رۆژنامەی ھەولێر

لە چوارەم خەمیادی ژیانئاوایی هونەرمەند محەمەد ئەحمەد ئەربیلیدا

ئــــاری ئـــــاغۆک

 

لە شاری هەولێر، لە مێژووی هونەری گۆرانیگوتندا هەندێ دەنگی هونەری بوونەتە ناسنامە و ئەرشیفێکی زێڕینی لەیادنەکراو، نۆستالیژیایانە تێکەڵ بە وشە و پەیڤ و ئاواز و دەنگ بوونە، چونکە ئەو هونەرمەندانە لە ڕێگەی دەنگێکی هونەریی بەرز، لە قۆناغی تەکنیکی سەرەتایی، بە هەست و نەستێکی کوردانە گۆرانیی پەیامداریان تۆمار کردووە، بۆیە کاتێ ئاوڕ لەو قۆناغە دەدەینەوە چەند ناوێکی خەمخۆری ئەم بوارە دێنەوە یادمان، یەکێک لەو ناو و دەنگانە هونەرمەند (محەمەد ئەحمەد ئەربیلی)ـیە کە وەک هونەرمەندێکی ڕەسەنی شار، هەمیشە هەولێر و هەولێرییەکان شانازی پێ دەکەن، چونکە ئەو هونەرمەندە لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی دەستی کردوە بە گۆرانی ووتن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەر لە منداڵییەوە حەز و بەهرەی گۆرانی هەبووە، بۆیە ئەم قۆناغە دەسپێکێکی باش بوە بۆ هاتنە نێو دنیای گۆرانیگوتن، لە کاتێکدا لە شاری هەولێر لەو سەردەمە کرانەوەی کۆمەڵایەتی بەم شێوەیە نەبووە لە هەموو لایەنەکانەوە، بە تایبەتی لە هونەری گۆرانیگوتندا، ئیدی ئەو بەهرەیە ویستی ببێتە دەنگی قەڵاو، بە چەند گۆرانییەکی جوان گووتی منیش هەم.
بۆیە وەک (یاد و وەفا)یەکی لەبیرنەکراو بۆ دەنگێکی هەولێری و خۆشەویستی هەمووان، لە ساڵڕۆژی ژیانئاواییدا گەشتێک بە نێو وێستگەی ژیان و هونەری ئەم هونەرمەندە دێرین و ناسراوە دەکەین کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ ژیانئاوایی کرد.

*پڕۆفایل
محەمەد ئەحمەد شێخە، ناسراو بە محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لەساڵی ١٩٣٣ لە شاری هەولێر، لە گەڕەکی تەعجیل لەدایک بووە، هەر وەک خۆی لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانی سەبارەت بە ڕەچەڵەکی بنەماڵەکانیەوە ئاماژەی بەوەداوە کە لە بنچینەدا خەڵکی دەربەندی ڕایەتن لە دەڤەری باڵەکایەتی، خوێندنی لەقوتابخانەی ئەربیل ئولا بووە، لە ساڵی ١٩٤٤ هەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی دەستی بە گۆرانیگوتن کردوە، لە لای مامۆستا و قوتابی و لە قوتابخانەدا زوو ناسراوە، تا ساڵی ١٩٤٩ لە خوێندن بەردەوام دەبێت بەڵام بە هۆی خراپی باری ژیانی خێزانیان واز لە خوێندن دەهێنێ.

• گۆرانیی بۆ مەلیک فەیسەڵ گوتووە.
ساڵی ١٩٥٩ کاتێ مەلیک فەیسەڵی دووەم سەردانی شاری هەولێر دەکات لە دیوەخانی مەلا فەندی لەتەک چەند هونەرمەندێکی دیکە مەقام و گۆرانی فۆلکلۆری دەڵێت، لەوێ دەبێتە جێی سەرنجی ئامادەبووان، ئیدی لەمە بەدواوە لە ئاهەنگ و بۆنەکان لە ڕێگەی ئامێری مۆسیقاوە بە مایکەوە گۆرانی و بەستە و بەرهەمی کوردی و تورکمانی دەڵێت.

• لە نێوان گۆرانی و شوفێری و سەربازیدا
ئیدی محەمەد ئەحمەد ئەربیلی لە نێو هەولێر و هەولێرییەکان دەناسرێ، وەک حەزێکی هونەری بەردەوام دەبێت، بەڵام ماوەیەک دەبێتە سەرباز وەک ئەرکی دەوڵەت خزمەتەکەی تەواو دەکات دواتر لەساڵی ١٩٦٠ وەک شوفێر لە ئەرکی وەزیفی دادەمەزرێ لە نەخۆشخانەی کۆماری، لە چاوپێکەوتنێک دا لێم پرسی گۆرانی (یەڵە شوفێر) سەرچاوە و بیرۆکەکەی لە ئەرکەکەت نزیکە! ئایا هیچ هۆکارێکی لە پشتەوەیە؟ یا چیرۆکێکی هەیە؟
لە وەڵامدا گوتی راستە ئەو بەرهەمە لە ئەرکی ئەوکاتم نزیک بوو، بەڵام هەر لە واقعی کارەکەی خۆم خەیاڵی ئەو گۆرانیەم بۆ هات و دواتر دەنگدانەوەیەکی گەورەی دایەوە.

