كامەران حاجی ئەلیاس
هونەری شێوەكاری، خاوەنی چەندین قوتابخانەی تایبەت بە خۆیەتی وەكو قوتابخانەی كلاسیك، سروشتی، واقعی، سوریالی، تەجریدی. زۆرێك لە هونەرمەندانی جیهان و كوردستان هەر بە پێوەری یەك قوتابخانەی هونەری نیگار دەکێشن و هەندێکیش سوود لە چەندین قوتابخانەی شێوەكاری وەردەگرن.
هونەرمەند ئازاد مەخمووری شێوازی كاركردنی جیاوازە لە هونەرمەندانی تر؛ ئەو لە شێوازێكی تایبەت بە خۆی هەیە، لە ڕووی بەكارهێنانی ڕەنگ و كەرەستەی تایبەت بە تابلۆكانی ئەو زیاتر بە گرافیك كار دەكات لەسەر مادەی پلێت ونوحاس تابلۆكانی دەكێشت لە رۆژی چوارشەممە 11ـی ـ6ی2026 سەردانی گەلەری میدیای شاری هەولێرم كرد بە مەبەستی بینینی شەشەمین پیشانگای تایبەتی ئەم هونەرمەندە كە لەژێر ناوی (تابلۆكان دەدوێن) بوو خوێندنەوەی و تێگەیشتن لە تابلۆكان گرنگە بۆ ئەوەی بینەر چێژ لە هەر تابلۆییەك وەربگرێت بە جۆرێك بێت خودی هونەرمەند شیكردنەوەی بۆ بینەر نەكات ئەمە ئەو خاڵە بوو كە لە تابلۆكانی هونەرمەند ئازاد مەخمووری، هەستم پێ دەكرد، چونكە چێژوەرگرتن لە هەر كارێكی هونەری فاكتەرێكی سەرەكییە بۆ حاڵیبوون لە كارەكە؛ ڕاستە هەندێك لە تابلۆكان چەندین هێما و ئاماژەی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری تابلۆكان بكەیت بە ئاسانی لە مانا قووڵەکەیان حاڵی دەبوویت؛ سەیری هەر ٣٠ تابلۆکەم کرد؛ چەندین بابەتی نێو تابلۆكان سەرنجی راكێشام؛ مرۆڤ چەقی زۆربەی تابلۆكانی بوو، لە نێو مرۆڤیشدا ئافرەت پشكی شێری بەركەوتبوو؛ ئافرەت وەكو دایک، وەكو خۆشەویست، وەكو نیشتمان. هەموویان گوزارشت بوون لە ناسۆرییەكانی هەموو لایەنەكانی ژیانی ئەمڕۆی تاكی كورد بە تایبەتی و تاكی جیهان بە گشتی؛ تابلۆكانی ئەم هونەرمەندە وا لە مرۆڤ دەكات بە دواداچوون بۆ هەڵسوكەوتی رۆژانەی خۆی بكات و، رۆژانە بیر بكاتەوە و، بزانێت لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری رۆژانەی خۆیدا چ دەکات و، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خۆی دیاری بكات.
دوو ڕەنگ (ڕەش و سپی)، پێكهاتەی سەرەكی سەرجەم تابلۆكانی هونەرمەند ئازاد مەخمووری بوون، ئەمەش توانستی هونەرمەند دەردەخات بەوەی بتوانێت لە رێگەی دوو ڕەنگەوە سەرەنجی بینەران بۆ تابلۆیەكانی رابكشێت.
لە كۆتاییدا دەستخۆشی دەکەم لە هونەرمەند ئازاد مەخمووری و، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر و، بەڕێوەبەرایەتیی شێوەكاری و كاری دەستیش.

