ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
كولتووری كوردی جیهانێكی واڵا و دەوڵەمەندی ژیانی كوردە، لەناویدا موزیك و گۆرانیی كوردی پانتاییەكی باشی داگیر كردووە. توێژینەوە لە موزیك و گۆرانیی كوردی لە سەرەتاكانیدایە و كاری زۆر گرنگ ئەنجام دراون، بەڵام زۆری دیكەش ماوە بكرێت. پەرتووکی (خۆبێژی لە گۆرانیی كوردیدا) لە نووسینی (هەڵكەوت محەمەد پشدەری) باسی جیهانی موزیك و گۆرانیی كوردی ناكات، لە نۆتە و ڕەزمە كوردییەكان ناكۆڵێتەوە، بەڵكو لە ژێرخانی كولتووری كوردییەوە لە هونەری موزیك و گۆرانیی كوردی دەڕوانێت. ژێرخانی ژیانی كوردەواری وەكوو قوتابخانەی گۆرانیبێژە هەرە مەزنەكانی كورد دەبینێت و فێرگەی ئەوان ئەو ژێرخانە دەوڵەمەندەی لادێكانی كوردستان بووە. لەوێوە لە دیاردەی یەکەوهەلبێژی یاخود خۆبێژی (إرتجال) دەكۆڵیتەوە، لە ژێرخانەوە پێدا دێت تا لێكدانەوە بۆ دەركەوتنی بلیمەتەكانی وەكوو حەسەن زیرەك، سەید عەلی سەردەشتی، ڕەسووی نادری، عەبە دەڕژێ، نوری گەرمیانی، میدیا حوسێن، قالە بۆكانی و سەدانی دیكە بخاتە بەردەست. بەو جۆرە ئەركی كۆمەڵایەتیی ئەو كەسایەتییانە دەستنیشان دەكات و ڕۆڵیان لە ژیانی لادێكانی كوردستاندا باس دەكات.
(هەڵكەوت محەمەد پشدەری ) سەبارەت بەم پەرتووكە بە (هەولێر) دەڵێت: بایەخی ئەو پەرتووکە لەوەدا نییە باسی توانا و هونەری ئەو گۆرانیبێژە دانستانە بكات، بەڵكو وێڵی وەڵامی ئەو پرسیارەیە بۆچی كۆمەڵی كوردەواری خۆبێژەكانی تێدا هەڵدەكەوت و بۆچی گۆرانیبێژەكانمان ئەوەندە كارامە بوون؟ بیردۆزە زانستییەكان سەبارەت بە دیاردەی خۆبێژی دەڵێن چی؟ چۆن ئەو بیردۆزانەی لە جیهانی خۆرئاوادا دەركەوتوون بۆ لێكدانەوەی خۆبێژی لە گۆرانیی كوردیدا بەكار بهێنین، تا گۆرانیبێژە خۆبێژە كوردەكان بناسین؟ پەرتووکەكە بە بەراوردی نێوان دەقی گۆرانییەكان گونجاویی بیردۆزەكان دەردەخات و لەو بیردۆزانەوە بەو گۆرانیبیژە مازنانەی كوردمان دەناسێنێتەوە.
باسی هیچ گۆرانیبێژێك بە تەنیا نییە، ژیانی دەردەسەری و نەهامەتی حەسەن زیرەك نییە، لێكۆڵینەوەیە لەوەی مێشكی ئەوان چۆن كاری كردووە و چۆن لە ئێمەی خەڵكی ئاسایی جیان. باس لە ڕەسەنایەتیی گۆرانیی كوردییە چۆن ڕەگی لە ژیانی لادێكانی بناری زاگرۆس داكوتاوە و هەڵنەكەندراوە. باس لەو جوانیناسییەیە ژیانی كوردەواری بۆ تاكی كوردی دابین كردووە، ئەو هەموو میراتە دەوڵەمەندەیە كولتووری كوردی خستوویەتییە بەردەستی گۆرانیبێژەكان. ئەو كەسانە ئاسایی نەبوون، ئەوان بلیمەت و داهێنەر بوون، لە ڕووی زانستیشەوە لە لێكدانەوەی خەسڵەتەكانی بلیمەتی دەگەڕێت و بەراوردی خەسڵەتەكانی (بلیمەت) لەگەڵ گۆرانیبێژە كوردەكان دەكات. ئەو شێوازانەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، گۆشەنیگایەكە كەمجار دێتە بەر دیدەمان، بۆیە ئەم پەرتووکە لەوانەی پێش خۆی سەبارەت بە موزیك و گۆرانیی كوردی جیایە.
