوتی: «ئەم قەیرانەش تێدەپەڕێت.
ئەوە زۆر جیاوازە لە شەڕەبەردی ئەو هەڵەشەكار و هەرزەکارانەی خاکەنازی قوڕ بەدەستی خەڵکەوە بە سووک دەزانن؛ ئەوانەی ڕۆژبه ڕۆژ تەنانەت لە دەوروپشتیان دەوەرێت. ئەوەی ئیدارەی کەناڵێکی پێ نەکرێت و هەر ڕۆژە و کەسێکی لێ دوور بکەوێتەوە (چونکە مافیان نادات و نازانێت قەیران و کێشەکانیان چارەسەر بکات)، مافی ئەوەی نییە دوای ئەوەی كە سووکكراو لە سەفقەی فەزاحەتی کونی زینداندا، لاف و گەزافی چارەسەرکردنی کێشەکانی میللەتێک لێ بدات. هەر دەمی کردەوە بێژنێ: كەڵتۆقیوی نێو زوی بەیار، ئاخر «حوکمڕانی ئیشی مەردەپاوی مەزنە، خۆ وەکوو لێدانی کەباب نییە عەزیزەم! جا بۆ ئەوەی نەنکێیت، باسی لە خۆت گەورەتر مەکە. جارێ کێشەکانی کەناڵەکەت، قەرزی کارەبای حكومەت، قەرزی پشکەکانی خەڵکی ڕەشوڕووت بدەرەوە و گرفتی ئەندامانت چارەسەر بکە و مووچەی کارمەندانت بدە، ئەوجا لافی گەورەتر لە ئاوەزی خۆت لێ بدە!