مامۆستا هەژار ئەحمەد: موزیكی فۆلكلۆری كوردی كەلەپورێكی نەتەوەیی و ئەدەبی نایاب و ئاوازی میللی گەلی كوردە

دیمانە- هێمن خەلیل

مامۆستا هەژار ئەحمەد ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی ( بەكارهێنانی گۆرانی ئەڤینداری لە موزیكدانانی كوردی هاوچەخدا ناوەندی پارێزگای هەولێر بە نموونە). ئێستا مامۆستایە لە بەشی موزیكی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی سەلاحەدین، قوتابی دكتۆرایە، سەبارەت بە ماستەرنامەكەی دیدارێكمان لەگەڵیدا كرد .

لەسەرەتا لە مامۆستا (هەژار)مان پرسی مەبەست لە گۆرانی و موزیكی فۆلكلۆر چییە ؟ لە وەڵامدا گوتی :”سەبارەت بە پرسیارەکەتان بۆ شیکردنەوەی موزیک و گۆرانی فۆلکلۆری و میللی زۆر بیرو ڕای جیاواز لەم بارەیەوە هەیە، بەلام ئەوەی لای من یەکلایی بۆتەوە لەم بارەیەوە شیکردنەوەی ئەم چەمکانە وەک ئەمەی خوارەوەیە.
گۆرانی و موزیکی فۆلکلۆرهونەرێکی خاوەن نادیارن کە سەرچاوەکانیان لە نێو چین و توێژە و خەڵکی سادەی کۆمەڵگاکان هەلقوڵاوە و خاوەن تایبەتمەندی و شێوازێکی سادەن لە ڕووی پێکهاتەوە.
سەبارەت بە موزیكی فۆلكلۆری كوردی، كەلەپورێكی نەتەوەیی وئەدەبی نایاب و ئاوازی میللی گەلی كوردە، كە گۆرانی بەشێكی گەورەیە تیایدا. گۆرانی فۆلكلۆری ئاواز و هۆنراوەیەكی خاوەن نادیارن، كە لە نێو خەلكی سادەی دێهاته‌كاندا لە ڕۆژگاری ڕابردوو دانراون و دەماو دەم بە ئێمە گەیشتووە. هەر لە بەر ئەم هۆكارەشە كە بە مولكی گەل ناسراوە. كارەكتەری موزیك و گۆرانی فۆلكلۆری بەوە دەناسرێتەوە، كە لە لایەنی پێكهاتەوە ئاوازی سادەن و ئاسانن بۆ جێبەجێكردن و بەرهەمی بیرێكی سادەیە بێ لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن لە كاتی ژیان و كاری ڕۆژانەی خەڵكی بە ڕیتم و مەقامی جیاواز دایانناون. هیچ جۆرە گۆرانكارییەكی میلۆدی، ڕیتم، هارمۆنی و پەیژەی موزیكیان تێدا بەدی ناكرێت. بەم شێوازەش دەوترێت ( (Monotone.
ئەم گۆرانییانە دەگرێتەوە كە خاوەنی وشە و ئاوازەكانیان ناناسرێت، لە كۆندا وتراون، دەماودەم بۆمان ماوەتەوە. ڕەنگە بەشێك لە وشەكانیان دەقاو دەق وەكوو خۆی بۆ ئێمه‌ نەمابێتەوە، دەشێت زۆر جار ئەو كەسانەی كە فۆلكلۆرەكەیان لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە گواستۆتەوە، بە پێی ویست و ئارەزووی خۆیان گۆڕانكاریان به‌ سه‌ر وشه‌كانیاندا هێنابێت. بە گشتی موزیككاران و گۆرانیبێژان دەربارەی ناوەرۆكی ئەم گۆرانییە فۆلكلۆرییانە ڕای جیاوازیان هەیە، هەندێكیان بەو بەرهەمە هونەرییانە پێناسەی دەكەن، كە بە شێوەیەكی فراوان لە كۆمەڵگادا بڵاو بوونەتەوە و ناتوانرێت كات و سەرچاوەكەی