(هەڵكەوت محەمەد پشدەری ) دەڵێت: دوای توێژینەوەی زۆر و خوێندنەوە و دیتنی زۆر دیداری هونەرمەندان و كەسانی نزیكی ئەوانەی لە ترۆپكی داهێنانی گۆرانیی كوردیدا بوون، بۆم دەركەوت بەشێكی هەرە زۆری كورد كەسە هەرە تواناكانی خۆی لەو بوارەدا ناناسێت. پێت سەیر نەبێت، حەسەن زیرەكم نەدەناسی، سەید عەلی سەردەشتیم نەدەناسی، ڕەسووی نادریم لە ماڵی خۆمان دیتووە گۆرانیی بۆ گوتووین، بەڵام نەمدەناسی. . كاتێكیش توێژینەوەی زۆرم سەبارەت بە دیاردەی خۆبێژی كرد و لە لایەنی زانستییەوە لە چۆنیەتیی كاری مێشكی ئەو جۆرە كەسانەم كۆڵیەوە، زانیم خۆ ئێمە هونەرمەندەكانی خۆمان ناناسین. تێنەدەگەیشتم بۆچی كورد ئەوەندەی حەسەن زیرەك خۆش دەوێت و بۆچی ئەوەندەی بە شان و باڵدا هەڵدەڵێت. نەمدەزانی حەسەن زیرەك كۆڵەكەیە، بەڵام چۆن كۆڵەكەیەك. هەرچیم خوێندەوە هەر باسی ژیانی ئەویان دەكرد، هەرچیم بیست هەر باسی دەنگی ئەو بوو، باسی وشە ڕەسەن و كوردییەكانی گۆرانییەكانی بوو، تواناكانی لە گۆرانیگوتن، بەڵام كەس پێی نەناساندم. نەمدەزانی بۆچی ئەو ئاوا بووە.
نووسەر ئاماژەی بەوەش دا كە پەرتووکی (خۆبێژی لە گۆرانیی كوردیدا) باس لەو كەسانە دەكات. چاوەڕوان مەبە چیرۆكی ژیانی ئەوانت بۆ بگێڕمەوە، هیچم سەبارەت بە ژیانیان نەنووسیوە، ویستم لەو دیاردەیە بكۆڵمەوە، كە بە كۆتا گەیشتم دیتم حەسەن زیرەك چەندە مەزن بووە، دیتم بەبێ ئەو بەڵگەی ئەو دیاردە هەرە بەنرخەی ناو گۆرانیی كوردیم كەم دەبنەوە. بۆیە زۆرتر بە دوایدا گەڕام، بۆیە هەوڵم دا لە بنج و بناوانەوە بیهێنمەوە بۆچی حەسەن زیرەك دروست بووە، بۆچی سەید عەلی سەردەشتی دەردەكەوێت؟ ئەو هەموو بەرهەمەی هەیە، لاسای كەسی نەكردووەتەوە، گۆرانیی كەسی نەگوتووەتەوە، هەموو ئاواز و دەقەكان ئی خۆین.
لە سەربوردەی چیرۆكە خەمگینەكانی زیرەك مەگەڕێ، لە كوێ لە زیندان بووە گرنگ نییە و بۆ هونەری كوردی بایەخێكی نییە، وەرە بزانە پاڵنەرەكانی ئەو كەسانە لە كوێن و ئەو هۆكارانەی ئەو جۆرە هونەرمەندە نایابانەی كوردەواری دروست دەكەن چین و كامانەن.
لە كۆتاییشدا نووسەر دەڵێت: لە وەڵامی ئەو پرسیارانە گەڕام، وەڵامەكانیشم دۆزینەوە و لەو پەرتووکەدا خستمنە بەر دەستی ئێوە. بۆیە ناسینی حەسەن زیرەك و ڕەسووی نادری خوێندنەوەی چیرۆكی ژیانیان نییە، خوێندنەوەی ئەو هەلومەرجانەن ئەوانیان تێدا گەورە بووە، خوێندنەوەی ئەو وردەكردە ڕۆژانەن ئەوانی فێرە گۆرانیگوتن كردوون. ئەو جۆرە لێكدانەوەی لەو پەرتووکەدا بخوێنەوە و لەوێوە حەسەن زیرەك و هاوەڵەكانی بناسە.

