رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان)

خوێندنەوە: باهۆز مستەفا

 

پێشەنگی ڕەسەن و ئاوێنەی سەت ساڵەی واقیعی کوردی

کاتێک باسی مێژووی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی دەکرێت، ناوی ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) ی ئەحمەد موختار جاف (١٨٩٨ – ١٩٣٥) پێش هەموویان دێت. ئەم دەقە تەنیا سەرەتایەکی مێژوویی نییە، بەڵکو یەکێکە لەو دەقە ئەدەبییانەی، کە تائێستاش جێگەی سەرنجی ڕەخنەگرانە، ئەگەرچی لەسەر ناونانی وەک یەکەمین ڕۆمانی کوردی مشتومڕی تیۆری زۆری لەسەر کراوە، بەڵام خوێندنەوەی پێکهاتە، تەکنیک و ناوەڕۆکەکەی دەیسەلمێنێت، کە ئێمە لە بەردەم ڕۆمانێکی پێگەیشتوو، سەرکەوتووداین، دەقێک کە تەنانەت دوای تێپەڕبوونی سەت ساڵ بەسەر نووسینیدا، هێشتا لە زۆرێک لەو ڕۆمانانە زیندووتر و قووڵترە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نووسراون.

ململانێی نێوان ویژدان و بژێوی ژیان
پاڵەوانی چێرۆکەکە کە هەتیوێکی خوێندەوارە لە قەزای (هـ) بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانی لە ناوچە و شوێنی جیاوازدا کار دەکات. پرسیاری سەرەکی ئەو لە وەستاکەی سەبارەت بە غەلوغەش و ساختەکاری لە بازرگانیدا و پرسیارکردنی لە مەسەلەی ویژدان، ڕووبەڕووی وەڵامێکی سارد دەبێتەوە، کە دەڵێت: هەرچی ئاسانکاری بۆ ژیان بکات ئاساییە! ئەمە سەرەتای داڕمانی بەها ئەخلاقییەکانە لە پێناو مانەوەدا. دواتر کاتێک کارەکتەرەکە (زۆراب ئەفەندی) دەبێتە عەریزەنووس و پاشان سەرۆکی قەزا (ڕەئیس)، خۆیشی دەکەوێتە داوی لە خۆبایبوون و بەرتیلخۆری و بێویژدانییەوە، چونکە دەبینێت لەو کۆمەڵگەیەدا سەرکەوتن بۆ کەسی فێڵباز و زاڵمە.

