شوان حمە سعید
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکی گەورە بووەوە لە هەموو بوارەکاندا. لەم کاتەدا بزووتنەوەیەک سەری هەڵدا کە پێی دەوترێت: (پۆست مۆدێرنیزم). ئەم شەپۆلە تەنها فەلسەفە و ئەدەبی نەگرتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هونەری شانۆ دروست کرد. شانۆی پۆست مۆدێرن هات بۆ ئەوەی هەموو یاسا و ڕێسا کۆنەکان تێکبشکێنێت و شێوازێکی نوێ لە بینین و تێگەیشتن پێشکەش بە بینەر بکات لەسەر بنەمایەکی فیکری و فەلسەفی. سەرچاوەی سەرەکی شانۆی پۆست مۆدێرن دەگەڕێتەوە بۆ بیروڕای فەیلەسوفە گەورەکانی وەک: (فرێدریک نیچە) و (میشێل فۆکۆ). ئەم فەیلەسوفانە ڕەخنەیان لەو ئایدۆلۆژییە ڕووتە دەگرت کە لە سەردەمی مۆدێرندا زاڵ بوو (وەک ئەوەی دێکارت باسی دەکرد). لە شانۆی پۆست مۆدێرندا: باوەڕ بەوە نەما کە تەنها یەک ڕاستی هەیە. هەموو شتێک ڕێژەییە. مێژوو وەک زنجیرەیەکی بەدوای یەکدا هاتوو سەیر ناکرێت، بەڵکو پچڕ پچڕە و دەکرێت دەستکاری بکرێت. گرنگی بە شتە شاراوەکانی ناخی مرۆڤ، وەک خەون و خەیاڵ دەدرێت لەبری ئەوەی هەموو شتێک لۆژیکی و ئەقڵانی بێت.
مەرگی دەق و لەدایکبوونی وێنە
لە شانۆی کلاسیک و مۆدێرندا: (دەق)، پاشا بوو، واتە هەموو شتێک لە خزمەتی ئەوەدا بوو چیرۆکەکە وەک خۆی بگێڕدرێتەوە. بەڵام لە شانۆی پۆست مۆدێرندا: دەق پیرۆزی نامێنێت. دەرهێنەر دەتوانێت دەقەکە پارچە پارچە بکات، تێکی بدات، یان تەنها وەک کەرەستەیەک بەکاری بهێنێت نەک وەک یاسا. چیتر چیرۆک سەرەتا و لوتکە و چارەسەری نییە. ڕووداوەکان وەک خەون تێکەڵن، دەکرێت کۆتاییەکە لە سەرەتاوە بێت یان هیچ پەیوەندییەکی لۆژیکی لەنێوان دیمەنەکاندا نەبێت، کۆلاژ). لەم شانۆیەدا (وێنە) گرنگترە لە (وشە). جووڵە، ڕووناکی، تەکنەلۆژیا و جەستە زۆر زیاتر قسە دەکەن لە دیالۆگی ئەکتەرەکان.
ئەکتەر لە نواندنەوە دەبێت بە نمایشکار
یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گەورەکان لە پیشەی ئەکتەردایە. لە شانۆی کۆندا: (وەک سیستەمی ستانیسلاڤسکی)، ئەکتەر دەبوو، ببێت بە کارەکتەرەکە و هەستی پێ بکات. بەڵام لە پۆست مۆدێرندا، ئەکتەر خۆی لە ڕۆڵەکە ون ناکات. بینەر دەزانێت ئەمە ئەکتەرە و ڕۆڵ دەبینێت. ئەکتەر و کارەکتەر وەک دوو هێڵی تەریب لە تەنیشت یەک دەڕۆن. ئەم شێوازە لە شانۆی: (برێخت)، دەچێت کە ئەکتەر نامۆ دەبێت لە ڕۆڵەکەی، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە لە پۆست مۆدێرندا هیچ ئامانجێکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی: (وەک چەپ یان ڕاست)، لە پشتیەوە نییە، بەڵکو ئامانجەکە تەنها هونەری و ئیستاتیکییە. ئەکتەر بووە بە بەشێک لە وێنە گەورەکەی سەر شانۆ.
پەیوەندی لەگەڵ بینەر
لە شانۆی کۆندا، دیوارێک: (دیواری چوارەم)، لە نێوان ئەکتەر و بینەر هەبوو. بینەر تەنها سەیری دەکرد. واتە بینەر پاسیڤ بوو، بەڵام لە پۆست مۆدێرندا، بینەر بەشێکە لە نمایشە شانۆییەکە. زۆرجار ئەکتەرەکان دەچنە ناو بینەر، یان داوایان لێ دەکەن بەشدار بن. هەرچەندە مەرج نییە هەموو بینەرەکان بە یەک شێوە لە شانۆکە تێبگەن. نمایشەکە کۆمەڵێک وێنە و هێمایە و هەر کەسێک بەپێی بیرکردنەوەی خۆی لێکی دەداتەوە. چەندین دەرهێنەر و گرووپی شانۆیی لە جیهاندا بوونە هێمای ئەم جۆرە شانۆیە، کە کاریگەرییان لەسەر هەموو جیهان هەبووە: رۆبێرت ویلسون: دەرهێنەری ئەمریکی، بەوە ناسراوە کە شانۆ دەکات بە تابڵۆیەکی جووڵاو، کات زۆر بە هێواشی دەڕوات و وێنەکان زۆر خەیاڵین. رۆبێرت لێباژ: دەرهێنەری کەنەدی، کە تەکنەلۆژیا و ڤیدیۆ و شانۆ تێکەڵ دەکات. شانۆی پۆست مۆدێرن ئاوێنەی ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆیە. ژیانێک کە پڕە لە پارچەپارچەبوون، خێرایی و نەمانی سنوورەکان. ئەم شانۆیە پێمان دەڵێت: مەگەڕێ بەدوای یەک چیرۆکی ڕێکدا، بەڵکو چێژ لە سات و وێنەکان وەربگرە و خۆت واتای بۆ دروست بکە. ئەمە هونەرێکە کە تێیدا هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە لەپێناو دروستکردنی جوانی.

