بەیان زەریفی: تاڕادەیەكی باش لە كاری هونەریی گرنگی بە ژنان دراوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

خانمە هونەرمەند بەیان زەریفی دەڵێت، لە كاری هونەریدا تاڕادەیەكی باش گرنگی بە ژنان دراوە، هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات كە هونەرمەند هەستی ناسكە و ئەگەر زوڵمیشی لێبكرێت كاریگەری لەسەر دروست دەكات.

خانمە هونەرمەنگ بەیان زەریفی، لەم مانگی رەمەزانەدا بەشداری لە نوێترین كاری هونەریدا كردووە بەناوی (ئەدیابین) كە باسی مێژووی شاری هەولێر دەكات و هونەرمەند حسێن عەلی، كاری دەرهێنانی بۆ كردووە.
بەیان زەریفی لەم دیمانەیەی (هەولێر) باسی دراماكە و كاری هونەری و دایكی كۆچكردووی دەكات.
هەولێر: بەشداریت لە درامای (ئەدیابین) كردووە، چۆن بوو بەشداریت كرد؟
بەیان زەریفی: لەڕێگەی هونەرمەندی هاوڕێم خەرمان هیرانی وەك ژنێكی سلێمانی لە دراماكەدا بەشداربووم كە باسێكی مێژووییە لەسەر شاری هەولێر.
هەولێر: هونەرمەند فرمێسك دەڵێت “هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە، هونەرمەند رەنجەرۆیە، ژینی تاڵە”، ئەو كۆپلە گۆرانییە تا چەند راستە؟
بەیان زەریفی: بەلێ راستە، مرۆڤ بەدەركەوتن نییە، چونكە هەموو كەسێك ئازارێك لەناخیدایە، هونەرمەند بۆیە رەنجەرۆیە و ئازار دەچێژێت، لەبەرئەوەی هەستی ناسكە و ئەگەر زوڵمیشی لێبكرێت كاریگەری لەسەر دروست دەكات.
هەولێر: لەناو كاری هونەریدا تا چەندێك گرنگی بە ژنان دراوە؟
بەیان زەریفی: تاڕادەیەكی باش گرنگی بە ژنان دراوە، دەستخۆشییان لێدەكەم، بەلام هەندێجاریش ئەگەر زیاتر ورد بینەوە بۆ نموونە رەنگە كارێكی هونەریی پێویستی بە دوو ژنی دیكە بێت یان پێویستی بە یەك ژنە، بەڵام ئەوەش كەوتۆتەوە سەر دەرهێنەر و سیناریۆكە.
هەولێر: وەك دەزانین دایكت كۆچی دوایی كردووە، بێگومان دایک بۆ هەموو مرۆڤێک كاریگەری زۆری لەسەر گەورەبوونی هەیە، پێناسەی تۆ بۆ دایک چییە؟
بەیان زەریفی: زۆر بیری دایكم دەكەم و هەموو كاتێك پێویستیم پێیەتی، چونكە كچی بچووك بووم، دایكم نازی باوكم و جوانەمەرگی برا گەورەكەمی بۆ پڕكردبووینەوە، چونكە سەرەڕای خەمی گەورەی لەدەستدانی براكەم و باوكم، بەڵام هەر توانی ئێمە پەروەردە بكات، ئێستا دەڵێم سوپاس بۆ خودا دایكم ژنێكی بەهێز بوو ئێمەی پەروەردە كرد و منی گەیاندە ئێستا، بۆیە سوپاسی خوا و پاشان دایكم دەكەم و دواتر توانا و لێهاتوویی خۆم كە گەیشتمە ئەم قۆناغە.

ھەواڵی زیاتر