دەستنیشان بكرێت، بەڵام هەندێكی دیكەیان لە پێناسەكردنی موزیك و گۆرانی فۆلكلۆردا دەڵێن:” ئەو ئاوازانەن كە خەڵك چێژی لێ وەردەگرن، وشەكانی زۆر بە خێرایی لەبەر دەكرێت و مەرج نییە خاوەنەكەی كەسێكی بە ناوبانگ بێت. هەندێكی دیكە گۆرانی فۆلكلۆری بە دیاردەیەكی جێگیر لە ناو زانستی موزیكدا پێناسە دەكەن، وەك یەكێك لە پێكهاتە سەرەكییەكانی موزیكی فۆلكلۆری وەسفی دەكەن. كە هەموو لایەنەكانی وەك موزیكی گۆرانی و موزیكی ئامێری و ئامێرە موزیكییە فۆلكلۆرییەكان و شە و تایبەتمەندیەكانیان دەگرێتەوە. بۆیه‌ ڕێبازی موزیكی فۆلكلۆری، وەكوو بەڵگەیەكی ڕاست و زیندوو وایە، كە هەموو لایەنەكانی وەك مێژوو، سرووشتی ڕووداوەكان، هەواڵەكانی گۆمەڵگای پێ دیاریدەكرێت. هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌م هۆكاره‌شه‌ گەلێك توێژەر و موزیك دانەر گرنگییان بە موزیكی فۆلكلۆر داوە، پێكهاتەكانیان كۆكردۆتەوە و تۆماریان كردون. گۆرانی فۆلكلۆری وەك نمونەی وەفا و ڕاستگۆیی لە ناو مەیدانی گۆرانیدا دەردەكەون، بۆیە زۆر جار بە گۆرانی فۆلكلۆری ڕاستەقینە (Folk Song Real) ناودەبردرێن، كە لە ناو خەڵكی سادە و چینی جووتیار سەرهەڵدەدەن”. لەم بارەیەوە بیلا بارتۆ (Bela Bartok) دەڵێ:” ئەو گۆرانییانەن كە لە ناو زۆربەی خەڵكی بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێننەوە، بە ڕێبازێكی كۆمەلایەتی و هونەری دادەنرێن، جیاوازی كەلتووری خەڵكی دێهاتەكان و شارمان بۆ دەردەخات.”
سەبارەت بە پێناسەی مۆتیڤ و جوڵە لە موزیكدا مامۆستا هەژار ئاماژەی دا :”مۆتیڤ لە وشەی مۆتیۆسی لاتینییەوە وەرگیراوە کە بە واتای بیرۆکەی سەرەکی دێت واتە ئەو بیرۆکە سەرەکییەی کە پێکهاتەی تەواوی کارێکی موزیکی پوختی لەسەر بنیاد دەنرێت.”
لە پرسیارێكی تر لەو مامۆستایەمان پرسی بۆ پێشخستنی موزیك و گۆرانی كوردی چی بكرێت ؟ لە وەڵامدا گوتی :”بەرای من ئەم باسە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە دەبێت سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ بنەمای موزیکی گۆرانی کوردی ڕەسەنی خۆمان کە بەداخەوە نەوەی نوێ بە تەواوی لێ دابڕاوە. بۆیە ئەرکی ئێمە لە دەزگا ئەکادیمییەکانی موزیک ئەوەیە کە موزیک و گۆرانییەکانی خۆمان بخەینە بەر شێوازی نوێ و بەرگی زانستی و ئەکادیمی نوێیان بەبەردا بکەین و بیانگەیەنینە ئاستی ئەو موزیک و گۆرانیانەی گەلان کە وایان لە نەوەی نوێمان کردوە موزیک و گۆرانی خۆمانیان لەبەر چاو بکەوێت. بێگومان ئەم هەنگاوەش بەڕای من تەنها لە خۆبوردەیی و دلسۆزیەتی دەوێت نەک ئەوەی کە زۆر جار دەوترێت و سەرچاوەی داوایی زۆری پێویستە.”

ھەواڵی زیاتر