ناسنامەی ڕۆمانەکە
دیاریکردنی جۆری ڕۆمانەکە، لە ڕووی پۆلێنکردنی ئەدەبییەوە، رۆمانی (مەسەلەی ویژدان) پۆلێن دەکرێت لەژێر خانەی ڕۆمانی ڕیالیزمی، یان کۆمەڵایەتی.
ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بێ پەردە، واقیعی تاڵی کۆمەڵگەی کوردی، سیستەمی دەرەبەگایەتی (فیوداڵی)، گەندەڵی دامودەزگاکانی دەوڵەت و دواکەوتوویی فیکری و ئایینی دەخاتە ڕوو. نووسەر لە ڕێگەی کارەکتەری سەرەکییەوە (کە گەشتێکی نەهامەتی لە هەژارییەوە بۆ دەسەڵاتداری تاقی دەکاتەوە) وێنای چەمکی ویژدان دەکات، کاتێک لە تاقیکردنەوەی بەرژەوەندیی تایبەت و پارەدا شکست دەهێنێت.
لە ڕووی مێژووی ئەدەبەوە، هەمیشە کێبڕکێ لە نێوان (مەسەلەی ویژدان)ی ئەحمەد موختار جاف و( لە خەوما)ی جەمیل سائیب هەیە بۆ وەرگرتنی نازناوی یەکەمین ڕۆمانی کوردی. بەشێک لە ڕەخنەگران بەهۆی درێژییەکەی، یان شێوازی چاپکردنییەوە دوودڵ بوون لە پێدانی ئەم نازناوە، بەڵام بە پێوەرە مۆدێرنەکانی خوێندنەوە، ئەم دەقە بە تەواوی ئەرک و ناسنامەی ڕۆمان لە خۆ دەگرێت.
فەزای گێڕانەوەی فراوان، ڕۆمانەکە تەنیا باس لە کێشەیەکی تاکەکەسی ناکات، بەڵکو گەشتێکی جوگرافی و کۆمەڵایەتییە لە شوێنی جیا جیادا، لە بازاڕەوە بۆ دادگا و ناوەندەکانی دەسەڵات. تەوەری سەرەکی و هێڵە فیکرییەکانی ڕۆمانەکە
بەرجەستەکردنی دەقەکە و ئەو کورتەیەی لە ناوەڕۆکەکەی دەخرێتە ڕوو، چەندین تەوەری گرنگ و برینی قووڵی ناو کۆمەڵگە ئاشکرا دەکات.
گەشەکردنی کارەکتەر، پاڵەوانەکە مرۆڤێکی جێگیر نییە، ئەو لە منداڵێکی هەتیوی پاک و ڕاستگۆوە، دەگۆڕێت بۆ عەریزەنووسێکی فێڵباز و پاشان بۆ حاکمێکی ستەمکار (زۆراب ئەفەندی). ئەم داڕمانە دەروونی و ئەخلاقییە، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر تەکنیکی بەرزی ڕۆماننووسین.
بۆچی (مەسەلەی ویژدان) لە زۆر ڕۆمانی ئێستا باشترە؟
کاتێک بەراوردێکی بابەتیانە لە نێوان ئەم دەقە و بەشێکی زۆر لە ڕۆمانەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا دەکەین، کە سەد ساڵ دوای ئەم دەقە نووسراون چەند خاڵێکی جەوهەری دەردەکەون، کە باڵادەستیی ئەم ڕۆمانە دەسەلمێنن
ڕەسەنایەتی و دوورکەوتنەوە لە لاساییکردنەوە، زۆرێک لە ڕۆمانەکانی ئێستا نەیانتوانیوە ببنە خاوەنی شێواز و تەکنیکی خۆیان، بەڵکو تووشی نەخۆشیی لاساییکردنەوەی تەکنیکی ڕۆژئاوایی، یان گێڕانەوەی ئاڵۆزی بێمانا بوونەتەوە، کە خوێنەری کورد ناتوانێت خۆی تێدا ببێنێتەوە، لە بەرامبەردا، ئەحمەد موختار جاف سەت ساڵ پێش ئێستا، بەبێ مەکیاژی ئەدەبی و ڕازاندنەوەی بە وشەی زیاد و رستەی بەتاڵ، ڕاستەوخۆ دەستی خستووەتە سەر جەوهەری کێشەکانی مرۆڤی کورد، گەندەڵی ئیداری، چەوسانەوەی ژنان، بازرگانیکردن بە ئایین، ململانێی هەمیشەیی نێوان بژێوی ژیان و سەربەرزیی ویژدان.
نەبوونی عەقڵانییەت و دژایەتیکردنی زانست
نووسەر لە ڕێگەی دیالۆگی ژنی وەستاکەیەوە، تیشک دەخاتە سەر دژایەتیکردنی توندوتیژیانەی زانست و پزیشکی مۆدێرن. شۆردنی حەوشە، دەرزی لێدان و نەخۆشی (ڕۆماتیزم) وەک قسەی کافرانەی دکتۆرە مەکتەبلییەکان سەیر دەکرێت، لە بەرانبەردا پەنا دەبرێتە بەر خورافات. ئەمە نیشانەی باڵادەستیی جەهل و نەزانییە لەو سەردەمەدا.

بازرگانیکردن بە ئایینەوە
ئەحمەد موختار جاف ڕەخنەیەکی تیژ و ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی پیاوانی ئایینی و بازرگانە مشەخۆرەکان دەکات. کارەکتەری بازرگانێک، کە بەردەوام قورئان و حەدیس دەخوێنێتەوە، بەڵام لە کێشانی شتومەکدا فێڵ دەکات و منداڵەکانی نانێرێتە قوتابخانە بە بیانووی ئەوەی بۆچی کافریان بکەم، نموونەی ئەو دووڕووییە ئایینییە، هەروەها دیمەنی مەلا کۆنەپارێزەکە، کە لێدان و تەکفیرکردنی پاڵەوانەکە حەڵاڵ دەکات، تەنیا لەبەر ئەوەی داوای کردووە ئایەتە عەرەبییەکەی پیاوە پیرەکە بۆی دەگریت ماناکەی بە کوردی لێکبدرەتەوە، لوتکەی بەکارهێنانی ئایین پیشان دەدات بۆ هێشتنەوەی خەڵک لە ناو تاریکی و نەزانیندا.
پیاوسالاری و ستەم لە ژنان وەک سیستەمی ژن بە ژنی، یان ژن لە جیاتی خوێنباین. ڕۆمانەکە ئاماژە بە دیاردەیەکی دڕندانەی کۆمەڵایەتی دەکات، کە سوڵحی عەشایەرییە لە ڕێگەی پێدانی کچان وەک خوێنباین، کچ دان لەبەرانبەر کوشتن و خوێنڕشتن. هاواری کچە بێتاوانەکان کە دەڵێن: ئێمە کەسمان نەکوشتووە.. بۆچی بکەوینە عەزابەوە؟ بەرزترین دەنگی ڕەخنەیی نووسەرە دژ بەو نەریتە عەشایەرییانەی، کە مرۆڤبوونی ژن دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

