رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەیەکی هاوبەشی سینەمایی لەنێوان کوردستان و ئیتاڵیا دەستپێدەکات

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

دوای سەرکەوتنی خوولی یەکەمی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە، رێکەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ فێستیڤاڵی رووبار تایبەت بە ژینگە لە وڵاتی ئیتاڵیا واژۆ کراوە. ئەم جۆرە هاوبەشییانە دەتوانن پێگەی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە لەسەر نەخشەی فێستیڤاڵە تایبەتییەکانی جیهان بەهێزتر بکەن و لە هەمان کاتدا، رێگە بۆ ناساندنی زیاتر و باشترکردنی فیلم و هونەری کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان خۆش بکەن.

پشتیوان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە بۆ (هەولێر) گوتی: سەرکەوتنی خوولی یەکەمی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی لەلایەن ژمارەیەک میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، بەتایبەتی ماڵپەری کوردستان24 بە زمانی ئینگلیزی، بووە هۆی ئەوەی سەرنجی دامەزراوە و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئەم فێستیڤاڵە رابکێشرێت و پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان هەردوولا دروست ببێت.
پشتیوان عەبدوڵڵا گوتیشی: هەردوو فێستیڤاڵەکە لە داهاتوودا هاوکاری لە بواری ئاڵوگۆڕی فیلم، داوەتکردنی میوان و نوێنەران، و هاوبەشی لە چالاکی و پڕۆگرامە سینەمایییەکاندا دەکەن. بەم شێوەیە، فیلمە هەڵبژێردراوەکانی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە دەتوانن لە ئیتاڵیا پێشان بدرێن، هەروەها بەرهەمەکانی فێستیڤاڵی ئیتاڵیاش لە کوردستان پیشان دەدرێن، کە ئەمە هەلی زیاتر بۆ ناساندنی ئەزموون و کولتووری سینەمایی هەردوولا دابین دەکات.
پشتیوان عەبدوڵڵا باس لە گرنگی فێستیڤاڵەکەی ئیتاڵیا دەکات و دەڵێت: فێستیڤاڵی ئیتاڵیا کە لەسەر بنەمای پاراستنی ژینگە و پەیوەندی هونەر بە سرووشت دامەزراوە، هەموو ساڵێک لە هەوای کراوە و لە نزیکی رووبارێک بەڕێوەدەچێت. ئەو تایبەتمەندییەش وای کردووە کە فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە هاوبەشییەکی نزیک لەگەڵیدا ببینێت، چوونکە هەردوو فێستیڤاڵ گرنگی بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و بەکارهێنانی زمانی سینەما بۆ گەیاندنی ئەو پەیامانە دەدەن.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی ژینگەی کوردستان باس لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ فێستیڤاڵی ئیتاڵیا دەکات و دەڵێت: ئەم رێکەوتنە تەنیا سەرەتای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و هەوڵدەدەین لە قۆناخی داهاتوودا هاوبەشی لەگەڵ فێستیڤاڵە جیهانییەکانی تری بواری ژینگە دروست بکەین. هەروەها ئامانجی سەرەکی ئەو هەنگاوە بریتییە لە گەیاندنی دەنگی فیلمسازان و بەرهەمە ژینگەییە کوردییەکان بۆ زۆرترین ژمارەی بینەر و دامەزراوەی سینەمایی لە جیهاندا.
پشتیوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا: لە هەمان کاعژتدا، ئێمە هەوڵ دەدەین شێوازی بەڕێوەبردنی خوولی داهاتووش بگۆڕێت. بەپێی پلانەکانمان، فێستیڤاڵی ساڵی داهاتوو لە هەوای کراوە و لە ناو سروشت بەڕێوەدەچێت، نەک تەنیا لە هۆڵەکانی سینەما. پارکی سامی عەبدولڕەحمان و چەند شوێنێکی سرووشتی تر لە هەولێر وەک هەڵبژاردەی سەرەکی باس کراون بۆ میوانداریی چالاکییەکانی فێستیڤاڵ.