• دەسپێکی تۆمارکردنی لە رادیۆی بەغدا
ئەربیلی هەر زوو هەوڵی دا پەرە بەدەنگ و هونەری خۆی بدات، هەم وەک دەنگ، هەم وەک ئاواز و تێکستیش، هەربۆیە لە ساڵی ١٩٥٩ لە ڕادیۆی کوردی بەغدا گۆرانی تۆمار کردوە یەکەم بەرهەمی بە ناوی (مەن ئەربیلدە ختم) بە شێوازی تورکمانی تۆمار دەکات، کە لای گوێگر بە شێوەیەکی گشتی قبووڵکراو هەر زوو ناسرا، دواتریش غەزەل و قۆریات تۆمار دەکات، کە ئەمە دەسپێک و هاندانێکی باش دەبێت بۆ بەردەوامی ئەم هونەرمەندە.

• هونەرمەندان حەسەن زیرەک و ئیبراهیم تاتلیساس گۆرانی ئەویان گوتۆتەوە.
بە هۆی ئەوەی گۆرانیەکانی جێ سەرنج بوون، ئەوا چەندین هونەرمەند گۆرانی ئەویان گوتۆتەوە یەکێک لەو گۆرانیانە گۆرانی (یەڵڵا شوفێرە) کە هونەرمەند حەسەن زیرەک و ئیبراهیم تاتلیساس ئەم گۆرانیەیان دووبارە کردۆتەوە کە دەنگ و سەدایەکی زۆری دایەوە، هەروەها هونەرمەندانی عەرەب مەیادە حەناوی و جۆرج وسوف گۆرانی ئەم هونەرمەندە کوردەیان گوتۆتەوە.

• سرود و بەرهەمی نیشتمانی
محەمەد ئەحمەد ئەربیلی جگە لە گۆرانی و مەقام و قۆریات، ئەوا خاوەن چەند سرودێکی نەتەوەییە لەوانە (ئەی دلێران، لاوانی کورد) هەر بە هۆی ئەم سرودانە ماوەیەک گیراوە و ئازار دراوە.

• ڕێزلینان و بەسەرکردنەوە
لە ماوەی ژیانی هونەری دا ئەم هونەرمەندە چەندین جار سەردان و بەسەرکردنەوە و چاوپێکەوتنی میدیایی لەگەڵ ئەنجام دراوە هاوکات ڕێزلێنانیشی بۆ ئەنجام دراوە، بەندەش وەک راگەیێنکارێک لە ئەرشیفی ڕۆژنامەوانیمدا چەند دیدار و چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ کردووە، یەکێک لەو هەڤپەیڤینانە لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو، لە ڕادیۆی ئاشتی دەربارەی ئەزموونی ژیانی، کە بەشێک لەو زانیاریانەی ئەم یاد و وەفایە لەو بەرنامەیە وەرگیراوە، هەروەها چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە، دوایین ڕێز لێنان لەلایەن هۆتێل چوارچرا مەراسیمێکی تایبەتی بۆ ڕێک خرا، لۆگۆی ڕێزلێنان لە لایەن کەسایەتی هونەرندۆستی شاری هەولێر (وشیار عەزیز کۆیی) پێشکەش بەو هونەرمەندە خاوەن ئەزموونە کرا، ئەربیللی لە دڵەوە خۆشحاڵ بوو بەم ڕێزلێنانە هونەرییە.

• نەخۆشکەتن و ژیانئاوایی
لە ساڵی ٢٠٢٢ بە هۆی نەخۆشییەوە چەند جارێک ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، کە لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە بەدواداچوون و چاودێری بەردەوامی بۆ دەکرا، بەڵام بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٢٠-٦-٢٠٢٢ ئەم هونەرمەندە ژیانئاوایی کرد، لە مەراسیمێکی شایستەدا لە لای باژێر و قەیسەری و باغی شار و چایخانەی مەچکۆ بەدەم گۆرانی لێرەمە لە هەولێرێ، گۆرانیە مێژووییەکەی محەمەد ئەحمەد ئەربیلی، بە گوڵی وەفاداری خەڵکی هەولێر و هەولێریەکان ماڵئاواییان لە تەرمەکەی کرد، یادی بەخێر و ڕۆحی شاد.