زمانی پارسەنگ
ڕۆمانەکە دوورە لە درێژدادڕی و وەسفی بێزارکەر، کە ئێستا لە زۆر دەقدا دەبینرێت بۆ زیادکردنی لاپەڕەکان. هەر دیمەنێک، لە پەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی قەرزاریی لای بازرگانەکە، تا عەرەق خواردنەوەی کۆمەڵێک گەنج لە دەرەوەی شار و لە کاتی دانیشتندا گتوگۆی دەیان بابەتی جددی و شارستانی دکەن، پاشان شەڕی قورسیان دوای سەرخۆش بوونیان، کە ڕۆژی دواتر خۆیان لە دادگا دەبینەوە، وێنەیەکی سیمبۆلیی قووڵ بەدەستەوە دەدەن، کە پێویستی بە سەدان لاپەڕە وەسفکردن نییە.
گرنگی ئەم ڕۆمانە لەوەدایە، کە کاتێ دەیخوێنیتەوە، هەست ناکەیت دەقێکی مێژوویی کۆنە، بەڵکو وەک ئەوە وایە بۆ واقیعی ئەمڕۆی ئێمە نووسرابێت. وەک کێشەی ئەو گەنجە خوێندەوارەی، کە ناچار دەبێت بۆ پۆست و پارە دەست و دەمی لێپرسراوان ماچ بکات، مەدحیان بکات، یان کێشەی ئەو بەرپرسەی، کە منداڵانی شار بە خودای دەزانن، چونکە یاسا ناتوانێت لێی بپرسینەوەی لەگەڵ بکات، تەواو هاوتایە لەگەڵ واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستامان. لەوێوە نیشانی دەدات چۆن سیستەمی سیاسی و عەشایەری و ئیداریی گەندەڵ، دەتوانێت مرۆڤێکی خوێندەوار و خاوەن پرەنسیپ بگۆڕێت بۆ جەلادێکی وەک (زۆراب ئەفەندی) کە منداڵانی شارەکە لێی بتۆقن تەنیا لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. ئەم ڕۆمانە وەک شاکارێکی ڕیالیزمی ڕەخنەیی، تا ئێستا بە زیندوویی ماوەتەوە، چونکە دەست دەخاتە سەر ئەو برینە هەمیشەییانەی، کە پەیوەستن بە دەسەڵات، پارە، لەدەستدانی ویژدانی مرۆیی.

فەلسەفەی دەروێش: گەڕانەوە بۆ سروشت.
لە بەرامبەر گەندەڵی و ستەمی زۆراب ئەفەندیدا، کارەکتەری دەروێش دێتە پێشەوە، دەروێش ڕەتیدەکاتەوە بچێتە ماڵی ڕەئیسی قەزا، چونکە دەزانێت ئەو نان و خانوو و فەرشە بە زوڵم و لێدانی باج لە خەڵکی هەژار پەیدا کراوە. دەروێش ئاسوودەیی ویژدان لە ناو سروشت و لەسەر زەوی و گیادا دەبینێتەوە، نەک لە ناو کۆشکێکدا کە دیواری ژوورەکانی ویژدانی مرۆڤ دەشێوێنن.
ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) تەنیا سەرەتایەکی مێژوویی نییە بۆ ڕەواندنەوەی تینوێتی ئەدەبی کوردی، بەڵکو دەقێکی سەرکەوتوو و پێشەنگە، کە پێوەرەکانی ڕۆمانی واقیعی تێپەڕاندووە، ئەحمەد موختار جاف توانیویەتی ئەخلاق و فیکر وا بنووسێتەوە، کە دوای سەت ساڵیش، هێشتا وەک وانەیەکی گەورەی ئەدەبی بۆ خوێنەرانی ئێستا بمێنێتەوە. ئەم دەقە دەسەلمێنێت کە سەرکەوتنی ڕۆمان بە تێپەڕبوونی کات و هاوچەرخیی بابەتەکانی دەپێورێت، نەک بە مێژووی نووسینەکەی.

سەرچاوە
رۆمانی مەسەلەی ویژدان
ئەحمەد موختار جاف
د. ئیحسان فواد پێشەکی بۆ نووسیوە لە ساڵی ١٩٦٩ بەغدا بڵاوبۆتەوە